
ئەگەر "کوردستان به‌شێک له ئێران" ـە، بۆچی "ده‌وڵه‌تی ئێران داگیرکاره له کوردستان" ؟
پاش ڕووخاندنی کۆماری کوردستان، خه‌تی سیاسی و ئیستراتێژی جوڵانەوەی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورد به‌رده‌وام رێگای ڕووه و دواوه پێواوه، سه‌ره‌ڕای ڕووخاندنی حکومەتی پاشایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی له ساڵی ١٣٥٧ی هه‌تاویدا، و پێکهاتنی ده‌رفه‌تێکی له‌بار بۆ جوڵانه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و هاتنه‌وه مه‌یدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەکو حیزبێکی کۆن و به ئه‌زموون، و هەروەها هاتنه مه‌یدانی کۆمه‌ڵه وەکو حیزبێکی نوێ له گۆره‌پانی کوردستاندا، سەرەڕای جێگه و پێگه‌ی باشی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌حزابی کورد و پۆتانسیالێکی به هێز، به‌ڵام جوڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کوردی رۆژهه‌ڵات له خانه‌ی واقعی خۆی نه‌خرایه‌وه، و خاوه‌نداریه‌تی بیری نه‌ته‌وه‌یی له کوردستان له ئاستێکی لاوازدا خۆی ده‌ربڕی، هه‌ر بۆیه ئه‌حزابی به‌شدار و جوڵانه‌وه‌که‌یش پاش چه‌نده دەهه له گه‌ڵ قه‌یرانێکی سیاسی و فیکری و رێکخراوه‌یدا ڕووبەڕوو بووه‌وه.
بێ‌شک ئاکامه‌کانی ته‌واوبوونی شه‌ڕی دووهەمی عاله‌می و له‌ناوچوونی کۆماری کوردستان و ده‌ستپێکی شەڕی سارد لە نێوان رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات و به‌رده‌وامی ئه‌م کێشه‌یه به ماوه‌ی زیاتر له‌چوار دەهه کاریگه‌ری و کاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر چوونیه‌تی سیاسه‌ت و خه‌تی سیاسی ئه‌حزاب رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به گشتی و ئه‌حزابی کورد به تایبه‌تی گێراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که جێگه‌ی سه‌ره‌نجه ئه‌وه‌یه که پاش ته‌واوبوونی شەڕی سارد و ڕووخاندنی دیواری بەرلین و لاوازبوونی ده‌سه‌ڵاتی ته‌ک حیزبی و ڕووخاندنی عه‌قڵیه‌تی چه‌پی سۆننه‌تی و سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌ی بیری سه‌ربه‌خۆیی له به‌شێک وه‌ڵاتانی جیهان و له نێۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستاندا، رابه‌ری ئه‌حزابی کوردی له رۆژهه‌لاتی کوردستان هه‌نگاوی بنه‌ره‌تییان له خۆنۆێنکردنه‌وه خۆیاندا نه‌نا، ئه‌مه یه‌کێک له‌و فاکته‌رانه‌یه که ده‌وری سه‌ره‌کی گێرا له قه‌یرانی فیکری و سیاسی و رێکخراوه‌یی ئه‌حزابی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، که ئاکامێکی پارچه پارچه بوونی حیزبه‌کانی لێکه‌وته‌وه. ئه‌م قه‌یرانه بۆشایه‌کی مه‌زنی له جـوڵانه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دروست کرد.
بێ‌شک هاتنه مه‌یدانی پارتی کرێکارانی کوردستان وەکو حیزبێکی کوردستانی له ژێر سێبه‌ری توانایه‌کی ماڵیی باش‌دا به دامه‌رزاندنی کەناڵی ئاسمانی مێد تێ.فی له دووهه‌زاره‌کاندا، بیری نه‌ته‌وه‌یی له هه‌موو پارچه‌کاندا به تایبه‌ت باکوور و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوژاندنه‌وه‌یه‌کی مه‌زنی به‌خۆوه بینی، که ناکرێت وەکو فاکته‌رێکی گرینگ له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و گه‌شه‌ی بیری سه‌ربه‌خۆخوازی له به‌رچاو نەگیرێت.
هێرشی ئێراق بۆ سه‌ر کوێت له نـه‌وه‌ده‌کاندا، و ده‌رکردن و شکستپێهێنانی له رێگای سپای ئامریکا و وه‌ڵاتانی رۆژئاواوه و راپه‌رینی خه‌ڵکی باشووری کوردستان هه‌ر له‌و رۆژانه‌دا دژی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند و ڕووخاندنی دام و ده‌زگای داگیرکاری بەعثی سه‌ددام حوسەین، هـه‌لومه‌رجێک ره‌خسا که باشووری کوردستان توانی به هێز و بە خۆڕاگریی خەڵک و بە یارمەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سه‌رجه‌م حیزبه هاوپەیمانه کوردیه‌کانی باشوور له‌ژێر چه‌نگی حکومه‌تی ناوه‌ند ئازاد بکرێت. پاشان به پشتیوانی ئامریکا و ئینگیلز ئاسمانی کوردستان له هێرشی په‌لاماری هێزی داگیرکاری سه‌ددام تا کاتی ڕووخاندنی حکومەتی ناوه‌ند هه‌ر له رێگای ئامریکا و هاوپیمانانیه‌وه تا ساڵی ٢٠٠٣ و به ڕووخاندنی حکومەتی ناوه‌ند ته‌واو کرا.
به ئازاد بوونی باشووری کوردستان سەرەڕای هه‌موو زه‌خت و زۆری کۆماری ئیسلامی به‌سه‌ر حکومەتی هه‌رێم و کوشتن و تێرۆری خه‌باتکارانی رۆژهه‌ڵات له شاره‌کانی باشوور و ته‌نانه‌ت دەوروبه‌ری ئوردوگاه و مەقره‌کانی ئه‌حزابی ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی نیشته‌جێ له باشوور له لایه‌ن دام و ده‌زگاکانی سیخۆری ئێرانه‌وه، به‌ڵام نه‌یتوانی به‌ر به گه‌شه و به‌ڵێسه‌ی بیری سه‌ربه‌خۆیی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بگرێت. ئازادکرانی باشووری کوردستان و پێکهاتنی حکومەتی هه‌رێم یه‌کێکی‌تر له فاکته‌رە هه‌ر گرنگه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و گه‌شه‌ی بیری سه‌ربه‌خۆخوازی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێک هێنا.
هه‌ر وەکو ده‌بینین فاکته‌ره‌کانی گه‌شه و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی بیری ئازادی و سه‌ربه‌ستی له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان کاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی بووه، و هه‌ر ئه‌مه‌یش که‌ژوهه‌وایه‌کی له‌بار بوو بۆ دامه‌رزاندان و پێکهێنانی پارت و رێکخراوه‌ی سیاسی سه‌ربه‌خۆخواز له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، هه‌ر وەکو ئه‌مرۆ ده‌بینین که چه‌ندین پارت و رێکخراوه‌ی چه‌پ و لیبراڵ و دیموکراتی سه‌ربه‌خۆخواز سەرەڕای هێزو پۆتانسیل و توانای ماڵیان، له گۆره‌پانی جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌که‌یاندا، به پێشخستن و فۆرموله‌کردنی بیری سه‌ربه‌خۆخوازی و گه‌یاندنی ده‌نگی سه‌ربه‌خۆیی خه‌ڵکی کوردستان به جیهان، توانییان ببن به جێگه‌ی هیوا و هۆمێدی به‌شێکی به‌رچاو له هێزی هوشیار و خه‌باتکاری سه‌ربه‌خۆخوازیی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
ئه‌م پارت و رێکخراوانه له‌سه‌ر ئاستی کێشه‌کانی کورد له ئێراق، تورکیه، ئێران و سوریه به گشتیی و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به تایبه‌تی له ڕووانگه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆخوازانه‌وه هه‌ڵوێستی سیاسی خه‌ڵکی کوردستان وەکو گه‌لێکی بنده‌ست نۆێنه‌رایه‌تی ده‌که‌ن. پرنسیپی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانه له‌سه‌ر ئێمه حوکم ده‌کات که مافی دامه‌رزاندنی ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر ئه‌ساسی ڕیفراندۆم له هیچ شۆێنێکدا سات و سه‌ودای له‌سه‌ر نەکه‌ین و له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌م بناغه فیکریه خه‌تی سیاسی و تاکتیکی ئێمه به‌به‌رده‌وامی هه‌نگاو به‌ره‌و ئاسۆیه‌کی روون ده‌نێت. پێموایه به‌م شێوه‌یه که ده‌توانین و ده‌کرێت بناغه‌ی په‌روه‌ر‌ده‌کردنی جیله‌کانی داهاتووی خه‌ڵکی کوردستانی تێدا به‌دی بکرێت.
دروشمی کوردستانی داگیرکراو و هێزی داگیرکا‌ر ده‌بێت بڕوواته نێو هه‌موو ماڵێکی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه، له رێگای ئه‌مه دروشمه‌وەیە که ده‌کرێت هێزو پۆتانسیلی خه‌ڵکی کوردستان به گه‌شتی یه‌کگرتوو بکرێت و سنووری هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی تاک و کۆروکۆمه‌ڵی نێۆ کۆمه‌ڵگای کوردستان ده‌شکێنێت، کاتێک دام و ده‌زگای داگیرکا‌ر و پانئیرانیسته‌کان به چه‌پ و راسته‌وه وه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆخوازی وه‌کۆ ئیتهامێک له‌سه‌ر گه‌لی کورد داده‌نێن، ئێمه ده‌بێت به‌شانازیه‌وه وه‌ری بگرین.
کۆماری کوردستان‌مان به‌و "ئیتهامه‌وه" لێ سێداره درا، که ئه‌مرۆ خه‌ڵکی کوردستان شانازی پێوه ده‌کات، دوژمنانمان به ده‌سه‌ڵاتدار و ئۆپۆزیسیونی ده‌ره‌وه و ناوه‌وی ئێران باش ده‌زانن که ئه‌گەر خه‌ڵکی کوردستان ئه‌وان به داگیرکا‌ر پێناسه بکه‌ن هێزێکی له‌بن نه‌هاتوو له‌سه‌ر خاکی کوردستان و له ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات یه‌کگرتوو ده‌کات.
کاتێک پێمان ده‌ڵێن ئێوه "جدایی طلبید"، هەندێک هەن هەر زوو بە زوو له‌به‌ر د‌ڵی نوریزاده‌کان و خاتری زامنکردنی ئەگەری دانیشتن لەگەڵ پاسدارێک یان خۆسازکردن لەگەڵ سەوزەکانی سەر بە رژیم، دەست دەکەن بە سوێند خواردن و بە پاکانەوە هاوار دەکەن ”ئێمه ئێرانین" (ئەمە لە هه‌ست و د‌ڵی خەڵک و رۆڵه‌کانی کوردستان زۆر زۆر گرنگتره. دیارە لای هه‌موومان دەزانین بۆ وایە).
ئێمه کاتێک ده‌ڵێین هێزی داگیرکا‌ر له کوردستان بۆ ده‌ره‌وه، مانای سیاسی و فیکری جیددی به خۆیه‌وه هه‌یه، له چوارچێوه‌ی ساختاری ئه‌م فیکره‌دا ناگونجێت که به کوردستان بڵێین "کوردستانی ئێران"، و داوای "گۆڕانی قانوونی ئه‌ساسی ئێران" بکه‌ین و له تاران هه‌رچه قه‌وما داوای له خه‌ڵکی کوردستان بکه‌ین بێنه سه‌ر شه‌قام.
باس له داگیرکاری کوردستان و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، به‌و مانایە دێت که ئێمه كوردستانیین نه‌ك ئێرانیی. جیاوازیه‌كی قووڵ هه‌یه له نێوان كوردیی و كوردستانیی و ئێرانییدا. ئەوە به‌و مانایه که چونیه‌تی ساختاری سیاسیی و فكریی ئێمه وەکو تاک و رێکخراوه‌یه‌کی سیاسی ده‌سه‌لمێنێت. به‌و مانایه دێت که ئێمه پارتێكی كوردیی نیین، به‌ڵكو پارتێكی كوردستانیین.
واته له بنه‌ڕه‌تدا بڕووامان به شارۆمه‌ندیی كوردستانییه، و به ته‌نها له كوردبوونه‌وه پێ هه‌ڵناگرین، واته ئێمه كوردی ئێران نیین، و خۆمان به كوردی كوردستانیی ده‌بینین و ده‌ناسێنین. لێره‌دایه که تاک و رێکخراوه‌ی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌م یا ئه‌و بناغه‌ی فیکریە که سیاسه‌ت و سیاسه‌ته‌کانی خۆی داده‌مه‌رزێنێت.
ئێمه له‌م رووانگاوه پێمان وایه كوردستان به‌شێكی سرووشتیی نییه له‌و شته‌ی كه ئێستا پێی ده‌گوترێت ئێران. ئێمه پێمان وایه كوردستان له لایه‌ن ئێرانه‌وه داگیر كراوه. ئه‌و داگیركردنه به مێژووی سی ساڵه‌ی جمهوری ئیسلامی ئێران له سه‌ر حوكم گرێ نه‌د‌راوه و ته‌نانه‌ت به مێژووی مۆدێرنی پاش جه‌نگی جیهانی یه‌كیشه‌وه، به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شه‌ڕی چاڵدێران و له‌ناوبردنی میرنشینه‌كانی كورد.
له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌یه که ئێمه باسی کوردستانی داگیرکراو ده‌که‌ین، و پێمانوایه که کورد مافی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی کوردی لێ‌زه‌وت کراوه، ئه‌م پڕنسیپه فیکری و سیاسیه‌یه که له‌سه‌ر ئێمه حوکم ده‌کات که کوردستان به به‌شێک له ئێران نه‌زانین، به‌ڵکو پێمانوایه که کوردستان داگیرکراوه، و سپاه و داموده‌زگای ده‌وڵه‌تی ئێران له سه‌ر کوردستان به داگیرکا‌ر ده‌زانین.
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بناغه فیکریه که ئێمه باسی رزگاری کوردستان و سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌ین و ڕووخاندنی حکومەتی داگیرکارانی کوردستان به ئه‌رکی خه‌ڵکی کوردستان نازانین، زۆر به‌لامانه‌وه سه‌یره که هێندێک به وه‌کاله‌تی ده‌یان هه‌زار له قوربانیان و زه‌ره‌مه‌ندانی جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی خه‌ڵکی کوردستان فه‌رشی سوور له‌به‌رپێی به‌ره‌ی سه‌و‌ز و داروده‌سته‌ی نوریزاده‌کان و پان‌ئیرانیسته‌کاندا داده‌خەن و له لایه‌کی تریشه‌وه باسی "داموده‌زگای داگیرکا‌ر" له کوردستان ده‌که‌ن! و هاوکاتیش کوردستان به کوردستانی ئێران ده‌زانن. خه‌باتی خەڵکی کوردستان شیاوی ئه‌مه شێوه له کاری سیاسی و سیاسه‌تکردنه نیه چوون بە ڕاستی هه‌ر وه‌کو ده‌یبینین زه‌ره‌رێکی گەورەی له خه‌ڵکی کوردستان داوه.
خه‌ڵکی کوردستان هه‌ر له یه‌که‌م رۆژی دامه‌رزاندنی کۆماری کوردستان له ساڵی ١٣٢٤ی هه‌تاویدا وه‌ڵامی نایان به داگیرکارانی کوردستان داوه، پاش٣٣ ساڵ به هاتنه‌وه‌ی خومینی‌ـش بۆ ئێران وه‌ڵامی نایان به کۆماری ئیسلامی داوه، ئه‌مە دۆ‌کۆمێنته مێژوویه‌کانی خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستانه، که هه‌ر له یه‌که‌م رۆژه‌وه ده‌وڵه‌تی ئێرانی به هی خۆی نه‌زانیوه. ده‌وڵه‌تێک که هی خۆت نه‌بووه قسه‌کردن له وتووێژ، ئه‌وه‌یش به دزیه‌وه، بۆ خه‌ڵکی کوردستان چ مانایه‌کی هه‌یه و ده‌بێت؟
به‌داخه‌وه پاش مێژوویه‌کی ئاوا که خوێنێکی زۆه‌ری تێ‌چووه، ئه‌مرۆ کاری سیاسی و سیاسه‌تکردنی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌م جۆره‌ی که ده‌بینرێت، گه‌یشتووه‌ته ئاستێکی وا نزم که راستگۆیی و پرنسیپی سیاسی و ئه‌خلاقی تێدا خنکاوه، وه‌ڵامدانه‌وه و به‌رپرسایه‌تی وه‌رگرتن مانایه‌کی نییه و به رۆژی روون له‌به‌ر چاو هه‌موو مێدیایی جیهانیه‌وه سووکایه‌تی به عه‌قڵ و شعوری خه‌ڵکی کوردستان ده‌کرێت، سەرەڕای ئه‌وه‌ی که ده‌زانن که خه‌ڵکی کوردستان هه‌ڵوێستی تووندیان به‌رامبه‌ر به کۆماری ئیسلامی هه‌یه.
خه‌ڵکی کوردستان چۆن ده‌توانێت متمانه به‌م جۆره له سیاسه‌تکردنه بکات؟ کاتێک که باسی "ڕووخاندنی رژیم" و "کوردستانی ئێران" ده‌کرێت و هه‌ر کاتێکیش هه‌ستی کوردایه‌تی به‌پێی مه‌سڵه‌حه‌تی رۆژ نانی تێدا بێت یه‌ک‌شه‌وه کوردستانی ئێران ده‌بێته داگیرکراو و سپاه‌که‌شی ده‌بێت بە داگیرکا‌ر، و هه‌ر رۆژی دواتر خه‌و‌ن بە وتووێژ و "مۆزاکره" ده‌بینرێت.
چۆن لایەنێک خۆی به"رابه‌ری جوڵانه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان" ده‌زانێت، بەڵام کە به د‌زی ئه‌م حیزب و ئه‌و حیزبی تره‌وه، له گه‌ڵ دوو ماموری قه‌رارگای ره‌مه‌زان یان چاوه‌ڕووانی دانیشتن و "موزاکره" له‌گه‌ڵ مامۆره‌کی سه‌فارتی کۆماری ئیسلامی له به‌غدا ده‌بێت، ئۆپۆزیسیونێک که له ئۆردوگایه‌کی ته‌بعیدیدا هه‌ست به ئاسایش و ئه‌منیەت ناکات، قورسایی پێگه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێت چه‌نده بێت که حه‌ریفه‌که‌ی داوای وتووێژی لێ بکات؟ ئه‌مه جگه له ساتووسه‌ودا شه‌خسی و رێکخراوه‌یی و گاڵته به خه‌ڵکی کوردستان نه‌بێت، ده‌بێت چی‌تر بێت؟
لاوازی بیری نه‌ته‌وه‌یی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان فاکته‌رێکی گرنگه له‌سه‌ر نایه‌کگرتوویی خه‌ڵکی کوردستان له گۆره‌پانی خه‌باتی سیاسی دژی داگیرکارانی کوردستان، و سه‌رچاوه‌ی ئه‌مه‌یش ئه‌و خه‌ته سیاسی و فیکریه که به درێژایی چه‌ندین دەهه رابه‌رانی جوڵانه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان پراکتیکی کردووه (چوون هه‌ر لایه‌نێک خۆی به رابه‌ری ته‌واوی جوڵانه‌وه ده‌زانێت) و ته‌نانه‌ت له زۆر کات و ساتدا به‌رژه‌وه‌ندی به‌رته‌سکی رابه‌ران، تاک و حیزبی سه‌ری ده‌یان و سه‌دان رۆڵه‌ی خه‌باتکاری کچ و کوڕی ئه‌م گه‌لەی هه‌ر له پاش ته‌وابوونی شەڕی دووهەمی جیهانی و ڕووخاندنی کۆماری کوردستان تا به ئه‌مڕۆ، له‌گه‌ڵ خۆی بردووه.
ئه‌مه قه‌یرانه له گۆره‌پانی خه‌باتی سیاسی ئه‌حزابدا، راستەوخۆ خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستانی گیرۆده‌ی نه‌خۆشیه‌کی مۆزمن کردووه، من پێموایه یه‌کێک له مۆله‌فه‌کانی ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه راستگۆیی و شه‌فافیه‌ت له کاری سیاسی و سیاستکردن و وه‌رگرتنی به‌رپرسایه‌تی و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه.
هـێرش عه‌لیزاده
وتەبێژی کۆمەڵە - پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان
١/١٢/٢٠١٠

|