
وەڵامی ئاگر و ئاسن، گوڵ نییه
گومان له‌وه‌دا نییە که خه‌باتی مه‌ده‌نی زیاتر له هه‌موو شێوازه‌کانی خه‌بات ده‌توانێت خه‌ڵک به بۆچوون و ئایدیای جیاوازه‌وه له ده‌وری خۆی کۆ بکاته‌وه که خۆی له خۆیدا ئاماژه‌یه به‌وه‌ی که خه‌ڵک خوازیاری توندوتیژی نییە و شێوازی ئاشتیانه و مه‌ده‌نیانه‌یان به لاوه په‌سه‌ندتره له به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی راده‌ربڕین به هه‌موو که‌س ده‌دات، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه ناتوانین ئه‌زموونی هیچ خه‌باتێک جیا بکه‌ینه‌وه له به‌ستێنه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و شێوازه له خه‌بات، ته‌نانه‌ت خه‌باتی چه‌کداریش که ره‌نگه له بارودۆخێکدا باش بێت و له قۆناغێکی دیکه و بارودۆخی جیاوازدا زیانی هه‌بێت، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به‌ستێنی خه‌باتی مه‌ده‌نی و دیالۆگ له بار بێت. بۆیه ناتوانین بڵێن له سه‌داسه‌د شێوازێکی دیاریکراو له خه‌بات بۆ ئه‌م یان ئه‌و وڵات و کۆمه‌ڵگایه‌دا له قۆناغێکی دیاریکراودا به کار دێت .
نموونه‌ی خه‌باتی سه‌رکه‌وتووانه‌ی مه‌ده‌نیمان زۆره، به‌ڵام ره‌نگه نه‌توانین ده‌قی ئه‌و شێوازه له خه‌بات بۆ سه‌رده‌مێکی جیاواز به‌کار بێنین بۆ نموونه کۆچی مێژوویی خه‌ڵکی شاری مه‌ریوان بۆ به ده‌ستهێنانی هه‌ندێک داخوازی و ئامانجی تایبه‌ت له سه‌رده‌مێکی دیاریکراودا و رێپێوانی خه‌ڵکی شاری سنه به‌ره‌و مه‌ریوان بۆ پشتیوانی له خه‌ڵکی ئه‌و شاره. به‌ڵام ئایا ئێستایش ده‌توانین هه‌مان شت ده‌قاوده‌ق دووباره بکه‌ینه‌وه؟... یان بزووتنه‌وه‌ی مارتین لوترکینگ بۆ به ده‌ستهێنانی مافی یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی بۆ ره‌شپێسته‌کانی ئامریکا که نه‌یتوانی له باشووری ئه‌مریکا زیاتر په‌ره بستێنێت یان بزووتنه‌وه‌ی گاندی له هیند .
جگه له‌وه هه‌موو بزووتنه‌وه‌یه‌کی دیموکراتیی هه‌وڵده‌دات که له چوارچێوه‌یه‌کی ئاشتیانه و به دوور له هه‌ر چه‌شنه توندوتیژیه‌ک ئامانجه‌کانی خۆی به ده‌ست بێنێت، به‌ڵام هیچ گه‌ره‌نتیه‌کیش نییە که به‌و شێوه‌یه هه‌نگاو بۆ پێشه‌وه بنێت که ده‌یهه‌وێت و خۆی له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه پێناسه کردووه، له به‌ر ئه‌وه‌ی که چوارچێوه‌ی فیکریی و سیاسیی له چۆنییە‌تی به‌ره‌و پێشچوونی هه‌ر خه‌باتێکی سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌وریان هه‌یه، به‌م هۆیه‌وه راده‌ی سه‌رکه‌وتنی به‌وه پێناسه نا‌کرێت که ته‌نیا بزووتنه‌وه‌یکی ئاشتیانه و مه‌ده‌نی بێت، به‌ڵکوو هه‌ندێک هۆکاری ناوخۆیی وڵاته‌که وه‌ک شێوه‌ی هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و هه‌روه‌ها بارودۆخی هێزه سیاسیه‌کانی جیهان ده‌وریان هه‌یه له سه‌رکه‌وتن یان سه‌ر نه‌که‌و‌تنی خه‌باتێکی ئاشتیانه و مه‌ده‌نیی، بۆیه نا‌کرێت ته‌نیا له چوارچێوه‌ی مه‌ده‌نی بوونه‌که‌یدا هه‌ڵسه‌نگێندرێت .
شۆڕشه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یان خه‌باتی گه‌لی کورد به تا‌یبه‌تیی له باکووری کوردستان نموونه‌یه‌کی به‌رچاون که ده‌ریده‌خات ته‌نیا ئاشتیخوازبوونی ئه‌و بزووتنه‌وانه نابێته هۆی به‌رده‌وام بوونی خه‌باتێکی ئاشتیخوازانه و مه‌ده‌نیی، به‌ڵکوو ده‌سه‌ڵاتی به‌رامبه‌ری ئه‌م بزووتنه‌وانه‌یه که رۆڵێکی گرینگی هه‌یه له راگرتنی ئاشتیخوازبوونی بزووتنه‌وه‌یه‌ک یان هاندانی به‌ره‌و توندوتیژی له رێگه‌ی به‌کاربردنی توندوتیژی بۆ سه‌رکوت و کۆتایی هێنان به‌و بزووتنه‌وانه .
ئه‌گه‌رچی بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تیی و له‌وانه بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئاشتیخوازانه له قوڵایی کۆمه‌ڵگادا سه‌ر‌هه‌ڵده‌دات، به‌ڵام راسته‌وخۆ له گه‌ڵ په‌رجه‌کرداری ده‌سه‌ڵات و حکومه‌تدا به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه. هه‌ر بۆیه قه‌واره‌ی حکوومه‌ت و ئاراسته‌ی هێزه سیاسیه‌کان تا راده‌یه‌کی زۆر کاریگه‌ریان هه‌یه له چۆنییە‌تی ئه‌و په‌رچه‌کرداره‌ی ده‌سه‌ڵات و هه‌روه‌ها کاریگه‌ریان هه‌یه له گۆڕینی ئاراسته‌ی بزووتنه‌وه‌که‌و په‌رچه‌کرداری بزووتنه‌وه‌که. هه‌ر به‌و بۆنه‌وه هه‌ر لێکدانه‌وه‌یه‌ک ده‌بێت سه‌ره‌تا له لێکدانه‌وه‌ی حکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌ست پێ بکات .
بانگه‌وازی ساڵی ١٩١٩ی گاندی بۆ نافه‌رمانی مه‌ده‌نیی، له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئینگلیسه‌وه ئاقاره‌که‌ی گۆڕا به‌ره‌و توندوتیژی و بووه هۆی کوژران و بریندار بوونی خه‌ڵك. یان خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی خه‌ڵكی ئێران له دژی ساخته‌کاری له‌هه‌لبژارده‌نه‌کاندا که له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌ره‌و توندوتیژی پالێ پێوه‌نراو ته‌نانه‌ت به‌و راده‌یه گه‌یشت که خه‌ڵک له هه‌ندێک له خۆپیشاندانه‌کاندا هێزه‌کانی سه‌ر به رژیمیان چه‌ک ده‌کرد و ده‌یانگرتن یان په‌لاماری هێزه ئه‌منییە‌تیه‌کانی رژیمیان ده‌دا. هه‌ر به‌و بۆنه‌وه روونه که بوونی که‌سانێک وه‌کوو سه‌دام، خۆمه‌ینی و له ئێستاشدا خامنه‌یی، قه‌زافی و به‌شارئه‌سه‌د له ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدا که بڕووای ته‌واویان به توندوتیژیه ئه‌کامه‌که‌ی ده‌بێته تراژدیایه‌کی گه‌وره‌ی سیاسیی کۆمه‌ڵایه‌تیی .
ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێت که ئاشتیخوازبوونی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌ک ده‌توانێت ئامانجی جیاوازی سیاسیی کۆمه‌ڵایه‌تیی له‌پشته‌وه بێت. وه‌ک خه‌باتێک له چوارچێوه‌ی یاساکانی وڵاتێک‌دا یان دژایه‌تیکردنی یاسا بنه‌ڕه‌تیه‌کانی وڵات و بردنه ژێر پرسیاری یاسا و ده‌سه‌ڵات، یان به مه‌به‌ستی گۆڕانکاری بێت له قه‌واره‌ی ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت یان به پێچه‌وانه‌وه بۆ رووخان و له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵات بێت، هه‌ر بۆیه شێوازی خه‌بات ناتوانێت ئامانجه‌کانی دیاری بکات. بۆ نموونه له دوو بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نی گاندی و مارتین لوترکینگ، سه‌ره‌ڕای پێداگریان له سه‌ر خه‌باتی ئاشتیانه و مه‌ده‌نیی، به‌ڵام هه‌رکامه‌یان هه‌ڵگری ناوه‌رۆکی جیاواز‌و ئامانجی تایبه‌ت به خۆیانن. لوتر کینگ داوای گۆڕانی یاسای بنه‌ڕه‌تی وڵاتی ده‌کرد و خوازیاری یه‌کسانیی ره‌شپێسته‌کان له گه‌ڵ سپیپێسته‌کان بوو ، به‌ڵام گاندی خوازیاری کۆتاییهێنان به ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیس له هیند بوو، واته قه‌واره‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌برده ژێر پرسیار و خوازیاری نه‌مانی بوو .
لێره‌دا ئه‌و پرسیاره گرینگه که ئایا ده‌کرێت شێواز و چوارچێوه‌یکی دیاریکراوی خه‌بات بۆ هه‌موو قۆناغه‌کان به کار ببرێت؟
به دڵنیایه‌وه هه‌روا که ناتوانرێت خه‌باتی نامه‌ده‌نیی بۆ هه‌موو قۆناغێک کاریگه‌ر بێت هه‌ر به‌و هۆیه‌وه نا‌کرێت بۆ هه‌موو قۆناغێکیش ته‌نیا ئاڵترناتیو خه‌باتی مه‌ده‌نی بێت .
ئه‌مه به مانای پشتیوانی له توندوتیژی نییە، به‌ڵکوو روونکردنه‌وه‌یه‌که بۆ ئه‌و بۆچوونانه‌ی که پێیان وایه خه‌باتی مه‌ده‌نیی بۆ هه‌موو قۆناغه‌کان و له به‌رامبه‌ر هه‌ر چواچێوه‌یه‌کی فیکری ده‌سه‌ڵاتداره‌کان ته‌نانه‌ت ده‌سەڵاته دیکتاتۆرو توتالیتره‌کاندا کاریگه‌ری هه‌یه و ده‌توانێت بمانگه‌ینێته ئامانج. هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌وه بزانین که سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژیی، ده‌سه‌ڵاته توندتیژخوازه‌کانن نه‌ک خه‌ڵک و بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان. مرۆڤی تێگه‌یشتوو ئه‌و گرێکوێره‌ی که به ده‌ست ده‌کرێته‌وه قه‌ت به ددان نایکاته‌وه. هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه به توندوتیژی ده‌ستی پێنه‌کردووه به‌ڵکوو ده‌سه‌ڵاتداره‌کان وه‌ها په‌رچه‌کردارێکیان به سه‌ریاندا داسه‌پاندووه. بۆ وێنه له شۆڕشی مه‌شروته سه‌ره‌تا خه‌ڵک سکاڵایان برده لای محه‌مه‌دره‌زا شا‌و دواتر به‌کارهێنانی ته‌ماکۆیان بایکۆت کرد که له هیچیاندا توندوتیژی به‌دی نه‌ده‌کرا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات به تۆپ و تانک وڵامی خه‌ڵکی دایه‌وه .
هه‌روه‌ها پێش راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران دژ به رژیمی پاشایه‌تی ژماره‌یه‌کی که‌م خوازیاری خه‌باتی چه‌کداری بوون، به‌ڵام سه‌رکوت و توندوتیژیه‌کانی ده‌سه‌ڵات بواری بۆ گۆڕینی بیرکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک خۆشکرد و ورده‌ورده به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره رۆیشت که له رێبه‌ندانی ٥٧دا بینیمان، له به‌رامبه‌ر حکومه‌ت نیزامی و کوشتاری بێبه‌زه‌یانه‌ی نێو شه‌قامه‌کان خه‌ڵک رێگه‌ی توندوتیژی گرته‌به‌رو به توندوتیژی وڵامی ده‌سه‌ڵاتیان دایه‌وه .
ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له بیر بێت که ئه‌وانه‌ی دوای شۆڕشی ٥٧ ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست و ده‌زگایه‌کی تازه‌ی سه‌رکوتیان وه‌رێخست و ده‌یانویست به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسی و ئابووریه‌کانی چینێکی بچووکی کۆمه‌ڵگا به ناوی روحانییە‌ت بپارێزن، زۆرینه‌یان ئه‌و که‌سانه نه‌بوون که رژیمی پێشوویان رووخاند.
روحانییە‌ت له مێژووی چه‌ند ده‌یه پێش راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران که‌مترین قوربانیان دابوو ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌م چینه که له سیاچاله‌کانی رژیمی پاشایه‌تیدا بوون له قامکه‌کانی ده‌ست تێپه‌رنه‌ده‌بوو، به‌ڵام له رێگه‌ی داربه‌ده‌سته‌کانیانه‌وه دزگایه‌کی نوێ سه‌رکوتیان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان دروست کرد، ئه‌گه‌رچی زۆرێک له شێوازه‌کانی توندوتیژیان له ده‌سەڵاتی پێشوو به میرات وه‌رگرتبوو، به‌ڵام به به‌کارهێنانی زه‌ربرو زه‌نگی زیاتر و هه‌ر له یه‌که‌م ساته‌کانی ده‌سەڵاتیانه‌وه به دادگاکانی یه‌ک چرکه‌یی و کوشتاری به کۆمه‌ڵی زیندانیانی سیاسی و بڕووایی مۆرکی توندوتیژیبوونی خۆیان له ده‌سه‌ڵاتی تازه‌ی سیاسی دا‌و خۆیان به سه‌ر خه‌ڵك و کۆمه‌ڵگادا دا داسه‌پاند .
بۆیه ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وه‌ره‌یه ئه‌گه‌ر وابیر بکه‌ینه‌وه که ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسیی دیموکرات یان توندوتیژ ته‌نیا به هۆی شێوه‌ی گۆڕانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌وه درووست ده‌بێت. ناوه‌رۆکی هه‌ر ده‌سەڵاتێک ته‌نیا سرووشتی هێزی ده‌سه‌ڵاتداره که دیاری ده‌کات. هیتلر له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، به‌ڵام گه‌وره‌ترین تراژدیای سیاسیی کۆمه‌ڵایه‌تیی و مرۆڤکوژی دروست کرد .
کۆما‌ری ئیسلامی ئێران به کۆمه‌ڵکوژی و رشتنی خوێنی هه‌زاران که‌سی بێ‌تاوان، به ئه‌شکه‌نجه و زیندانیکردنی لاوان و بیرجیاوازان، به ده‌ستدرێژی و په‌ره‌پێدانی ماده‌هۆشبه‌ره‌کان و دزین و تالانکردنی سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵکی ئێران و دروستکردنی زیندانێکی گه‌وره به پانتایی ئێران بۆ هه‌موو خه‌ڵک توانیویه‌تی درێژه به زیاتر له سێ ده‌یه ژیانی سیاسی خۆی بدات. ره‌نگه ئه‌کته‌ره‌کانی جنایه‌ت له کۆما‌ری ئیسلامی‌دا به درێژایی ئه‌م ساڵانه گۆڕابن و جێگای خۆیان به که‌سی دیکه دابێت، به‌ڵام ناخی جنایه‌تکارانه‌ی ئه‌م رژیمه وه‌کوو خۆی ماوه و ته‌نیا به سه‌رکوتی خه‌ڵکی ئێران رازی نابێت و بۆ مانه‌وه‌ی خۆی ته‌نانه‌ت یارمه‌تی سه‌رکوتی شۆڕشه ئازادیخوازانه‌کانی وڵاتانی ده‌ورو به‌ری ده‌دات .
له بارودۆخێکی ناله‌بار بۆ هه‌رچه‌شنه خه‌باتێک و زیاتربوونی رۆژ له‌دوای رۆژی توندوتیژیه‌کانی رژیمی ئێران له به‌رامبه‌ر داخوازیه‌کانی خه‌ڵک و سەرکوتی هه‌رچی زیاتری خه‌ڵکی ئێران و به تایبه‌تی گه‌لی کورد که ئێستا رووبه‌رووی په‌لامارێکی دیکه و هێرشی به‌ربلاوی سه‌ربازی بووته‌وه باس کردن له گۆڕانکاری به شێوازی ئاشتیانه و دژایه‌تیکردنی هه‌ر شێوازێکی دیکه‌ی خه‌بات ته‌نیا خۆ دزینه‌وه‌یه له راستیه‌کان .
پێویسته گه‌لی کورد و سه‌رجه‌م گه‌لانی ئێران بۆ رزگار بوون له تاوانه‌کانی رژیمی ئێران و کۆتایی هێنان به ته‌مه‌نی نەگریسی ئه‌م رژیمه هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کانیان له به‌ر ده‌ست بێت و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش کۆتایی به‌و بێده‌نگییە له به‌رامبه‌ر رژیمی ئێران بهێنێت .
کاتێک ده‌سه‌ڵات زمانی فیشه‌ک و ئاگر به کار دینێت قسه کردن به زمانی گوڵ بێ مانایه .
عه‌بدۆڵا کۆنه‌پۆشی (عه‌به‌دلێر) ئەندامی بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵە – پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان
٢٥/٨/٢٠١١

|