
کۆنگره‌ی سێهه‌می یه‌کیه‌تیی ژنانی دیموکراتی کوردستان
سەر لە به‌یانی رۆژی پێنجشه‌مه ١٣ ی گه‌لاوێژ، به به‌شداریی ژمارەیەک لە ئه‌ندامانی رێبه‌ریی حیزبی دیموکراتی کوردستان و کۆمه‌ڵێک میوان له حیزب و رێکخراوه‌کانی رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان کۆنگره‌ی سێهه‌می یه‌کیه‌تیی ژنانی دیموکراتی کوردستان له ژێر دروشمی "به هه‌وڵ و یه‌کگرتوویی ژنانی کورد هه‌نگاو بنێین به‌ره‌و یه‌کسانیی" له بنکه‌ی سه‌ره‌کی یه‌کیه‌تی ژنانی دیموکراتی کوردستان ده‌ستی پێ کرد .
مەراسیمەکە بە سروودی نەسرەوتن لە لایەن کۆرسی یەکیەتی ژنانی دیموکراتەوە دەستی پێی کرد و پاشان بە وتەیەکی کورتی خاتوو عیسمەت نەستانی سکرتێری پێشووی ئەو رێکخراوەیە کۆنگرەکه کرایەوە. لە درێژەدا برووسکه و وتەی جۆراوجۆر لە لایەن بەشداربووان و میوانانی ئەو رێورەسمەوە پێشکەش کراو خوێندرایەوە. شایانی باسە هاوڕێیان سەبری بەهمەنی، رووناک فەدەوی و زارا فەتحی نەژاد وەک نوێنەری کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە - پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان بەشداریان لەو رێورەسمەدا کرد .
دەقی پەیامی کومیتەی ژنانی کۆمەڵە - پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان بۆ سێهەمین کۆنگرەی یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستان :
ئامادەبووانی خۆشەویست
بەڕێزان، کادرو ئەندامانی تێکۆشەری یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان
لە لایەن کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە - پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەین بە بۆنەی بەستنی سێهەمین کۆنگرەی یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستان .
ئێوە لە کاتێکدا سێهەمین کونگرەی خۆتان دەبەستن کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بەرەو گۆڕانکاریەکی خێرا هەنگاو دەنێت.
کاروانی بەرەوپێشچوون و پێشکەوتنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی قۆناغی زۆر سەخت و جۆراوجۆری بڕیوەو ژنان وەک نیوەی زیاتری کۆمەڵگا فیداکاری و گیانبازی بێ وێنەیان بۆ دەستەبەرکردنی ئەو پێشکەوتنانە کردووە. سەرەرای ئەو بەرەوپێشچوونانە هۆکاری مێژوویی ژێردەستەیی ژنان واتە توندوتیژی سیستماتیک و بەرنامەدارێژراو لە دژی ژنان و هەروەها ئایین و هێما مێژووییەکانی دەسەڵاتی پیاوانە رۆژانە بە ملوێنان ژن لە جیهان دەچەوسێنێتەوە. شەڕ و کلتووری شەڕخوازانە، ئایین و لەمپەرە کۆمەڵایەتیەکان و بیری پیاوسالارانە ئەو هۆکارانەن کە زۆرترین زیانی جەستەیی و مەعنەوی دەگەینێتە ژنان. لە هەمانکاتدا دەسەڵاتە پیاوانەکان و ئەو ناوەندانەی کە بە مەبەستی پەرەپێدان بە دەسەڵاتی پیاوانە و پاراستنیان بنیاتنراون وەکوو ئامرازێک دەڕواننە ژنان و پێگەی کۆمەڵایەتی ژنان .
کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وەکوو دەسەڵاتێکی ئایینی و پیاوسالارانە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە سەرکوتکردنی ژنانی کردە یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی خۆی و دەستی لە هیچ چەشنە توندوتیژیەک دژ بە ژنان نەپاراست. هیچ جێی گومان نییە کە کۆماری ئیسلامیی بە بەرنامە و پلانی تایبەتەوە لە گەڵ کێشەی ژنان به‌ره‌وڕوو بووە و هەر لە پۆششی زۆرەملێ ژنانەوە بگرە تا هەڵاواردنی جنسی لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگا و به‌ردباران و رێگە خۆشکردنی یاسایی بۆ کوشتنی ژنان لە ژێرناوی جۆراوجۆر، هەمووی بۆ سەرکوتکردنی ژنان و پەراوێز خستنی ژنان وەک نیوەی زیاتری کۆمەڵگا بووە و بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی لە هیچ چەشنە توندوتیژیەک دریغی نەکردووە و ئێستایش بۆ داڕشتنەوەی پەیکەرەی خۆی لە سەر بنەماکانی پێشوو پەلەقاژە دەکات و دڕندانە بۆ مانەوەی، تەواوی سنووره ئەخلاقیهکان و مافه‌کانی مرۆڤی بەزاندووە .
لەم نێوەدا ژنانی کوردستان، بەتایبەتی لەبەرئەوەی چەوسانەوەی نەتەوەییان لەسەرە، مافەکانیان زۆر کەمتر و باری سەر شانیان زیاتر و ئازارەکانیان زۆر زیاترە. ژنانی کوردستان لە ئابووریی خراپی داسه‌پێنراو و لە فەزایەکی بێخزمەتگوزاریی پلان بۆدارێژراودا دەژین .
دەوڵەتانی داگیرکەر هەموو جۆرە شێوەیەکی سەرکوتکردن بە ئامانجی دواخستنی کاروانی پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردستان و لەوانە خەباتی ژنان، بەکاردەهێنن. دەوڵەتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات که‌ش و هه‌وای ترس و تۆقان لە کوردستان بهیلێتەوە. ژنان و منداڵان لەو فەزایەدا یەکەمین و گەورەترین قوربانین. هەر لەبەر ئەو چەوساندنە نەتەوەیی و چینایەتیی و جنسییەیە کە ژنانی کوردستان سەربەرز و پشت بەخۆئەستوور بە بەردەوامیی لە خەباتێکی سەخت و بێووچاندان. ژنان هەروەکو پیاوان و بگرە زیاتریش لە سەنگەری خەباتی پێشمەرگانە و زیندان و سیاچاڵەکان و جۆرەکانی دیکەی خەبات، هەڵسووڕانی سیاسی‌یان کردووە و دەیکەن. لەبەرئەوە بە ئاسانی ناتوانرێت نکۆڵی لە مافی بەرابەر و خەباتیان بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی بکرێت .
ئه‌مڕۆکه و دوای زیاتر لە سێ ده‌یه چالاکی سیاسی لە به‌رامبه‌ر داگیرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا، ده‌توانین دان به بوونی بزووتنه‌وه‌یه‌کی خاوه‌ن ئه‌زمونی ژنانی کورد دابنێن. بزووتنه‌وه‌یه‌ک که پێناسه‌که‌ی خۆی ده‌ناسێت. وهخهبهرهاتنێکی گەورەی کۆمه‌ڵایه‌تی که ساڵانێکی زۆره له‌ژێر عه‌باو چارشێوی ره‌شی داسه‌پاودا، مه‌جالی ده‌نگ هه‌ڵبڕینیان پێ نه‌ده‌درا، نیشانده‌ری ئه‌و راستییه‌یه که بزووتنه‌وه‌ی حه‌قخوازانه و به‌رابه‌ریخوازانه‌ی ژنان بۆ پێداگری له‌سه‌ر مافه‌ره‌واکانیان، سه‌رسه‌ختانه‌تر له هه‌رکاتێک هه‌نگاوی کاریگه‌رتریان هه‌ڵێناوه. ژنانی کوردستان بە ئارەقهی نێوچەوان و بە خوێنی خۆیان ئەو مێژووەیان تۆمار کردووە. ژنانی کورد یه‌کێک له دژوارترین وله هه‌مان کاتدا پڕئه‌زموونترین سه‌رده‌می خه‌باتی خۆیان تێپه‌ڕکرد. گیران و ئازار و ئه‌شکه‌نجه دران، گیانیان به‌خت کرد، بەڵام بەردەوام بوون لە دەنگ هەڵبڕین و کۆڵ نەدان. به‌م جۆره مۆری خه‌بات وکۆڵنه‌دانی خۆیان له ره‌وتی رووداوه‌کان دا و کاریگه‌ریی خۆیان له سهرفهزای سیاسی و بردنه سه‌ری ئاستی و شیاری و فه‌رهه‌نگی گشتی دانا کە شیاوی بایەخدانن .
ئەزموونە جیاوازەکان لە وڵاتانی دنیا نیشانی داوە کە بزووتنەوەی ژنان لە کاراکتێرە جیاوازەکانی فیکری و سیاسی پێک هاتووە. ژنان جیاواز لە پلەی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و سیاسیی و ڕووانگەکانیان لە بەرەیەکدا کۆبوونەتەوە و بزووتنەوەیەکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتیان هێناوەتە ئاراوە کە بۆ بە دەستهێنانی مافی یەکسان، هەڵاواردن و یاسا نابەرابەرەکانیان هێناوەتە ژێر پرسیارەوە. گومان لەوەدا نییە کە ژنان به هه‌موو جیاوازیەکانیانەوە توانیوویانە لە بزووتنەوەیەکی یەکسانیخوازیدا ئامانجی هاوبەش بدۆزنەوە و بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەی هەڵاواردنی رەگەزی یەکگرتووتر بن. یەکگرتوویی ژنان بە مانای هاوتەریببوونی رووانگە جیاوازە کۆمەڵایەتیی و سیاسیه‌کانی ئەوان نییە، بەڵکو هاودەنگی ژنانە کە سەرەڕای جیاوازیەکانیان بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان و نەمانی هەڵاواردنی جنسی شان بە شانی یەکتر تێدەکۆشن.
لە بزووتنەوەی گشتیی ژنان و بە تایبەتی ژنانی کورددا، ستراتیژی جیاواز بۆ داهاتوویەکی یەکسان بوونی هەیە و لەوێدا ژنانی سێکۆلارو ئایینی، ژنانی مودیڕن و سوننەتی سەرەڕای جیاوازیه سیاسی و فیکریه‌کانیان، بەڵام پێکەوە و هاوشانی یەکتر لە بەرامبەر بیری یەکگرتووی پیاوسالارانەدا رادەوستن.
ژنانی کورد لەم قۆناغەدا دەبێت پێشەنگ و نموونەی یەکگرتوویی و هاودەنگیی و هاوخەباتیی بن. ئەگەر حیزبەکانی کوردستان نەیانتووانیەوە لەدەوری ستراتیژیەکی هاوبەشی کوردستانی کۆ ببنەوە ئەوە ژنی کوردە دەبێت هاندەر و رێگەخۆشکەری هاودەنگی نیشتمانیی بێت.
هیوادارین لەم کۆنگرەیەدا سەرەڕای ئەوەی خوێندنەوەی قووڵ و ئەمڕۆیانە بۆ کێشەکانی ژنانی خۆرهەڵات دەکرێت، هه‌روه‌ها یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستان هەنگاوی گەورەتر هەڵبگرێت بۆ یەکێتیەکی گەورەتر لە نێوان سەرجەم ژنانی کوردستان بە گشتیی و ژنانی خۆرهەڵاتی کوردستان بە تایبەتیی .
جارێکی تر پیرۆزباییتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ بە ئاوات دەخوازین
کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە - پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان
١٣ ی گه‌لاوێژ ١٣٩٠

|