ژێرباڵی یه‌کتر بگرین
مه‌رزه جه‌وانمه‌رد
رێگای گه‌یشتن به کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی که تێیدا ئاشتی، ئازادی و یه‌کسانی سه‌قامگیربێ، به بێ به‌رپرسیارێتی تاک و کۆ و هه‌نگاوی دڵنیا، چه‌توونه به منزڵ بگا. جووڵانه‌وه‌ی ڕه‌سه‌ن له نێو خه‌ڵکدا ده‌ستپێده‌کا و سه‌رکه‌وتینیش هه‌ر بۆ ئه‌م خه‌ڵکه.
دوای یه‌که‌م هه‌نگاوه مێژووییه‌که‌ی ژنانی کورد له باکوری کوردستان و هه‌روه‌ها بۆ یه‌که‌مجار کۆبوونه‌وه‌ی ژنانی کوردستانی گه‌وره له ده‌وری یه‌ک و له شوێنێکدا، ئێستاکه چاوه‌ڕوانی دووهه‌مین "کونفرانسی ژنانی کورد" ده‌کرێ که بڕیار وایه له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2011 ئه‌مجاره‌یان له باشوری کوردستان به‌ڕێوه‌بچێ.
ژنانی کورد له 24 و 25 نیسانی 2010 به کارزانی خۆیان و به پشتیوانی پیاوانی کورد جڵه‌وی که‌ژاوه‌ی یه‌کگرتنه‌وه و وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وییان به‌ده‌سته‌وه گرت. له ده‌رئه‌نجامی ئه‌م کونفرانسه ده‌رکه‌وت که ڕۆژی ئه‌وه‌ی هاتووه ژنانی کورد به یه‌کگرتوویی و به ناسنامه‌ی خۆیان سه‌ر له نێو سه‌رانی ژنانی جیهان ده‌ربهێنن. ئه‌م کونفرانسه ده‌یهه‌وێ به هه‌موو لایه‌نێکی خودی و ناخودی بسه‌لمێنێ که ئیدی هیچی دیکه ژنی کورد نابێ به ناوی ژنانی داگیرکه‌ری نیشتیمان واتا ژنی تورک، فارس و عه‌ره‌ب خۆی بناسێنێ و له په‌راوێزی ئه‌واندا نووزه‌ی بێ.
ئه‌م گرینگه واتا ئه‌م کونفرانسانه له کاتێکدا ده‌خوڵقێ که نه‌یاران و داگیرکه‌رانی گه‌له‌که‌مان به‌تووندی کلکیان له کلکی یه‌کتر هاڵاندووه بۆ له‌نێوبردنمان. ئه‌م هه‌نگاوه گه‌وره‌یه نه ته‌نیا له باری بارۆدۆخی نه‌ته‌وه‌که‌مان زۆر پێویست و به‌جێیه، به‌ڵکوو له ئاست بارۆدۆخی جیهانی و ناوچه‌ییش زۆر له‌باره. ئێستاکه ژماره‌یه‌کی زۆر له ئاکتۆره‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی به ئۆرگانیزاسێونی حوکمی و ناحوکمی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا بوونیان هه‌یه و، چالاکانه بۆ ئاشتی و دێموکراسی کار ده‌که‌ن. ئه‌م ڕێکخراوانه به گشتی و بێ ئه‌ملاوئه‌ولا هه‌موو پرسی ژن و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له ڕۆژه‌ڤی به‌رنامه‌کانیاندا‌یه. به‌خته‌وه‌رانه ئه‌م ڕێکخراوانه له باشوری کوردستان و تا ڕاده‌یه‌ک له باکوری کوردستان چالاکن، بۆوێنه:
HIVOS, Mama Cash, WHO, Open Society Institute, USAID, UNDP, UNHCR, UNIFEM, UNICEF, UNOPS, NDI, Kvinna till Kvinna, Women to Women, EPLO, Norwegian Church Aid, Norwegian People’s Aid, .
بوونی ئه‌م ڕێکخراوانه له‌م دوو به‌شه‌ی کوردستان نابێ به‌که‌م دابنێن و، به بیرێکی نه‌ته‌وه‌یی بۆ پێگه‌یاندنی خۆمان داوای هاوکاری و یارمه‌تی مادی و مه‌عنه‌ویان لێبکه‌ێن. له خه‌باتی مه‌ده‌نیدا ده‌ست و باڵ ئاوه‌له‌تره تاکوو خه‌باتی سیاسی، خه‌باتی مه‌ده‌نی به خه‌باتی نه‌رموونیان و پڕ به‌رهه‌م ناو ده‌بردرێ. ئه‌رگه‌ر ئێمه‌ش ژنانی کورد به لێوه‌شاوانه تێیدا هه‌ڵسووڕێن و، بیری یه‌ک پارچه‌گی نه‌ته‌وه‌یی هاوته‌ریبی چالاکی مه‌ده‌نی بکه‌ین، به دڵنیاییه‌وه ده‌سکه‌وتی باش و هه‌مه‌لایه‌نه وه‌دی ده‌هێنن.
ده‌بێ بکوترێ به‌گشتی ئه‌و ڕێكخراوه نێونه‌ته‌وییانه له‌سه‌ر خاڵێکی زۆر گرینگ سوورن و کاری بۆ ده‌که‌ن، ئه‌ویش یارمه‌تیکردنی ژنان له هه‌مووی جیهان، بێ له‌به‌رچاوگرتنی سنووری وڵاته‌کان. هه‌ر وه‌ک ده‌بینین ژنانی باشوور له باری گوشاری نه‌ته‌وه‌یی و دێموکراسی و تاکوو ڕاده‌یه‌ک که‌م یان زۆر ژنانی باکوور، له باری دێموکراسی دۆخێکی باشتریان له ژنانی ڕۆژهه‌ڵات و باکووری بچووکدا هه‌یه. لیره‌دایه که ئێمه ژنانی کورد ده‌بێ که‌ڵکی ژیرانه و ته‌واوی خۆمان له‌م خاڵه واتا - یارمه‌تیکردنی ژنان له هه‌مووی جیهان، بێ له‌به‌رچاوگرتنی سنووری وڵاته‌کان - وه‌ربگرین و له ده‌ره‌وه‌ی سنووره ده‌ستکرده‌کانی دووژمن به هانای ژنانی ڕۆژهه‌ڵات و باکووری بچوکمان بڕوێن و ژێر باڵی دایک و خۆشکه‌کانمان له‌م دیو و ئه‌و دیو بگرین. ژنانی باشور و باکور، ژنانی ڕۆژهه‌ڵات و باکووری بچووک له بیرنکه‌ن و له ئاستێکی به‌رفراونتر و کارانه‌تر شه‌ریکی ئیمکان و ئه‌زموونه‌کانی خۆیانیان بکه‌ن و به‌یه‌که‌وه گه‌شه بکه‌ن. وه‌رن با ببین به خوشکی یه‌کتر و خه‌باتمان به‌یه‌که‌وه به‌رده‌وام بکه‌ین. ئه‌م سنووره ده‌ستکردانه بروخێنین، ڕووح و جه‌سته‌مان لێک نزیک بکه‌ینه‌وه و کۆتایی به ئازاره‌کانمان بهێنین.
نه‌وال سه‌عداوی فێمینیستی به‌ناوبانگی میسری له وتار و وتوێژه‌کانیدا به ژنه عه‌ره‌ب ناوی خۆی ده‌با – ناوی ده‌بردرێ- نه‌ک میسری. ئه‌و زمانی ته‌واوی ژنانی عه‌ره‌به، هه‌روه‌ک چۆن ژنانی عه‌ربی ئوردۆنی، سووری، فه‌له‌ستینی... به‌خۆیان ده‌ڵێن عه‌ره‌ب!
ئێمه ژنانی چوار پارچه که خاک، زمان، مێژوو، ده‌رد و ئازار و گرفت و تاوانه‌کانمان یه‌که، بێگومان پێویستی و ئاواتیشمان هه‌رده‌بێ یه‌ک بێ. با ئێمه‌ش بین یه‌ک پارچه بیربکه‌ینه‌وه و هه‌ست بکه‌ین و هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ین. ژنان له باکور به ورد و درشت و پیر و جوانه‌وه له خه‌بات دان، با ئێمه‌ش له ڕۆژهه‌ڵات و باکووری بچووک وه‌ڵامیان به‌دێنه‌وه و ژنانی باشوور ده‌نگمان به‌خه‌نه سه‌ر به‌رزه‌وێژ و به‌هێزمان بکه‌ن. با به‌یه‌که‌وه گه‌شه بکه‌ین. زیندووکردنه‌وه‌ی بیناکه له ڕۆژه‌فدایه و هه‌ر چوار کۆله‌که‌ی پێویسته.
له‌کۆتاییدا سه‌ڵاو و سپاسی بێ پایانی من بۆ ژنانی کورد، به‌ڕێوه‌به‌ران و ئاماده‌کارانی "کونفرانسی نه‌ته‌وه‌یی ژنانی کورد".
مه‌رزه جه‌وانمه‌رد
2010-10-12

|