
عەبە دلێر تایبەت بە شەقام:
عەبدوڵای موهتەدی کە ماڵی لە شوشەیە نابێت بەرد بگرێتە ماڵی کەس
عەبدوڵا کۆنەپۆشی ناسراو بە عەبە دلێر لە ساڵی ٧٩ی زایینیەوە پێشمەرگەی کۆمەڵە و ئەندامی کۆمیتە ناوچەی مەریوان بووە. لە ساڵەکانی ٨٤ی زایینی بۆ ٨٩ لە فەرماندەکانی کۆمەڵە بووە، ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی نیزامی کۆمەڵە بووە و بەرپرسیاریەتی دەیان ئۆرگانی کۆمەڵەی لە ئەستۆدا بووە، لە کادەرە چالاکەکان لە سەردەمی ساغکردنەوەی کۆمەڵدا بووە و دواتر بە هۆی کێشەی سیاسی و تەشکیلاتیەوە لە حیزبی کومەڵەی شۆڕشگێڕ دێتە دەرەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە ٢ ساڵ بەرپرسی رەوتی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە و هەروەها پێشەنگی گەڕانەوەی حیزبە رۆژهەڵاتیەکانە بۆ شاخ و دەرباز بوون لە ژیانی کەمپنشینی بوو. لەگەڵ پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان (رۆژهەڵات) لە یەکەم رۆژی نەورۆزی ساڵی ٢٠١٠ کۆمەڵە - پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستانیان پێکهێنا. ئێستا ئەندامی ناوەندی راپەڕندنی ئەو حیزبەیە و لە قەندیل سەرپەرەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.
ئەحمەد سەفا/ قەندیل
لەم دواییانەدا ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند کە لە مەریوان چوار تیرۆریستیان گرتووە کە ددانیان بە جاسوسی کردن بۆ ئینگلیس ناوە. بۆ ئەم هەواڵە بەم شێوەیە گوترا؟
ئەوەی کە بۆ هەمووان ڕوونە ئەوەیە کە ئەمە سیناریوی خودی کۆماری ئیسلامیە کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەرچەشنە نارەزایەتیەکی بە بیانووی دەستی دەرەکیی سەرکوت کردووە. لە نارەزایەکانی شاری تاران دەیان کوڕو کچی گەنج و کەم تەمەن لە بەندیخانەکانی ئەم ڕژیمە دەستدرێژی کرایە سەریان و لە ژێر ئەشکەنجە گیانیان لە دەست دا و یان لە نێو شەقامەکان بەر گوللە دران بە بیانووی ئەوەی کە سەر بە ئامریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە و تەنانەت وڵاتانی دراوسێی ئێرانن. بەڵام بۆ یەکجاریش نەبوو ئەم ڕژیمە بتوانێ ئەوە بسەلمێنێت کە ئەو تۆمەتانەی ڕاستە.
ئەم پرۆسەیە لە کوردستان بە چەندین قات زۆرتر بووە و لەوەتەی ئەم ڕژیمە هەیە هەر کوردێک بە گومانی پێوەندی لە گەڵ نەیارانی ڕژیم دەست بەسەر دەکران و بە تۆمەتی زدی ئینقلابی هەموو بەڵایەکیان بە سەر دەهێنان.
بەڵام ئەمڕۆ کە خودی وشەی ئینقلاب یان هەمان شۆڕش لە نێو دەست و پێوەندەکانی ڕژیم بێ مانا بووە ئیتر ناتوانێت کەس بە وشەی دژە شۆڕش (زدی ئینقلاب) بترسێنێت. بۆیە بە تیرۆریستیان ناو دەبات.
بە لای ئەم ڕژیمەوە فەرزاد کەمانگەر کە ماموستایەکی دڵسۆزی منداڵی فەقیرو هەژارانی کوردستان بوو تیرۆریستە، ئیحسان، شیرین، فەرهاد، عەلی، فەسێح و هەر کەس کە لە بەرەی ئەوان و بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتە کۆنەپارێزەکەیاندا نەبێت تیرۆریستە. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئەنقەست ئەو وشەیە بەکار دەبات تا سیمای بزووتنەوەی گەلی کورد لە لای وڵاتانی ئوروپا و ئەمریکا خەوشدار بکات و ئەو زهنیەتە دروست بکات کە کورد تیرۆریستە و دەبێت لە لیستی رەشدا بێت. بەمەش زورێک لە چالاکانی سیاسی و بە تایبەت رێبەرانی حیزبە روژهەڵاتیەکان ئەترسێنێت و لە ترسی ئەوەی کە وشەی تیرۆریستیان پێوە نەنرێت ئامادەن هەموو شتێک بکەن و تەنانەت لە سەر یەکتر هەڵوێستی نەشیاو وەربگرن یان دەست بە کڵاوی خۆیانەوە بگرن و دەنگیان لێوە نەیت کە تەنانەت سیناریوکانی ڕژیم لە دژی گەلی کورد مەحکووم بکەن.
ئەمە کولتووری تورکی فاشیست بوو کە گەلی کوردی لە باکووری کوردستان بە تیرۆریست ناو برد و لە لیستی ڕەشیانی خست و بەمەش ئاستەنگی بۆ دروست کردن، بەڵام کورد لە باکوور سەرکەوت. کۆماری ئیسلامیش دەیهەوێت ئەزموونە شکستخواردووەکەی ئەوان بەکار بێنێت و کورد لە هەموو شوێنێک و بە هەر بیانوویەک بە تیرۆریست ناو ببات.
کۆماری ئیسلامی زیرەکانە وشە تیرۆریسمی گرتووەتە دەست و وەکوو گورزێک بە سەری کوردا دەیکوتێت و زۆرێک لە حیزبە رۆژهەڵاتیەکان لە ترسا زیڕەیان کردووە و دڵیان تۆقیوە کە نەکا ئەم ڕژیمە کە هەموو دنیا بە خۆی ئەڵێت تیرۆریست بە ئەوان بڵێت تیرۆریست و بەو قسەیە ناویان بچێتە ناو لیستی تیرۆریستەوە!!!
وشەی تیرۆر بە مانای بەکار هێنانی ترس و توقاندنە بۆ بەدەست هێنانی ئامانجێکی دیاری کراو. کەواتە ئەمە دەوڵەتی ئێرانە کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی خەڵک دەترسێنێت و ئەگەر چاو لە هەموو کردەوەکانی بکەین لە بەرامبەر گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی کورد، ئەوە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیە کە تیرۆریستێکی جیهانیە و تەنیا بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی توقاندن و ترساندن لە چوارچێوەی ئێراندا نەوەستاوە و لە دەروەی ئێرانیش هەوڵی نائارامی و خوڵقاندنی کەش و هەوای پڕ لە ترس ئەدات و هەموو بودجەی ئێران و هەموو سەروەت و سامانی گەلانی ئێرانی خستووەتە خزمەت بە کاری سیخوڕیی و دروستکردنی نائارامیی لە ئێران و دەرەوەی ئێران. بەڕاستی دەبێت هەر کەس ئەو پرسیارە لە خۆی بکات کە دەبێت بە کێ بڵێن تیرۆریست؟
لاوانی کوردستان کە لە هەموو ئازادی و خزمەتگوزاریەک بێبەرین و تەنانەت بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان دەبێت هەڵوەدای شارەکانی دیکە بن یان رۆژانە دەیان کوڵبەر دەستدرێژی گولەیان دەکرێتە سەر لە سەر سنورەکان یاخود کۆماری ئیسلامی کە هەموو سەروەت و سامانی وڵاتی لە بەردەستدایە و بۆ سەرکوتی خەڵک بە کاری دەهێنێت.
سێ لایەن لە کۆمەڵەکان ئەوەیان رەت کردووەتەوە کە ئەو چوار کەسە سەر بە کۆمەڵە بن، ئێوە چی؟
ئێمە وەکوو کۆمەڵە - پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان ئەو سیناریویەی ڕژیمان مەحکووم کردووە و بە شتێکی زۆر ناڕاستی ئەزانین، کە دیارە مەبەستی ڕژیم لەو تۆمەتانە لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا داوەتەوە.ساڵ و نیوێکی پێش ئێستا لە کاتی گیرانی دوو کەس لەو چوار کەسە کە بە تۆمەتی کوشتنی چەند کەس لە دارودەستەی ڕژیم لە ناو شاری مەریوان دەستگیر کرا بوون رامان گەیاند کە ئەوە تەسویەی نێوخۆیی ڕژیمە و کاری خۆیانە. کە دواتر بە هۆی ناڕەزایی بنەماڵەی کوژراوەکانی سەر بە ڕژیم و هەروەها کوژرانی خەڵکانێکی بێتاوان لە ناوچەکە کە جلی پێشمەرگە و گریلایان لە بەر دەکرد و بەناوی پێشمەرگەوە دەیانیان کوشت و پارەیان لە ڕژیمی ئێران وەردەگرد. ئەو کارە ناڕەزایی خەڵکی لێکەوتەوە و ڕژیم ناچار بوو چەند کەسێک لە دەست و پێوەندەکانی خۆی و لەوانە هیوای تاب بەرپرسی سپا لە مەریوان و جەماعەتەکەی کە سەرەکیترینیان بوون دەستگیر بکات و تا ئێستایش بۆ خەڵک روون نییە چیان بە سەر هات.
ئەو چوار دەستگیر کراوە خەڵکی مەدەنین و لە کاتی دەستگیر کردنیاندا هیچ پێوەندیەکان بە هیچ لایەنێکی سیاسیەوە نەبووە و هەروەها لە چەند کاتی جیاوازدا دەست بە سەر کراون و هەرجارە و تۆمەتێکیان بۆ دروست دەکەن.
عەبدوڵای موهتەدی لە وتووێژێکدا وتوویەتی کە ئەوانە سەر بە عەبە دلێرن و ئەویش تاوانبار بوو، و لە کۆمەڵە دەرکرا. تۆ رات چیە لەم بارەیەوە؟
ئەو وتەیەی عەبدوڵای موهتەدی پشت ڕاستکردنەوەی ئەو تاوانانە بوو کە ئیتڵاعاتی ڕژیم خستوویەتیە پاڵ گیراوەکان و ئەویش تەئیدی کرد بۆیان و بواری تەنانەت بۆ ئیعدام کردنیان خۆش کرد. عەبدوڵای موهتەدی کوێرکوێرانە و تەنیا لە ڕقی مندا ئەو قسانەی کردووە بە بێ ئەوەی بیر لە ئاکامی قسەکانی خۆی بکاتەوە کە چ زیانێک بە خەڵکیتر دەگەیەنێت. ئەڵبەتە ئەو هەڵوێستەی عەبدوڵای موهتەدی بۆ من و ئەوانەی کە لە نزیکەوە دەیناسین ئاساییە و چاوەڕووانی خراپتریشی لێدەکرێت.
بەڵام بۆ مەسەلەی دەرکردنی من لە کۆمەڵە، شتێکی زۆر پێکەنین هاوەرە و لە بێ دەسەڵاتی و بوغز و کینەوە سەرچاوەی گرتووە. کۆمەڵە چەندین بەشە و عەبدوڵای موهتەدی هێشتا هەر وا ئەزانێت تەنیا ئەو خۆی بە تەنیا کۆمەڵەیە و خەڵک هەر ئەو بە کۆمەڵەی ڕاستەقینە دەزانن، بەڵام غافڵ لەوەی کە کردەوەکانی عەبدوڵای موهتەدی دەمێکە ئەوی لە بازنەی کۆمەڵە بوون دەرکردووە.
ئەو لە وتووێژێکدا بە فارسی بە من دەڵێت تەبەهکار!
رەنگە کۆمەڵێک تاوان بخاتە پاڵ من و پێی وابێت بەوە لە لایەن پان ئیرانیستەکانەوە مەدالیای ئێرانپارێزی وەردەگرێت. بەڵام بە شێوەیەکیش لە دیدی سیاسیی خۆیەوە ڕاست دەکات، من تەبەهکارم چون وەک ئەو هەوڵی کوشتنی هاوحیزبیەکانی خۆم نەئەدا و نەمگوتووە ”ئەمڕۆ ٥٠ کەس لە حیزبی کمونیست بکوژرێت و لە ناو بچن باشترە لەوەی کە سبەی رۆژ لە کوردستان هەزاران کەس بکوژرێت“. یاخود من وەک ئەو بەرپرسی واحید ئامادەکەم تەحریک نەدەکرد هەموو شەوێک چەند کەس ببات و بڕواتە پشت ئۆردوگای حیزبی کمونیست و تەقەیان بەسەردا بکات و ئارپی جییان پێیەوە بنێت یان لە ناو شار تووشی شەڕی دەستەویەخەیان بکات، یان کومیتەی مەرکەزیەکەم بنێرم بۆ شناسایی ناو ئۆردووگای سەید ئیبراهیم و ڕەگی ملی خۆم سوور بکەمەوە و هاوار بکەم کە ”ئەبێت کۆمەڵە تەنیا یەک کۆمەڵە بێت و ئەمڕۆ ١٠٠ کەس بکوژرێن باشترە لە شەڕی هەزاران کەس لە داهاتوودا“.
وایە، لەو دید و ئەخلاقە سیاسییەوە کە ئەو هەیەتی، من تەبەهکارم چون وەک ئەو چەند تازە پێشمەرگەم نەدەنارد بۆ ناو کۆمونیزمی کرێکاریی تا شوێنی کادرەکانیان هەڵکەم و خەڵک هان بدەم بۆ کوشتنیان. عەبدوڵای موهتەدی ڕاست دەکات چون من وەک ئەو کەسانی دیکەی هاوبیری ئەو ئەندازیار و میعماری جیابوونەوەکەی حیزبی دیموکرات نەبووم و بودجە و رادیۆم بۆیان ترخان بکردایە و دیموکراتە کۆنەکان لە ئۆرووپاوە بە هەزینەی خۆم بێنمە ناو ئۆردووگا و بە پلانەوە بیانێرم بۆ کۆیە تا بۆ جیابونەوەی حیزبی دیموکرات کار بکەن و پاڵپشتی دەیان هەزار دۆلاریم نەدەکرد بۆ جیابوونەوەکەی حیزبی دیموکرات و تەنانەت ئەوەندە لە سەرکەوتنی پیلانەکەم دڵنیا بم کە ئامادە بم بەشێک لە ئۆردووگاکەم چۆڵ بکەم بۆیان و شوێنی نیشتەجێ بوونیان بۆ دابین بکەم. ئێستایش خەڵکم پێ گەمژە بێت و باسی بەرەی کوردستانی بکەم و زۆر شتی دیکە، یان لە سلێمانی و بە نهێنی هەوڵی دانووستان لە گەڵ ئیتلاعاتی ئێران بدەم و لە ئاکامی کۆبوونەوەکە رەقەم موبایل و ئیمەیلەکانیان بنوسن بۆمان و لە کاتی هێرش بۆ سەر سەددام بەڵێنی یارمەتی و ئاسانکاریمان پێ بدەن تا لە ئەگەری ئاڵۆزی وەزعەکە لە رێگەی ئێرانەوە بگەڕێنەوە بۆ ئورووپا، یان ٣ مانگ لە بەغدا دانیشم تا پاسدارێکی پلە سێ و چواری سەفارتی ئێران ببینم، یان بودجەی حیزبەکەم لە چەندین شوێنی شاراوە وەربگرم.
کاتێک من ڕەخنەم لە سیاسەتگەلێک گرت و هەندێک شتم خستە ژێر پرسیار، ئاغای موهتەدی لە پلینومدا فەرمانی بە داربەستەکانی دا کە لە من بدەن و قوڵبەستم بکەن و تەقەیان لە پێشمەرگەکانی خۆیان کرد. تەنانەت رەحمیان بەو کچەی کە پاسەوانی بەر دەرگاکەی خۆی بوو و لە سەر پۆستی نیگابانی بوو نەکرد و دایانە بەر شەق و لێدان. تەنیا بەو گومانەی هاوبیری من بوون، جا ئیتر نازانم عەبدوڵای موهتەدی بە ڕاستی چیتر ماوە بیکات.
زۆر شت هەیە بۆ گوتن لە سەر موهتەدی، بۆیە نابێت ئەو ئاوا چاو بنوقێنێت و قسە بکات، چوون بەڵگەی زۆر بۆ باس کردن لە سەری هەیە. ئەگەر شتێک ناگوترێت تەنیا لە بەر زروفی کوردە و لە بەر ئەوەی کە دوژمنانی کورد دڵخوش نەبن. بەڵام کە هاتە سەر ناچاریی، ئیتر دەبێت زۆر شت بخرێنە بەر دەست خەڵک. خەڵکی کوردستان و یاران و لایەنگرانی کۆمەڵە شایستەی گوێلێبوونن لەو ڕاستیانە. بەڵێ، شتی زۆر هەیە کە لە سەری بگوترێت، بەڵام ئەخلاقی سیاسیی من لە ئاستێکدایە کە ئێستا نامەوێت باسی زۆر شت بکەم. عەبدوڵای موهتەدی دەبێت حاڵیی بێت کەسێک کە ماڵی لە شووشە بێت نابێت بەرد بگرێتە ماڵی کەس.
ئایا لە وتووێژ بۆ یەکگرتنەوەی کۆمەڵەکان بەشدار بوون؟
کام وتووێژت مەبەستە؟ ئێمە لە دوورەوە ئاگامان لە هەندێک دانیشتن بووە کە ناکرێت ناوی ”وتوێژ بۆ یەکگرتنەوەیان“ لێ بنرێت. پاشان دەرکەوت کە هەر وا بوو.
وتووێژ لە نێوان کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی شۆڕشگێر؟
نەخێر، وەک خۆت باسی دەکەیت ئەوە لە نێوان ئەو دوو لایەنە لە کۆمەڵەکان بووە و وەک دیاریشە هیچ ئاکامێکی نەبووە، عەبدوڵای موهتەدی جگە لە شەخسی خۆی کەس بە کۆمەڵە نازانێت و بە حیزبی دانانێت. لە وتووێژ لە گەڵ کەناڵی تەلوفزیونی حیزبەکەیشیدا عەفوی گشتی بۆ ئەوانەی کە لە حیزبەکەی هاتوونەتە دەر دەرکرد و گوتی ”دەیانبوورێت، با بگەڕێنەوە“. هەمیشە هەر بە کەمینە و دەرکراو باس لەو لایەنانە دەکات کە لە حیزبەکەی جیا بوونەتەوە.
تا ئەم جۆرە عەقڵیەتانە بڕیار دەر بن ئەم جۆرگەلە لە وتووبێژ چۆن دەگەنە سەرئەنجام، کاتێک هێشتا لایەنەکانی کۆمەڵە یەک قبوڵ نەکەن و هەوڵی لەناوبردنی یەک بدەن و سەنگەریان لە یەک گرتبێت بێت، ئەوا وتووێژ بە لای منەوە هەڵخەڵەتاندنی خۆیان و خەڵکە.
بۆ ماوەیەکە لە ناو حیزبەکاندا و بە تایبەت کۆمەڵەکان کۆماری ئیسلامی نفوزی کردووە و خۆیشیان لە راگەیاندنەکانیاندا باسیان کردووە، ئەوە چۆن ئەبینی؟
کۆماری ئیسلامی بە ئیمکاناتێکی بەرفراوان قورسایی کاری خۆی خستووەتە سەر سیخوڕی و لە رێگەی کاری جاسوسی و تێکدەرانەوە تا ئێستا توانیویەتی بمێنێت.
هەر بەو پێیە ئوردووگاکانی حیزبە رۆژهەڵاتیەکان شوێنێکە کە ئیتڵاعاتی ئێران زۆر بە ئاسانی ڕەخنە و هێلانەی تێدا بکات و کاری تێکدەرانەی تیادا ئەنجام بدات.
لە کەمپەکاندا باوەڕێکی پتەوی سیاسی بوونی نییە و کەس پەروەردە ناکرێت و زۆرینەی خەڵک بیر لە ژیانی تایبەتیی خۆیان و ئاسوودەیی بۆ خۆیان دەکەنەوە. ئەوە بوار بۆ نفوزی هەر کەس و لایەنێک خۆش دەکات کە بیهەوێت کاری سیخۆڕیی لە نێو ئەو کەمپانەدا بکات کە بارەگای ئەسڵی حیزەبەکانیشە.
سەردەمێک پێشمەرگە لە شاخ بوو بۆ جارێکیش کۆماری ئیسلامی ئێران نەیتوانیوە رەخنە بکاتە نێو حیزبەکان، بەڵام ئێستا هەموویان لە بەردەستیدان و چی پێی خۆش بێت بە ئاسانی دەیکات. ئەگەر چاو لە مێژووی دەستپێکردنی کەمپنشینی بکەین دەردەکەوێت کە گەورەترین خەسارەکان هەر لەو دیاردەیەوە سەری هەڵداوە.
تاکە رێگە چارەش بۆ دەرباز بوون لە پیلانەکانی ڕژیم و بووژاندنەوەی حیزبە رۆژهەڵاتیەکان بە گشتیی دەرباز بوونە لە ژیانی کەمپنشینی.
سەرچاوە: ژمارە ١٨١ی هەفتەنامەی شەقام
کـۆمـهڵـه ــ پارتی سوسیالدیموکراتی کوردستان

|