شکۆدار و پایەبڵندە خەباتی زیندانیانی سیاسیی کورد

جارێکی دیکەش کە دیارە دوا جار نابێت، دەوڵەتی ئێرانی داگیرکەر لە ڕێگای لە سێدارەدانی ٤ تێکۆشەری کورد، درێژە بە سیاسەتی داگیرکەریی و کۆمەڵکوژیی، خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات.
هاوڕێیانی تێکۆشەر، زیندانیانی سیاسیی، بەڕێزانی نەمر: شیرین علم هویی، فرهاد وەکیلی، فرزاد کمانگر، علی حیدریان و کەسێکی دیکە بە ناوی مهدی اسلامیان لە زیندانی اوین لە سێدارە دران.


بەو زووانە ساتوەختی ساڵوەگەڕی ناڕەزاییەکانی ئێرانە کە باڵی سەوزی ئۆپۆزیسیۆن لە ناو حکومەتی ئێران رابەرایەتی دەکات. لە سێدارەدانی ئەو چوار تێکۆشەرە کوردە لە بەردەم ئەڵتاری وەحشەت و دواکەوتوویی و داگیرکەریی دەوڵەتی ئێراندا، جۆرێکە لە چاوترساندنی “ئێرانیەکان” بە خوینی کورد، کە مەخابن تا ئێستا ڕژاندنی تاوانێکی گەورە لەسەر ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە نەکەوتووە.
بەڵام هۆی سەرەکیی لە پشت لە سێدارەدانی ئەو چوار تێکۆشەرە زۆر گەورەترە لە مەبەستی چاوترساندنی ئێرانیەکان. هۆی سەرەکی بە رای ئێمە گەشەی خەباتی ئازادیخوازیی و سەربەخۆییخوازیی کوردستانیانە. دەوڵەتی ئێران هەموو بزوواندنێکی کولتوریی و فەرهەنگییی و دیموکراتیی لەو چوارچێوەیەدا دەبینێت. دەوڵەتی ئێران تا ڕادەی مەرگ لە کوردێک کە داوای مافی خۆی دەکات، بێزارە.
کوردستانیان ئیدی بە ئاشکرا داوای مافە سیاسیی و دیموکراتیی و فەرهەنگیی و کولتوریی و ئابووریەکانی خۆیان دەکەن و ئامادەی قوربانی
دانن. ئەوە ڕقێکی کۆنەپەرستانە و ترسنۆکانەی لە دڵی داگیرکەراندا دروست کردووە.


باشترین وەڵامدانەوە بەو وەحشیگەریی و کۆنەپەرستییە، درێژەدانە بە خەباتی ئازادیخوازانەی سەربەخۆییخوازی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتیک و سەربەخۆیە بۆ کوردستانیان.

کۆمەڵە - پارتی سۆسیالدیموكراتی كوردستان
٩/٥/٢٠١٠