ژنان لە نێوان بەردئاشی بەهەشتی ئەم دونیا و ئەو دونیادا


ڕۆژێک بۆ یادی هاوپشتیی لەگەڵ ژنان و وەبیرهێنانەوەی فەرامۆشکردنی مێژوویان. ڕۆژێک بۆ بۆ داواکردنی ڕیفۆرمی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی لە پێناوی بەرزکردنەوەی ژنان بۆ ئاستی پیاوان و بەرقەرارکردنی بەرابەریی و یەکسانیی

چیرۆکەکە لەوەبەر گێڕدراوەتەوە. ساڵی ١٩١٠ لە کۆنفەرانسی ژنانی سۆسیالیستدا لە شاری کۆپنهاگن درێژە بە خەباتی لەوەبەری ژنان دەدرێت و لەوێدا، کە کلارا زێتکین، فێمێنیستی سۆسیالیست و سیاسەتمەداری ئەڵمانیی، رابەرایەتیی دەکات، داوای مافی دەنگدان بۆ ژنان دەکرێت.
درێژەی ئەم چیرۆکە بە هەزاران جار بیستراوە. دیارە دووپاتکردنەوەی نەک هەر ناپێویست نییە، بەڵکو بە دروستییەوە لە جێی خۆی دایە. بەڵام باسکردنی ڕۆژی ژنان، ٨ مارس، لە ڕووانگەیەکی دیکەوە، شایەد خراپ نەبێت.
مێژووی پشتگیریی کردن لە ژنان و لە مافی ئەوان باسێکە ڕەنگە سەرەتای هەبێت بەڵام بێ کۆتایە. لە هەرە زۆرینەی ئەو مێژووانەدا پیاوان حەکیم و ژنان دەردەدارن. حەکیمان لە دەوری مێزی نەشتەرگەریی کۆبوونەتەوە و لە جەستەی ئەنجن ئەنجنی ژێر سەدان نەشتەرگەریی ناسەرکەوتووی ژنان دەڕووانن.
مشتومڕەکان مەیدانی فەلسەفە و ئابووریی و سیاسەت و کۆمەڵایتیی دەگرێتەوە. ژنان ئیسمایلێکن ملیان لەژێر کێردی پیاوسالار و پیاوسالارگەرێکدا چاوەڕێی بەراتی موعجیزەیەکە.
قوربانیی نەمەجبورە و نەپێویست دەکات تاوانبار بێت یان نەبێت.
کێرد و دەست و ویستە هی یەکێکی دیکەیە.
مێژووی پشتگیریی و هاوپشتیی لە ژنان پڕە لە “بەڵام” و “ئەگەر” و “ئاخر”. بە واتایەکی دیکە پیاوان بە دیدێک لە کێشەی ژنان دەرووانن کە پێیان وایە ژنان خۆیان لەو دۆخە بەرپرسیارن.
لەبەرئەوە چارەسەرە پیاوانەییەکان هەمیشە لە ڕووانگەیەکی پیاوانەوە پێ هەڵدەگرن. تیئۆرییە فێمێنیستییەکان، بەتایبەتی بەرهەمەکانی نیو سەدەی رابردوو، پڕن لەو جۆرە نموونانە.
زۆرینەی فەیلەسوفە لیبرالەکان، لەگەڵ ئەوەشدا کە تیئۆری گێتیانەیان لەسەر مرۆڤ هەیە، لەوانەدا لەو دیدەوە پێ هەڵدەگرن کە نموونە ئاساییەکەی مرۆڤ پیاوە. لەبەرئەوە ئەو ئازادییە و ئەو یاساسالارییەی ئەوان باسی دەکەن تەنها کاتێک ژنان دەگرێتەوە کە پیاوان بیانەوێت. ئەڵبەت لیبرالیزم و جۆرەکانی ئێستا وا پێشکەوتوون و ڕوون بوونەتەوە کە ناکرێت گشتگیرییەک لەو ئایدیۆلۆژییە بکرێت و ناکرێت بە دژ بە ژنان دابنرێت.
بە پێچەوانەوە جۆری لیبرالیزم خزمەتی گرینگ و بەرچاویان بە بزووتنەوەی ژنان و بە مافی ژنان و بە بەرقەرارکردنی مافەکانی ژنان کردووە. حکومەتی یاسا و یاساسالاریی و بە ناناوەندکردنی سیستەمی خوێندن و بزووتنەوەی بەرینیی تاکەکەسگەریی و فڕێدانی دین لە دەوڵەت نموونەی بەرچاوی ئەم خەبات و پشتگیریەن. لەو رووەوە ڕەنگە جۆری لیبرالیزم، بۆ نموونە سۆسیاللیبرال، لە هەر لایەک کەمتر خۆی هەڵبکێشێت و کەمتر خۆ بکات بە پاڵەوانی مەیدان و لەگەڵ ئەوەشدا دەستکەوتی لە هەموو جۆرەکانی ئایدیۆلۆژیی دایک زیاتر بێت.
بزووتنەوەی مارکسیزم و ئەوی پێی دەگوترێت چەپ لەو ڕووەوە کەمترخەم و لە زۆر حاڵەتدا خۆهەڵکێش و لە هەندێک حاڵەتدا چارەنووسگەر (دیتێرمێنیست) و هەندێک جاریش حەکیمئاسا بەرخوردی کردووە.
لە بواری فەلسەفەی سۆسیالیستییدا کارل مارکس لەو کەسانەیە کە زۆری نووسیوە، بەڵام هەر زۆر زۆر کەم لەسەر ژنان و لە بواری ئایدیۆلۆژیی و حیزبایەتییدا لێنین لەوانە بوو کە زۆری نووسیوە، بەڵام زۆر زۆر کەم لەسەر ژنان.
کەم نووسینەکە شایەد راستەوخۆ رەخنەیەکی زۆر خۆگر نەبێت، چونکە پێویست ناکات کەم نووسین بە واتای ناویستن بێت، بەڵام خەوشی کەم نووسینەکە لە کەم بیرکردنەوەکەدایە لە ژنان و لە مێژوو و کار و چارەنووسی ئەوان.
بەو شێوەیە ئەگەر گشتگیر بڕووانینە سۆسیالیزم ئەوا دەتوانین پێ دابگرین کە بزووتنەوەی سۆسیالیزم خەوشی زۆر بوو، هەروەکو ئێستایش خەوشی زۆرە. ئەو خەوشە ڕەنگە لە مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس (سوننەتی) و مارکسیزمی شۆڕشگێڕانەی لێنینیستیی و جۆرەکانی لێنینیزم و مائویزمدا بە هاسانی ببینرێتەوە.
لەو جۆرە مارکسیزمانەدا ژن پرۆلیتارێکی پیاوە.
بازوو و ملی ژن وەکو هی پیاوێکی پرۆلیتار ئەستوورە و لە تەنیشتیی ئەوەوە ڕوو لە ئاسۆ دەڕوانت و هەنگاوی لەگەڵ هەنگاوی ئەودایە و هەمیشەش کەمێک لە دواوەیە. ئەوە وێنەیەکی سوننەتیی ژنی پرۆلیتارە، بەتایبەتی لە جۆرەکانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس (سوننەتی) و مارکسیزمی شۆڕشگێڕانەی لێنینیستیی و جۆرەکانی لێنینیزم و مائویزمدا.
ژن، لە بۆچوونە گێتیگرە کۆمۆنیست یان سۆسیالیستیەکەدا دروست هەروەکو ئەوی لیبرالیزم، بوونەوەرێکی نێرە. خودی ژن بوونەوەکەی بچووک دەکرێتەوە بۆ ئەوەی کە هەموو جیاوازیەکەی لەگەڵ پیاودا مەمک و ئەندامی زاووزێیە.
ئەوجا ئەو جۆری سۆسیالیزمە بە چاوپۆشیکردن لەو “تۆزە” جیاوازییە، ژن دەکات بە پیاو.
ژن وەکو ژن، وەکو خۆی، وەک تاکەکەس و مرۆڤ نامێنێتەوە.
لەو بیرگەریەدا کە تا ئێستا نە لە وڵاتانی ناوزەند بە سۆسیالیست و نە لە حیزبگەلی سوننەتیی کۆمۆنیستیی و سۆسیالیستییدا کەلکی شایانباسی لێنەکەوتووەتەوە و هەمیشەش داوا لەسەر ژن ئەوە بووە کە لە دوالیزمێکی خەتەرناکدا بژی. لەلایەکەوە پیاوێکی پرۆلیتار بێت و لەلایەکی دیکەوە دایکێکی میهرەبان و دۆستێکی دڵخواز و ژنێکی خزمەتکار بێت. کاتێک پیاو بیەوێت لە پیاو بچێت و نەبێتە مایەی ترساندنی، بەڵام هاوکاتیش ئەو جوان و نەرمە بێت کە دەبێت ژنی پێ بناسرێتەوە.
بەو شێوەیە لەو دونیابینیەدا ئازادیی ژنان لەسەر ئەوە کەوتووە کە چەندە زوو دەتوانن ببن بە شۆڕشگێڕ و بە پرۆلیتاریا و خۆیان لە پلە و مەقامەکانی پارتییدا دەبیننەوە. لەوێدا بارەگای پارتی وەکو بارەگای خودایە.
جیاوازی ژنەپرۆلیتاریا و پیاوەپرۆلیتاریایەک تەنها لەوێدایە کە کامیان کەمتر بڕووایان بەو چەمکە گشتگیرەی کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمە. لێرەدا تەنها چارەسەر یاخود چارەسەری هەرە سەرەکیی ئەوەیە کە ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە ڕزگار بێت،و ئیدی وابەستەی پیاو نەمێننەوە.
سەربەخۆیی ئابووریی کلیلی ئەو جیهانبینیەیە.
یەکێک لە سۆسیالیستەکان کە زیاتر چووبێتە قووڵایی باسی ژنانەوە ڕەنگە تەنها و تەنها فرێدریک ئێنگلس بێت. ئەوانی دیکە هەر لە مارکس خۆیەوە، بە ناو پێڕەوانی مارکسیزمی سوننەتییی و شۆڕشگێڕانەیدا پرسی ژنان بە پرسی کرێکاران دەچوێنن. کرێکاران سەرمایەداران دەیانچەوسێنێتەوە و ژنانیش پیاوان. بەڵام لەو پێوەندیەدا “خودی پیاوان” بێ گوناهن، چونکە پیاوان خۆیان هەروەکو ژنان گیرۆدە و قوربانیی سیستەمی سەرمایەدارین و لەو سیستەم و بیرەدا فێر دەکردرێن کە سوودی بەرئاوەژوو لە ژنان وەربگرن.
لەو جۆرە خەتە مارکسیستەدا، کە سەرتۆپەکەی مارکس و بێبل و ئێنگلسە، فاکتەری گرینگ کە پێوەندیان بە چەوساندنەوەی ژنانەوە هەیە، وەکو سێکس، هاوسەرگیریی و خانەوادە، لە ئارادا نیین یان هەر زۆر کەم لێرەولەوێ وەبەرچاو دەکەون. بەتایبەتیی هەر هیچ سەبارەت بە سفاری شەخسیی/ کەسیی باس ناکردرێت. کە مرۆڤ لە خوێندنەوەی ئەو ئەدەبیاتەدا قووڵ دەبێتەوە تێ دەگات کە دروست لەوە دەچێت کە بە ڕاستیی ژن پەراسوویەکی پیاو بێت و بەشێکی بایۆلۆژیی و فیسیۆلۆژیی بێت لە پیاو.
لە هەموو باسی کارل مارکسدا بۆ بەرهەم و بۆ چەوساندنەوە یەک جاریش باس لە کاری ژنان لە ماڵدا ناکرێت، بەڵکو تەنها باسی کاری بژێوی/ دەر لە ماڵ دەکرێت. لەو پێوەندیەدایە باسی کار/ وزە و بەرهەم و سوود و سەرمایە دەکرێت.
بەڵام ئێمە لە پراکتیکدا دەیبینین کە ژنگەلێکی زۆری جیهانی سێ لە وڵاتانی سەرمایەداریی کار دەکەن و مووچەبگیرن و بەشێکن لە سیستەمە سەرمایەدارییەکە و هەندێکیان شایەد ئەندامی حیزبگەلی کۆمۆنیستی سوننەتی و چەپی سوننەتیش بن، بەڵام نە کارە مووچەبگیرەکە و نە کۆمۆنیست و سۆسیالیستبوونەکە لە چەوساندندەوەکە ڕزگاریان ناکات. زۆرێک لەوانە لە ماڵدا هەر خانەدان و ئاشپەز و بەخێوکاری مندالن. هەندێکیان هەر وەکو زۆرێک لە ژنانی دیکە لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و جنسەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
هەمان نموونە بۆ ژن لە وڵاتانی خۆیاندا کە کاری مووچەبگیریان هەیە دروستە. ئەوانیش شانبەشانی پیاوان کار دەکەن و بەڵام دووبارە لە ماڵەوەدا دووچاری هەمان کاری فیزیکی دەبنەوە کە لە خانەوادەدا لەسەر شانیانە و بە کاری ئەوان دادەنرێت و دەیکەن و دەشبێت بیکەن. ئەگەر ژنگەلێک هەبن بیانەوێت نەیکەن، دووبارە هەمان ڕێگایان لەبەرە: یا واز لە کاری مووچەبگیریەکە بهێنن، یان هەردووکیان بێ ناڕەزایی بکەن.
هەموو ژنێک هەمیشە ئەو ئەڵتەرناتیڤەیشی لەبەر دەستیدایە کە “تەڵاق” بدرێت.

ئەڵبەت نابێت ئەمە بە ڕەخنەیەک لە خودی کارل مارکس بگیردرێت، چونکە دیارە ناکرێت پاش ١٥٠ ساڵ بێین و ژیربێژی بکەین و پۆئێنگی سیاسی پێ ببەینەوە. مارکس بە پێی سرووشتی دۆخەکان هەر ئەوەندی پێ کراوە، بەڵام لە بزووتنەوەی سۆسیالیستیدا لە شوێنێکدا ژن کرا بەو پیاوە پرۆلیتارەی کە هەر خۆی نییە، جا چ بە سێبەرەکەی بگات.
کەواتە بە دروستییەوە دەتوانین ئەوە وەکو رەخنەیەک لە بزووتنەوەی پانسۆسیالیستیی و شێوەکانی شۆڕشگێڕی پۆست مارکس بەکار بهێنین. ڕەنگە بەشێک لە پۆست مارکسیزمی ئوروپای خۆرئاوایی لەو رەخنانە بێبەریی بن. زۆرێک لە مارکسیستی ناحیزبی کە دەستڕەسیی و تێگەیشتنیان بەرامبەر بە بیرەکانی دیکەی وەکو پۆستمۆدێرنیستیی و جۆرەکانی فێمێنیزم، هەیە، زۆر زیاتر لە هەر جۆرە مارکسیستێکی دیکە وەپێش کەوتوون.
لەوێدا هەم ناحیزبیبوونەکە دەوری خۆی دەبینێت، چونکە ئیتر پێویست ناکات دێتەرمینیست، واتە چارەنووسساز، بیر بکەنەوە و سۆسیالیزم ناکەن بە پرۆژەیەکی شەخسیی، و هەم خوێندنەوە و بەسەوادبوونەکە لەو بێسەوادیی و نەخوێندنەوەیە ڕزگاریی کردوون کە عادەتەن مارکسیستی سوننەتیی، بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتیی، گیرۆدەی بوون.

خەباتی فێمینیستە جیوازەکان کێشەی ژنانی بە خۆشییەوە گەیاندووەتە ئاستێک کە ئیر نە پیاوی پرۆلیتاریا و نە پیاوی سەرۆکحیزبی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیست، کەسیان ناتوانن دابنیشن و فشەی نوێنەرایەتیکردنی ئەوان بکەن.
لە ناو ئەو فێمێنیستانەدا کە هەموو جۆرەکانی ئایدیۆلۆژیا بە فێمێنیستی موسڵمانەوە جێ دەگرن، جۆرەکانی فێمێنیستی سۆسیالیست شایانی شیکردنەوە و شیرۆڤەکردن و سەرئەنجامی شایانباسن. لە زۆرینەی ئەو شیکردنەوە و سەرئەنجامانەدا هۆگەل و هۆکاریی فرە گرینگ و بەئەژمارترن دەبینرێن لە پشت چەوساندنەوەی ژنان و سەرئەنجامگەلی بەرفراوانتر دەخرێتە بەردەست سەبارەت بە چارەسەرکردن و شێوەکانیان.
بەو شێوەیە، دەبینین کە مارکسیزمی سوننەتی و شۆڕشگێڕانە و خەتی لێنینیستیی بەگشتیی ڕزگار دەکردرێن لە دوگم و لە چارەسەری قاڵبی و لە شیکردنەوەی یەکدەندەیی و لەو سەنگەرگرتنە منداڵانەیە لە سەرمایەداریی خۆ ڕزگار دەکەن کە تەواوی نەخۆشیەکانی منداڵیی چەپی پێوە دیارە.
تێگەیشتن لەم باسە بۆ ئەوانەی کە پێیان وایە “چەپن” گرینگە سەرەڕای ئەوەی لە ئێران، لە کوردستان یان لە هەر شوێنێکی دیکە بژین.
یەکێک لە هۆیەکان کە باشە بۆ ئەو تێگەیشتنە ئەوەیە کە پاش تێگەیشتنێکی دروست لە دونیای ئایدیۆلۆژیی دەتوانین بە بیرێکی سەقامگیرتر و خۆگرترەوە چەکدار بین، وا کە لە گەرمەی ئەوەدا کە هەندێک جار پێی دەگوترێت “شۆڕش” هیچ کەس و بەتایبەتی پرسی ژنان نەکردرین بە قوربانیی یەکەم.
لە مێژوودا ژنانی ئێران بەوە بانەوبانگن کە سەرکاروانی دروستکردنی شورای خۆیان بوون و کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٠٦ و قسەی تێدا نییە کە لە ژێر کاریگەریی شۆڕشی ١٩٠٥ رووسییدا بوو کە هەر خۆی قسەوباسێکی زۆر هەڵ دەگرێت.
ڕەنگە لە باسی ژنان و بزووتنەوەی فێمێنیستیدا دێلەمایەکی گەورە لە ئێران ساختاری ئایینی/مەزهەبی بێت و پێوەندیی ئەو بێت بۆ نموونە لەگەڵ دەستەڵاتی پاشەیەتییدا. لە پاش ڕووخانی عەباسییەکان بە تایبەتی و تا ڕادەیەکیش عوسمانیەکان و سەفەویەکان، ئەوا ئیسلام هەمیشە ئۆپۆزیسیۆن بووە. لەبەرئەوە پێوەندی ئیسلام لەگەڵ دەستەڵاتدا پێوەندیەکی دوواڵ، واتە دووفاقیی ماوەتەوە، لەو مانایەدا کە هاوکات ئایین خۆی وەبەرهەمهێنەریی بیری مۆنۆتۆیستیی، تاکپەرستیی، ترس و دیسپلینی کۆێرانە و نەریتی کۆنەپەرستانەیە، هەوڵ دەدات خۆی ببێت بە حوکمڕان و دژ بەو خەتەی لەسەر حوکمە لە شەڕدایە.
نموونەی ئەوە لە مێژووی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان دەبینین. لە کاتێکدا کە کڵێسا بەرخوردێکی وای نییە یان نیشان نادات و بەزۆریی هەوڵی داوە پاڵپشت و کۆڵەکەی راستەوخۆی دەستەڵات بێت. ڕەنگە هۆی سەرەکیی ئەوە بێت کە کریستیانیزم لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئایینە و ئسیلام ئایدیۆلۆژی. ئەوەیش فەرامۆش نەکەین کە بزووتنەوەی ڕۆشنگەریی و لیبرالیزم و سۆسیالدیموکراتییش بوونە هۆی ڕوودانی ڕیفۆرمی گەورە چ لە ناو کریستیانیزم خۆیدا و چ لە پێوەندیدا لەگەڵ دونیای دەرەوەی.
بۆ ژنانی عەرەب و فارس ئەمە کێشەیەکی گەورەیە. ژنان کە لە بازنەی ئایدیۆلۆژیە پیاوانەییەکاندا دەسووڕێنەوە ئەگەردژ بە دەستەڵاتی سیاسیی سەر حوکم لایەنگری بزووتنەوەیەکی ئایینی بکەن کە تا ئێستا خەتێکی پانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی پێک دێنێت، دەبێت ئامادە بن دەستبەرداریی زۆرێک لە مافەکانی خۆیان بن و لەگەڵ پیاوانی هاوخەباتیاندا بکەونە مشتومڕی ئەم دونیایی و ئەو دونیاییەوە/ لە درێژخایاندا زانراوە و دەزانرێت کێ دەیباتەوە. ئەمانیش بە دەردی ژنەپرۆلیتاریا دەچن. هەموو شتێکیان لە پیاوەکان دەجێت و هەمیشەش بە لانی کەمەوە هەنگاوێک لە دواوەن.
ئەم گرفتە فرە گەورەیە هەر بە تەنها دووچاری ژنانی عەرەب و فارس نەبوون، بەڵکو دووچاری زۆرێک لەو نەتەوانە هاتووە کە لە پراکتیکدا موسڵمان و مەزهەبین. ئەم دووالیزمە لە بزووتنەوەی فێمێسیتی ئیسلامیی ئێرانیش و میسریشدا، ئێستایش لە ئێراق و سووریا و زۆر وڵاتی دیکە وەکو پاکستان، دەبینرێت.
لە زۆربەی ئەو دۆخانەدا دەبینین کە لە کۆتاییدا گفتوگۆکان لەگەڵ ژناندا لە ئاکامدا هەر دەگاتەوە سەرئەوەی لەچک و پەچە توندتر یان شلتر ببەسترێت. هەموو ئەو فێمێنیستە ئیسلامیانەی هەر ئێستا لە بەرەی سەوزدان کەوتنە ئەو بوحرانەوە کە هۆیەکەی قوول نەبوونە لە بیری ئازادیخوازییدا. زۆرێک لەوانە توندتر لە پیاوان چەپڵەیان بۆ موسەوی و کەرووبی لێدەدا. ئەو جۆرە فێمێنیستە ئیسلامیانە پێیان وایە کە مافگەلێکی باشتر لە شێوە ئیسلامیی کەروبی و موسەوی و خاتەمیدا هەیە و کە دەتوانن لە چوارچێوەی ئیسلامدا تاکەکەسی مێی ئازاد بن.
ئەو جۆرە ژنانە، هەروەکو حیزبگەلێکی سوننەتی، کەوتنە ئەو داوەوە. ئێستا کە ئەوی پێی دەگوترا “بزووتنەوەی سەوز” هێدی هێدی کاڵ دەبێتەوە، ئومێدی ئەوانیش زیاتر ڕەنگی دەپەڕێت. لەو بارەوە زوو دەرکەوت کە ریفۆرم لە پرسی ژناندا بە سەوزێک ناکرێت کە لە هیچ روویەکی پرینسیپییەوە کەمتر مەزهەبی نییە.
لەگەڵ ئەوەیشدا کە ئەم باسە لک و پۆپی زۆر لێ دەبێتەوە، رەنگە بە ئاماژەکردن بەو ئەزموونانەی کە دیومانن تێ بگەین کە چاوەڕووانیەکی وا بەری خواردەی لێ نابێتەوە. هەموو ئەو فێمینیستە ئیسلامیانە بە فارس و ئازەرەوە چاوەڕووانی ئەوەن کە پیاوان ژمارەی پێچی پەچە و لەچکەیان بۆ بژمیرێت و بۆیان دیاری بکەن چەند توند یان شل بیبەستن.
ئەو بەرخوردە سیاسییەی کە هەر ئێستا بە ژنان لە ئێران دەکرێت، هەر لەوەوە کە فارگۆنی میترۆی تایبەت بە ژنان هەبێت تا چۆنیەتی خۆشووشتنەوە و هەڵبژاردنی میردێک، هەر ئەو کاتە بناغەی داڕشت کە حەوزە عیلمیەکان دژ بە دەستەڵاتی پادشایەتی خۆیان ڕێکخست و کە حیزبی تودە لە درێژایی ئەو مێژووەدا بە خاتری ئەوەی مۆڵەتی یاسایی بۆ هەبوونی خۆی بپارێزێت، چاوپۆشیی لێ دەکرد.
بە هەرحاڵ، لەگەڵ ئەو ڕیفۆرمانەیشدا کە ڕژیمی پادشایەتی کردی و کە زۆرێکیان لە پراکتیکدا ئارایش بوون، وەکو مافی سەفەر بە تەنیا، شوکردنی دڵخوازانە، مافی بە شوودان لە تەمەنی ١٦ ساڵیی، چوون بۆ خوێندنگا، ئارایش و هتاد. هەر نەتوانرا پێش بەو ئارەزوو و حەزە مەزهەبییە جەماوەرییە بگیردرێت کە هەبوو.
مەزهەب لە کۆمەڵگای ئێراندا، بەتایبەتی مەزهەبی شیعە لە ناو فارس و ئازەردا، جێ و پێی تایبەتی خۆی هەیە کە هەمیشە خاوەنی بڵندگۆ و کاریگەریی بووە و هەروەها خاوەنی بزووتنەویەکیش کە ئەگەرچی لە هەندێک کاتدا بانگەواز نەکرابێت.

ئەو بزووتنەوە ئایینیە مەزهەبیە هەرگیز ناشەفاف نەبووە، بەڵکو هەمیشە لە بیر و دیدی خۆیەوە بە ڕاشکاوی سەبارەت بە مافی ژن و شوێن و جێگایان لە کۆمەڵگادا خۆی دەربڕیوە. داوای ئیمام ئایەتولا ڕۆحوڵا خومەینی کە نە “کۆماری دیموکراتیک” و نە “کۆماری ئیسلامی دیموکراتیک” بێت بەڵکو “کۆماری ئیسلامیی” بێت، هەر لەسەرەتاوە ڕوون بوو.
ناسیونالیستی مەزهەبی وەکو ئەبولحەسەنی بەنیسەدر خۆ مەقامێکی ئایەتولاهیی نەبوو، بەڵام ئەندامی ئەنجوومەن (ساڵی ١٩٧٩) و یەکێک لە بەرنامەداڕێژەری بیری مەزهەبی بوو. ئەو بوو داوای هەبوونی پەچەی دەکرد (بەڵام بە زۆر نا) و دەیگوت “بەڵگەی زانستیی” هەیە کە مووی بەدەرەوەبووی ژنان سەرنج و هەوەسی سێکسی پیاوان دەبزوێنێت و لەبەرئەوە دەبێت دابپۆشرێت.
کاتێک کە هەزاران ژن لە ٥/٧/١٩٨٠ لە بەردەم بارەگای سەرۆکۆماریی خۆپیشاندانیان دەکرد و داوای مافی ژنانیان دەکرد، ئەم پێی ڕاگەیاندن “کارێکی دروست ئەوەیە حیجاب قبوڵ بکەن” و کە “ئیمام خومەینی کە خۆتان پێی دەڵێن باب/باوک بە ناڕەوا و هەر لە خۆوە باس لە حیجاب ناکات”.
بەڵام بەنیسەدر هەروەکو خومەینی دەیزانی چۆن چەپگەلێکی کەم خوێندە و ناسەقامگیر و پێ دەرهەوا ببزوێنێت و دەیگوت کە نەکڕینی ئارایش و بایەخ نەدان بە جلوبەرگی غەیرە ئیسلامی دژایەتی کردنی کۆمەڵگای مەسروفگەرە و هەروەها هەوەسی جنسیی لە نێوان ژنان و پیاواندا لە شوێنەکانی کار کەم دەکاتەوە و ئەو کەژوهەوا گرژەی نێوان پیاوان و ژنان کە سەرئەنجامی تێکەڵاوبوونی ئازادیانە، دەڕەوێنێتەوە. کەواتە بە واتایەکی دیکە ئەبولحەسەنی بەنیسەدر هەر بیری لە مافی ژنان نەدەکردەوە، بەڵکو لە دژایەتی کردنی ئیمپریالیزمی جیهانیی و کولتوریی مەسرەفگەرایی سەرمایەداریش. لەبەرئەوە جۆرەکانی چەپی سوننەتیی تێدەگەیشتن کە بۆ سیاسەتێکی وا قوربانیی دەبێت بدریت و ئەو قوربانیانەش جێی خۆیەتی ژنانی ئیسمایلئاسا بن.
ئەو جۆرە چەپە، پڕوو لە بێسەوادیی خۆیاندا، هەمیشە ڕێگایان بە خۆیان داوە نە هەر لە پرسی ژناندا بەڵکو زۆر پرسی دیکەیشدا وەکو ئیبراهیمێک بەرخورد بکەن.
بەنیسەدر هێندەیش ڕۆیشت کە بە ژنان بڵێت “هەروەک چۆن پێتان خۆشە سەردانی دکتۆری ژن بکەن، هەرواش هەوڵ بدەن بچنە بەر بارەگای دادوەری ژن”. ئەو دەیزانی کە ئایدیۆلۆژیی ئیسلامیی مەنفەزێکی هەناسەدان بۆ ژنان ناهێڵێتەوە و جۆبارەکانی فێمێنیزمی ئیسلامیی و ئەو چەپەسونەتیاننەی ئەو بازنەیە قبوڵ دەکەن زوو یان درەنگ دەرژێنەوە ناو دەریای ئیسلام.
بەڵام ڕژاندنی زریانی تاوان بە تەنها بەسەر بەنیسەدرەکاندا شایەد نادروست بێت و دەبێت ئازایەتیەکی سیاسیی سۆسیالیستیانە پەیدا ببێت کە خودی نەتەوەی فارس و ئازەریش بخرێنە باسی مەزهەبەوە. پرسیاری ئایا لە ناو جەماوەری بەرفراوانی فارس و ئازەردا زەمینەیەکی ئاینیی/ مەزهەبی هەیە کە تا ئێستا لە بزووتنەوەی لیبرالیی و جۆرەکانی جەپ و بە دڵنیایشەوە لە سەڵتەنەتتەڵەبی زۆر بەهێزتر بێت یان نا؟
ئەمە پرسیارێکە زۆر لە چەپی ناسیونالیستی ئێرانی دەخاتە خۆلولدان و خۆپێچدان و خۆهێنانوبردنەوە. ئەویش لەبەرئەوەی پرسیاری قورس کە عادەتەن داوای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیش دەکات، هاسان نییە و خۆڕزگارکردن لە پۆپۆلیزمێکی وا، بەتایبەتیش ئایینی/ مەزهەبی ژن و پیاوی بە جەرگی خۆیی گەرەکە.
کردنی ڕۆژی لەدایکبوونی “فاتیمەی زەهرا” بە ڕۆژی ژن دەبێت لەو چوارچێوەیەشدا ڕوون بکرێتەوە. پرسیار نەکردن کە بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی “عائیشە” کە ژنێکی خاوەن ئەزموون و سیاسەتمەداری بزووتنەوەی ئیسلامیی بوو، ناکرێت بە ڕۆژێکی وا هەر وەکو ئەو پرسیارانەی دیکە گرینگە. مەسەلەکە لە بناخەدا بریندارکردنی هەستی مەزهەب و کەسانێکی مەزهەبیی نییە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن کە ئایا بناخەیەکی مەزهەبیی جەماوەریی کە پشتگیریی لە دەستەڵات دەکات لە ئێران هەیە و دەتوانێت هەبێت یان نا. ئەگەر هەیە بە چ شێوەیەک بەرخوردی لەگەڵدا بکرێت و لە دابەشکردنی دەستەڵاتدا چۆن لەگەڵی بسازرێت.
هەبوونی ملوێن لە ژنان کە بە پشتیوانی لە سەوزی ئەحمەدینەژاد و لە سەوزی کەروبی و موسەوی بەرانبەر بە یەک رابووەستن، باسێکە دەبێت زوو یان درەنگ ئێرانیەکان خۆیانی لێ بدەن.
خۆنەدان لە باسی وا نەتوانینی سیاسیی و نەخواستنی سیاسیی و پۆپۆلیزمێک دەسەلمێنێت کە سەرئەنجامەکەی بۆ دانیشتووان بە خێر ناگەرێتەوە.
لە کوردستان خۆشبەختانە زەمینەیەکی مەزهەبی لەو شێوەیە نییە کە بیەوێت لە خودی دەستەڵاتدا بەشدار بێت و کە لە رووی مێژووییەوە وەکو ئەوی ئێران بێت. بەلام دیارە مەزهەبی سوننە و شیعەیش لە کوردستان، و لە باکوور عەلەویش، هەمیشە بەتایبەتی لە ناوچەی خۆیاندا مەزهەبی زاڵبوون و کاریگەریی گەورەیان لەسەر کولتور و فەرهەنگ و دابونەریت کردووە کە بەگشتیی دۆخی ژنانی کوردی لە هەمان ئاستی ژنانی نەتەوە سەردەستەکاندا  هێشتووەتەوە. هەبوونی مەزهەبگەلی دیکە لە کوردستان ئەو کەڵکەی هەیە کە هۆمۆژنی مەزهەبێک بەتاڵ بکاتەوە کە دیارە بە قازانجی ژنانە، بەڵام ئەو لایەنە خراپەیشی هەیە کە لە بازنەی خۆیدا، لە ناوەوە، دەتوانێت پیاوسالارییەکە زیتر مەحکەم بکات.
لە پرسی ژنانی کورددا ئەوەیشی دێتە سەر کە ژنانی کورد قوربانیی یەکەمی داگیرکردنن و بێ خوێندنگایی و بێ چاوەدێریی و بێ پزیشکی و بێ دەرمانیی و بێ خزمەتگوزارییان بە تەواوی پێوە دیارە.
کاتێک بە پێی ئاماری رەسمی بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵی ٢٠٠٩ نرخی کرێخانوو و بەرق و گاز لانی کەم ١٦,٣ و خۆراکی لانی کەم ١٣,٨ بەرز بووەتەوە، دەزانین کە ئەو گرانبوونە بە پلەی یەکەم کاریگەریی لەسەر ئەو ناوچە داگیرکراوانە دەبێت کە لە نەتەوەی سەردەست و لە ناوەندنشینیەکان زۆر بێکارتر و هەژارترن. لە ناو ئەو نەتەوانەیشدا باری گرانی ئەو جیاوازییە دەکەوێتە سەر شانی ژنان.
مەسەلەی نەبوونی ئامار بۆ سەرژمێری ژنان و بۆ هەموو ئەو شتانە کە ژنان دەگرێتەوە گرفتێکی گەورەیە کە ناکرێت ڕۆشنبیرانی هاوپشت و هاوخەباتی ژنان لێی بێدەنگ بن. نەبوونی ئاماری ورد، بەتایبەتی بۆ ژنانی نەتەوەی بندەست، زەرەری گەورەیە لە پێشکەوتنی ئەوان.
ئەو سیستەمە سەرمایەدارییە نابەرپرسیارەی ئێستای ئێران کە بە یارمەتی و لەسەر بناخەی مەزهەبگەریی خۆی پێشخستووە، سیستەمێکی پیاوسالاری مەزهەبگەرە کە ئامادە نییە لە ئاستی جیددیدا ژنان بخاتە بازاڕی کارەوە. ژنان دەبێت خانەدانی ماڵ و گۆپاڵی دەستی پیاوان بن. ئەمە دووبارە بە مانای زیانی زیاتر بۆ ژنانی کوردستان دێت.

هەموو ئەو چەوساندنەوەیە لەسەر ژنان وای کردووە کە ژنانی کوردستان لە کۆنەوە لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستاندا بەشدار بن، ئەڵبەت بە داخەوە بەشداربوونەکە فیزیکیی بووە و لەسەر ئەوان هەموو شتێک کەوتووە، بێ ئەوەی پەیداکردنی دەستەڵاتی سیاسیی لێ بکەوێتەوە. مەبەست لە دەستەڵاتی سیاسیی ئەوە نییە کە ژنی سکرتێر یان ئەندام دەفتەرێکی سیاسی یان کۆمیتەناوەندیی مێدالێکی هاومەقامیی پێ ببەخشرێت، بەڵکو ئەو لە دەرەوەبوون و لە دەرەوەهێتشنەوە سیاسییەیە کە زۆرینەی ژنانی کورد، تەنانەت بەوانەیشەوە کە هاوحیزبیین، بە توندیی دووچاری بوون.
ئەو غەدرە گەورەیەی کە لە ژنان کرا و کە نابێت مێژوو و بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان فەرامۆشی بکات و لە بیری بچێتەوە ئەوەیە کە ژنانی کورد بە چەکەوە هێنرانە ناو سیاسەتەوە، نەک بە مێشک.
ژنی کورد، جەوانانی شازدە و هەڤدە و هەژدەی کۆمەڵگایەکی جووتیاری داگیرکراو، کرا بە “شێرەژن” و لەگەڵ پیاوی دوناینەدیو کە خۆی قوربانی داگیرکردێنکە و لەگەڵ چەپی سەیروسەمەنەدا خرایە ناو زەماوەندی نادڵخوازانەوە. زەوتکردنی ژنایەتیی لە ژنانی کورد و کردنیان بە “پیاو” کرا بە هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانە. ئەوی لە نێوان ١٩٠٥ و ١٩١٨ دا لە ڕووسیا بۆلشەڤیکەکان بە ژنانی ڕووسیان کرد، لە کوردستان بە کۆپیەکی زڕ و لە دۆخی زۆر خراپتر و نالەبارتر و دژوارتردا بە ژنانی کورد کراوە،
بەڵام لە لایەکی دیکەوە، بە هۆی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەییەوە، ژنان دەتوانن لە رووانگەی دیکەوە لە باسی پرسی ژناندا بن و ئەگەر بشیانەوێت دەتوانن لە ناو ئەو حیبزبانەدا کە هەن ئەجێندای ژنان بەو شێوەی خۆیان پێیان باشە (نەک کە پیاوانی حیزب بۆیان تەعین دەکات) بخەنە ڕۆژەڤی سیاسیانەوە.
کەواتە دەتوانین بڵێین کە دێلەمایەکی پرسی ژن ئەوەیە کە پیاوان بە زۆری زۆرداریی دەیانخەنە دووڕیانێکەوە کە هیچیان هەڵبژاردەی خۆیان نیین. ژنان نابێت مەجبور و ناچار بکردرێن کە بەلای چەپ یان راستدا وەرگەڕێن.
ژنان خۆیان دەتوانن و دەبێت بۆیان هەبێت ئەو ڕێگایە هەڵبژیرن کە هیچ کام لەو دووڕیانەی پیاوان نەبێت و هاوکات بە قازانجی کۆمەڵگاش بێتەوە.
چونکە بە داخەوە پرسە سەرەکیەکە وای لێهاتووە کە ئەوی پیاوان باسی دەکەن بەوە ناوزەند دەکرێت و کراوە کە بە “قازانجی کۆمەڵگا” و “لەبەرخاتری کۆمەڵگا” دەکردرێت. واتە بیرکردنە پیاوانەکە بیرکردنەوەیەکی پۆزەتیڤە لە چارەنووس و ئاییندەی کۆمەڵگا. پیاو بابێکی بە سەبر و ماندوونەناس و ژیرە و بیستوچوار سەعاتە لە خولیای ئەوەدایە کە خێزانی بەختیار بێت. بەپێی ئەو بیرە، ژنان لادەرن. هەر شت ئەوان باسی دەکەن دەبێت بە چاوی پرس و بە دڵی نیگەران و بە سەری دەربەستەوە لێی بڕووانین نەکا ژنان ئەجێندایەکی شاراوەیان هەبێت کە نە هەر دژایەتی پیاوان بکات، بەڵکو تەنانەت ئاییندە و چارەنووسی کۆمەڵگایش بخاتە خەتەرەوە.
ئێمە دەزانین کە مێژووی بیرەکان و مێژووی ئەدەبی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی هەموو نەتەوەکانی جیهان پڕن لە نموونەی وا کە ژنان تیایدا جادووگەر و تەلیسمشکێن و دڵفریودەرن. لە ئەفسانەکاندا پیاوان هەمیشە قوربانیین.

لەو بەرداشەدا کە چەپی سوننەتی و ئایینیەکان هەڵیدەسووڕێنن، ژنان چاوەڕێی بەراتی خودا و دەستەلاتدارانن. ئەوی لەگەڵ بەهەشتی ئەم دونیادا بێت بە دڵنیاییەوە چاوی بە بەهەشتی ئەو دونیا ناکەوێت. بۆچوونەکە هاسانە، هیچ ژنە سۆسیالیست و کۆمۆنیستێک پێ نانێتە بەهەشتی ئەو دونیا. وێنەی ئەودیویش هەر هەمان شتە، ئەوی لەم دونیا سۆسیالیست و کۆمۆنیست نەبیت و بڕووای بە هاتنەسەرکاری حکومەتی سۆسیالیستیی و کۆمۆنیستیی نەبێت و ژنەشێرێکی پرۆلیتاریا نەبێت، ناتوانێت ئازاد بێت.
ئەی ئەو ژنانەی جۆرەکانی لیبرال و کۆنسەرڤاتیزم و چەپی دیکەن چی بکەن، پرسیارێکە تا ئێستا نەکراوە تا چاوەڕێی وەڵامێک بین.
ئێمە، وەکو پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان، لەبەرئەوە هەر لە سەرەتاوە پێمان وایە کە پرسی ژنان نابێت هیچ پێوەندیەکی بە خوداکان و بەهەشتەکان و سەرکەوتنی پرۆلیتاریاوە بێت. ئێمە، پێمان وایە کە کێشە و گرفتەکانی ژنان بە هەزارانن و بەشێکن لە کێشەی کۆمەڵگای پیاوسالار، چونکە بێ هەبوونی پیاو ئیمکانی نییە ژنان ئەم گرفتانەی ئێستایان هەبێت.
چارەسەر لەبەرئەوە ناکرێت پێشوەخت و یەکلایەنە و یەکدەندە بدۆزرێتەوە.

پێش هەر شتێک ژنان دەبێت خۆیان لە فۆرمولەکردن و بە کۆنکرێتکردنی ئەو کێشە و گرفتانەدا بەشدار بن و لە جێی خۆیاندا و بە پێی بارودۆخی ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی داوای چارەسەری واقیعی و بانواقیعیان بۆ بکرێت.
کێشەی ژنان زۆر جار دەتوانن لە گەلیک کونجی ئەم دونیایەدا وێکچووبن، بەڵام جارەسەرەکان دەتوانن جیاواز بن. لە هەندێک شوێن شایەد چارەسەرێک نامومکین بێت یان باسێک هەر جێی کردنەوەیش نەبێت، بەڵام کە هاوکات لە شوێنێکی دیکە هەم لە کردنەوە بێت و هەم لە جارەسەریش.
بەو شێوەیە، ئێمە لەگەڵ بەرفراوانکردن و پەرەپێدانی پرسەکانی ژنانین بە دەستی خۆیان. لەگەڵ ئەوەشدا داوای هەڵسووڕان و چالاکیی و بەشداریی پیاوانی رادیکالی بەرابەرخواز و یەکسانیخواز دەکەین کە لە ناو ماڵی خۆیانەوە دەست پێ بکەن و ڕوو بە دەرەوە شانبەشانی ژنان، جا هەر جۆرە بیروخەتێکی سیاسیی ئازادیخوازانەیان هەیە، تێبکۆشن و ئەو هاسانکاریانەیان بۆ بکەن کە دەبێت بکردرێت.
هەر ڕیفۆرمێک لە هەر شوێنێک دەبێت و دەکردرێت کە لە قازانجی ژنان بێت بە کارێکی باش دەزانین.

کۆمەڵگای داگیرکراوی کوردستان خاوەنی کەرەکتار و خەسلەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی خۆی هەیە کە داگیرکەر بەشێکی چالاک و هەڵسووراوی ئەو فەزایەیە. ژنانی کورد کە شاعیر، ئەدیب، گۆرانیبێژ، سەماکار، ئەکادیمیی، سیاسەتمەدار و هەر شتێک کە هەن لە ناو بارودۆخ و لە ژێر هەلومەرجی زۆر جیاواز لە ژنانی نەتەوەی سەردەستدا دەژین. ئەمە ڕاستیەکی سیاسییە کە دەبێت بە جیددیەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئێمە دەڵێین پرسی ژنان پرسی ڕێکخستن و دووبارەڕێکخستنەوەی کۆمەڵگایە. پرسی ێکخستنە لەو مانایەدا کە ژنان دەبێت خۆیان ڕێک بخەن دەنا داوای دەستەڵاتی سیاسیی نامومکینە.
ئێمە هیچ جۆرە ساختار و شێوەیەکی رێکخستن ئیجباریی دانانێین، ئەگەرچی نایشارینەوە کە پێمان باشە ژنان لە بزووتنەوەی سۆسیالیزمی دڵخوازانەدا، واتە سۆسیالیزمی دیموکراتیک و ڕیفۆرمیست، خۆ ببیننەوە و خۆیان ڕێک بخەن. بە بۆچوونی ئێمە لەوێدا واقیعبوون و دامەزراندنی دەوڵەتێکی باشبژیی ئیمکانیی زۆرە.
بەو شێوەیە پیاوان ناچارن و ناچار دەبن کە هاوکار لەگەڵ ژناندا دووبارە کۆمەڵگا ڕێک بخەنەوە. لەو دووبارە ڕێکخستنەوەیەدا شێوەکانی دابەشکردن و جێگا و ڕێگاکان باشتر دیار دەبن. پیاوان فیر دەبن کە ژنان دەبێت لە دەستەلاتی سیاسییدا جێگایان بێتەوە.
ئێمە سەرەڕای ئەوەی کە پشتگیریی بێ قەیدومەرجمان لە ژنان دووپات دەکەینەوە، هەوڵ دەدەین کە ساختاری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی دانیشتووانی کوردستان و لەوانەیش ژنانی کوردستان. لە ژێر ئەو ڕۆشناییەدا بخەینە ڕوو. بە لای ئێمەوە گرینگە ژنانێک پەروەردە بن کە دەیانەوێت لە خودی دەستەڵاتدا بەشدار بن و کە ڕێگا نادەن لە نێوان دووڕیاندا هەڵبژێرن و کە خۆیان ناکەن بە “شێرەپیاوی” حیزبەکان و کە هەوڵ دەدەن لە سەرزەمین بە دوای ژیانێکی ئازاددا بگەڕین، نەک لە نێو بەهەشتێکدا، جا لە سەر زەوی بێت یان لە ئاسمان.

پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان (رۆژهه‌ڵات)
٥/٣/٢٠١
٠

پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان (ڕۆژهه‌ڵات)