١ ئایار
دەرفەتێکی دیکە بۆ ڕاگەیاندنی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان

هاووڵاتیانی کوردستانیی،
جه‌ماوه‌ری دیموکراسیخواز و ئاشتیخواز،
به‌شداربووانی یه‌کی ئایار،


لەگەڵ تۆمارکردنی مێژوودا ڕێزگرتن له‌ ١ ئایار ساڵی ١٢١ هەمینی خۆی پیرۆز دەکات. ساڵگەلێک لە تێکۆشانی هەمەجۆر لە ناو بەشێکی زۆر لە زه‌حمه‌تکێشان و کرێکاران و جووتیاران و خوێندکاران و رووناکبیرانی پێشکه‌وتووخواز و ڕه‌واخواز له‌ سه‌رناسه‌ری جیهان، نیشانی دەدات کە هەندێک جار خەبات دەتوانێت سنوورە نەتەوەییەکان ببەزێنێت و لە سەر ئاستی گێتیی بکردرێت.
خەباتی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریی لە وڵاتانی پیشه‌سازییدا پێشکه‌وتنی گرینگی به‌ خۆیه‌وه‌ بینیووه‌. لە خەباتی دیموکراسیخوازانە و ئاشتیخوازانە و ڕیفۆرمخوازانەی بزووتنەوەی سۆسیالدیموکراتییدا دەتوانین سەرکەوتنی بەرچاو بژمێرین، بەڵام هەروەها له‌ بزووتنه‌وه‌ی پان - کرێکاریی، سه‌ندیکایی ڕێکخراوه‌یی و خوێندکاران و هەروەها لە بزووتنه‌وه‌ی لیبرالییشدا سەرکەوتنی شایانباس تۆمار کراون.


هەموو ئەو کارانە بە گشتییش و بە تایبەتیش دەستکەوتی بە بایەخیان هێناوەتە ناو کۆمەڵگاکان. قسەکردن کە کام لەو دەستکەوتانە کەمتر یان زیاتر گرینگن، کارێکی هاسان نییە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا بۆ ئەوانە باش بووە کە بە شێوەیەک ژیانیانی پێ باشتر بووە.
لەبەرئەوەیە ئێمە، کۆمەڵە - پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان، هەر لە سەرەتاوە بەلامانەوە گرینگ بوو ڕچەی ناسوپاسمەندیی و پێنەزانین و بە هەندنەگرتن بشکێنین و دەستخۆشیی و ئافەرین لە هەموو هەنگاوێک بکەین کە تەنانەت بە بچووکترین شێوەیش دەتوانێت خزمەت بە وانە بگەیەنێت کە پێویستیان پێیەتی.
هەڵهێنانی هەنگاوی وا لە جیهانێکدا کە ڕێکخراوگەلی ئیتوپیست و شۆڕشگێڕی پەڕگیر و ڕمبازێنکار و ڕیسکهەڵگر، وەک باڵندەی تێر خەو لە بەرەبەیانی بێئگاییدا پڕ بە گەروو دەچریکێنن، هاسان نییە. بڵندکردنی دروشمی پا دەر هەوا و سوێندخواردن لەسەر  هۆمۆژنی چینی کرێکار وەکو چینێکی بێ کۆنترادیکت و بێخەوش لە ناتەبایی، زیانی زۆری گەیاندووە.
لە دۆخی وادا، کاتێک کە لاینێکی سیاسیی دێت و چینی کرێکار دەکات بە پێکهاتەیەکی پیرۆزی خۆگەڕ و ڕزگارکەری مرۆڤایەتی، کە داواکان لە هەر ئاستێکی مایکرۆدا مەسخەرە دەکات و پەنا بۆ بەر ئاستی ماکرۆ لە گێتیی/ جیهاندا دەبات، و خۆی دەکات بە خێوی بزووتنەوەی کرێکاریی و بە دایکی هەموو جۆرە وەڵامەکان، زوو دەردەکەوێت کە برینی هەوکردووی بزووتنەوەی کرێکاریی چەند قووڵە، چۆن جڵەوی تێکۆشانی سەرزەمینیی لە دەست دراوە و چۆن کێشەگەلی گەورەی وەکو کۆلۆنیالیزم، داگیرکەریی، تاڵانیی ئابووریی و فەرهەنگیی و کولتوریی، رەگەزپەرستیی و شێوەکانی هەڵاواردن لە زۆر سووچی دونیا، لە ناو زۆر نەتەوە و گرووپدا، فەرامۆش دەکردرێن.


لە دۆخی وادا، کاتێک کە دروشمەکان بانزەمینین و ماڵی مرۆڤەکانیان جێهێشتووە، کاتێک کە  گرینگیی بە تایبەتمەندیی شوێن و جێگای جیاواز و بە پێکهاتەی جیاواز و کات و توانا، نادرێت، ڕۆشنە کە خەباتی دیموکراسیانە و ئاشتیخوازانەی چینی کرێکاران و لایەنانی دیکەی ئازادیخواز ڕوو لە هەوراز دەبێت.
لەبەرئەوە بوو هەر لە سەرەتاوە ئێمە، کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان بە لامانەوە گرینگ بوو هیچ دەستکەوتێک نادیدە نەگرین. دەستکەوتی جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت لە یەکتر، ئازادیگەلی هەمەخۆر، جڵەوکردنی سەرمایەداریی و بازاڕی ئازاد،  حاکمیی یاسا و بێلایەنیی ده‌سته‌ڵاتی دادوه‌ریی و سەدان دەستکەوتی دیکەی لەو جۆرە لە بواری تەندروستیی و خوێندن و خزمەتگوزاریەکان و مافگەلی خانەنشینیی و هتاد. دەستکەوتگەلێکن کە دەبێت پێشبخرێن و گەشەیان پێ بدرێت، بەڵام پێش هەر شتێک دەبێت بسەلمێندرێن و بپارێزرێن.


ئەرکی ئێمە، کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان
ئێمە دەمانەوێت و لەو تێکۆشانەداین کە کۆمەڵگای کوردستان لە بیری سوننەتیی نەزۆک، لە بیرگەلی کۆمۆنیستیی وابەستە بە شیعاری دەرزەمینی و پا دەر هەوا، لە شۆڕشگێڕیی دوور لە سەواد و لە پاسیڤیزمی سیاسیی و نەخۆشینی دیکەی منداڵانەی چەپ ڕزگار بکەین.
بەڵام پێش هەر شتێک و لە پلەی هەرە یەکەمدا ئێمە دەمانەوێت پەردە لەسەر هەموو ئەو گەرایشانە کە لە هەموو حاڵەتەکانیاندا ناکوردستانیین، هەڵ بدەینەوە.


دەمانەوێت دۆخی کوردستان، وەکو خاکێکی داگیرکراو و کۆلۆنیزەکراو، وەکو کۆمەڵگایەکی تاڵانکراو و کۆمەڵکوژکراو، بخەینە ڕوو. نیشانی بدەین کە دۆخی چوونایەتی و جەندایەتی کرێکاران و جووتیارانی کورد لە چ ئاستێکدایە، جەماوەری بەرینی کوردستان لە چ حاڵێکدان، خۆراک و خوێندن و خزمەتگوزاریی و مافگەلی دیکەیان چەندە و چۆنە و لە چ ئاستێکدایە.
لەو ڕووەوە ئێمە هەر چەپێکی دیموکراسیخواز و ڕیفۆرمخواز نیین، بەڵکو چەپێکی کوردستانیی و ئازادیخوازین کە مۆرکی تایبەتمەندیی خەباتی سیاسییمان بە بزووتنەوەی ڕزگاریخواز و بەرابەرخوازی کوردستانەوە دەنێین.
کەواتە جیاوازیەکانی ئێمە هەر بە دەیان نیین، بەڵکو دەتوانن بە سەدان بن.


لە ١ ئایاردا ڕوو دەکەینە جەماوەری بەرینی جیهان و داوایان لێ دەکەین هاوپشت و هاوخەباتمان بن کاتێک کە داوای دەکردنی سپای داگیرکەر و هێزی ئیتلاعات و پاسدار دەکەین. ئەو سپایە زامنی هێشتنەوەی یەکێک لە سەخترین شێوەکانی ئیستیبدادی داگیرکەرییە لە کوردستان.
داوا دەکەین هاوپشت و هاوخەباتمان بن کاتێک داوای مافی ڕیفەراندۆم دەکەین، بۆ ئەوەی ئازادیی مافی بڕیاری دیاریکردنی چارەنووس بخرێتە دەست خەڵک و بڕیار لەسەر جارەنووسی خەڵک لە پشت پەردەکان و ژوورە داخراوەکان بهێنرێتە دەر.
داوا دەکەین هاوپشت و هاوخەباتمان بن کاتێک دەمانەوێت حکومەتێکی دیموکراتیک و باشبژیی دابمەزرێنین، کاتێک داوای بەرابەریی و یەکسانیی دەکەین، کاتێک دژی شێوەکانی هەڵاواردن و ڕەگەزپەرستی تێدەکۆشین، کاتێک دەستی هاومافیی دەهێنینە پێش و داوای ژیانێکی ئازاد و دوور لە چەوساندنەوە دەکەین.
داوا دەکەین هاوپشت و هاوخەبات و هاوسەنگەرمان بن لە تێکۆشانی ئازادیی نەتەوەییماندا.
له‌به‌رئه‌وه‌ داوای سیاسیی و خەباتی ئێمە، کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان لە ١ ئایار مانایه‌کی دیکه‌ی هه‌یه‌ و حەتمەن لەگەڵ داوای سیاسیی لایەنانی دیکەدا جیاواز دەبێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو جیاوازیانە کە لە ئامانجی ئێستایی و کورتخایانماندا هەن، هەر هەموومان مەبەستمان ئەوەیە کە مرۆڤ سەربەرز و سەرفەراز و کامەران و تەندروست بێت، کە کۆمەڵگاکان بەختیار و دوور لە چەوساندنەوە بن.
ئێمە بە خۆشییەوە دەمانەوێت بە ڕێگای سیاسیی و ئاشتیخوازانە و دیموکراسیخوازانە لەو خەباتەدا بەشدار بین. ئەوە بڕیاری ئێمەیە.


بەو شێوەیە په‌یامی ئێمه‌ په‌یامی ئاشتیی و خوشکایه‌تیی و برایه‌تیی و هاوخه‌باتییه‌. په‌یامی یه‌کترقبوڵکردن و سازکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی فره‌چه‌شن و فره‌ڕه‌نگ و فره‌ده‌نگه‌. په‌یامی دروستکردنی هاوپه‌یمانیی و هاوسه‌نگه‌رییه‌، پەیامی کۆکردنەوەی چەپە دیموکراتیەکان و دامەزراندنی پارتێکی چەپی جەماوەریی سۆسیالدیموکراتە.

بژی کوردستانێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ!

بژی یه‌كی ئایار و هاوپشتی نێونه‌ته‌وه‌یی!

کۆمەڵە - پارتی سۆسیالدیموكراتی كوردستان
١/٥/٢٠١٠