لە خەمی ”وان“ دا بە کردەوە بەشدار بین!


بوومەلەرزەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣/١٠/٢٠١١ لە شاری وان کارەساتێکی نەتەوەییە بۆ کورد. یەکەم جار نییە بوومەلەرزە بەو شێوەیە لە کوردستان دەدات و دیارە دوا جاریش نابێت. بە پێی ئەو نەخشە جیۆلۆجیانەی کە هەن بە تایبەتی ناوجەرگەی باکووری کوردستان (لە تورکیا) شاڕەگێکی بوومەلەرزە بە کەوانەیی دروست بە ناوەڕاستی باکووری کوردستاندا رووە و بەشی ڕۆژئاوای کوردستان (بندەستی سووریە) و سەر دەریای سپی ناوەڕاست دەڕووات. دیارە ئەو شاڕەگە بەشێکی  باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەگرێتەوە. ڕیسک زۆرە کە هەندێکیان بەم شێوەیە دەتوانن زەرەری زۆر بدەن.


بە پێی ئامار چەند بوومەلەرزەیەک لە باکووری کوردستان بۆ نموونە دەهێنینەوە (ئەرزینجان، کە دەکەوێتە بەشی ڕۆژئاوای باکووری کوردستان، ساڵی ١٩٣٩ بوومەلەرزە بە پلەی ٧,٨ ریختەر ٣٢٧٠٠ قوربانیی لێکەوتووەتەوە. لە ڤارتۆ ساڵی ١٩٦٦ بوومەلەرزە بە پلەی ٧,٦ ریختەر ٢٣٩٦ قوربانیی لێ کەوتووەتەوە، لە بەنگوڵ ساڵی ١٩٧١ بوومەلەرزە بە پلەی ٩,٦ ریختەر ١٠٠٠ قوربانیی، لە مورادیە ساڵی ١٩٧٦ بوومەلەرزە بە پلەی ٥,٧ ریختەر ٣٨٤٠ کەس، لە لیجە بوومەلەرزە بە پلەی ٦,٦ ریختەر ساڵی ١٩٧٥، ٢٣٨٥ کەس، لە ئەرزروم ساڵی ١٩٨٣ بوومەلەرزە بە پلەی ٧,٨ ریختەر ١١٥٥ کەس). تێبینی بکەین کە ژمارەی قوربانیەکان بە پێی ئاماری دەوڵەتن کە دیارە هیچ کاتێک دروست نییە، بە تایبەتی لە دۆخی کوردستاندا کە دەوڵەت هەر زۆر درۆ دەکات. هەر بۆ نموونە لە شاری ئیزمیت، شارێکی کۆنی لەوەبەر یۆنانی، ساڵی ١٩٩٩ بوومەلەرزە بە پلەی ٦,٧ ریختەر لێیدا کە بە پێی ئاماری دەوڵەت ١٧١٢٧ قوربانیی لێ کەوتەوە، بەڵام سەرچاوەی بێ لایەن باس نە کەمتر لە ٤٥٠٠٠ کەس دەکات.


هۆیەکانی درۆکاریی دەوڵەت زۆرن، لە شارەکانی تورکیادا لەبەرئەوەیە کە دەوڵەت دەیەوێت خۆی لە بیمە و قورەبوو بدزێتەوە کە دیارە بیروکراسیی دەوڵەت دەستێکی زۆریان لە ساختەچێتیی و غەشی کەرتی بیناسازییدا هەیە. بەڵام سەبارەت بە کوردستان، بێ لە هەمان هۆی پێشوو، دەتوانین ئاماژە بە دوو هۆی سەرەکیی بکەین، یەکەمیان ئەوەیە کە دەوڵەت دەیەوێت لە کاتی تەنگانەدا کورد زیاتر بچەمێتەوە و قەرزباریی خۆی نیشان بدات، دووهەمیان ئەوەیە کە دەوڵەت دەیەوێت دەنگی نێونەتەوەیی و یارمەتیی نێودەوڵەتیی بە کوردستان نەگات.
ئەوی لێرەدا شایانی باسە، وێڕای سەرەخۆشیی و بەشداریی لە خەمی زەرەرلێکەوتووان و هاوکاریی جیددی دانیشتووانی شاری وان، باسکردنی دوو خاڵە:


یەکەم: دەوڵەتی تورکیا هەمیشە لە ڕووی سیاسییەوە دەڕووانێتە کوردستان و بە ڕوونیی دیارە کە دەوڵەت هیچ جۆرە یارمەتیەکی شایانباسی بەو شارە نەدا و تەنها خەڵکی شارەکە و دەوروبەریەتی کە بە هەڵەداوان خەریکی یارمەتیدان و هاوکارییکردنن. دیارە ئەوەیەش پسپۆڕیەکی لە پشتەوە نییە و کات زۆر دەخایەنێت کە بە زەرەری زەرەرلێکەوتووان دەگەڕێتەوە.
دووهەم: لە تاقیکردنەوەی شاری ئیزمیتدا دەرکەوت کە ڕێژەی قوربانیان دەکرا بە ٩٠ دەرسەد کەمبێتەوە ئەگەر بێت و بیناسازیی تورکیا دروست و حیسابی بووایە و بێ غەش و ساختەچێتیی بکرایە.
ئەو غەش و ساختەچێتیەی دەوڵەت لە کوردستان دژ بە خەڵکی کوردستان ئەنجامی دەدات دە بەرابەری ئەوەیە کە لە شارەکانی تورکیادا دەکردرێت. هەر لە بەرئەوەیشە سەرەڕای تووندنەبوونی بوومەلەرزە و کەمیی ژمارەی دانیشتووان هێشتا زەرەری ماڵیی و گیانیی زۆر لە کورد دەکەوێت.

ژمارەی ئەو باڵاخانە و ساختمانانە زۆر نیین کە بەرگەی هەر جۆرە بوومەلەرزەیەکی سەروو پلەی ٦ ریختەر بگرن.
ئەم فاکتە سەرنجی کوردستانیان بۆ باشووری وڵات دەگوێزێتەوە. لە ماوەی چەند ساڵ ڕابردوودا تورکەکان کۆنتراکتی چەندین ڕێگاوبان و باڵاخانە و ساختمانی بڵندیان لە باشوور، بەتایبەتیش لە شاری گەورەی وەکوو هەولێر و سلێمانیی وەرگرتووە. بە تێڕووانینێکی سەرپێیی مرۆڤ تێ دەگات کە ئاستی کوالیتێی ئەو کارانە چەند لە خوارەوەن.
پرسیار ئەوەیە ئایا بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پرۆژانەیان لەلایەن پسپۆڕی هەڵسەنگێنەر و ئازمایشیکاری جیددی و جیۆلۆژەوە هەڵسەنگاندووە یان نا؟ چونکە ساختەچێتیی و بێدەربەستیی کۆنتراکتچیانی تورک لە دونیادا مەنشورە و هەر جۆرە کارەساتێک لە شێوەی بوومەلەرزە دەتوانێت زەرەری گیانیی زۆر گەورەی لە قەرەوەنەبوو بە خەڵکی کوردستان لە باشوور بگەیەنێت.


خەڵکی باکووری کوردستان تا رزگار دەبن چارەنووسیان لە ژێر دەستی دەسەڵاتدارانی تورکدایە کە دیارە خانوو و خانووبەرەیشیان دەگرێتەوە، بەڵام پێویست ناکات خەڵکی باشووری کوردستان بە دەستی خۆیان چارەنووسیان بخەنە دەست تورکیاوە. هەر لەبەرئەوە هەر جۆرە ڕوودانێکی لەو شێوەیە لە باشووری کوردستان جێی داخی گران دەبێت.
ئێمە وەکو کۆمەڵە - پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان داوا کە هەموو کوردستانیەک و هەروەها بە رەسمیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە یارمەتی پراکتیکی ماڵیی بە لێقەوماوان و زەرەرلێکەوتووانی شاری وان لە باکووری کوردستان بدەن.


ئێمە هەم پرسی بیناسازیی و پرینسیپی پاراستنی ماڵ و گیانیی خەڵک و هەم بیمە و قەرەبوو بە پرسی سیاسیی گەورە دەزانین. لەو ڕووانگەیەوە داوا لە هەر کوردستانییەک دەکەین کە کارەساتی وا بە تەنها بە ڕوودانی سرووشتییەوە نەبەستنەوە. بوومەلەرزە هەر دەبن، ئەوە دەسەڵتدارانی سیاسیین کە دەبێت پێش ڕوودان و بۆ کاتی ڕوودان حیسابی دروست و بەجێیان ئەنجام دابێت.

بوومەلەرزە هەر بە تەنیا کارەساتێکی سرووشتیی نییە، بەڵکو بەرپرسایەتیەکی گەورەی سیاسیی و یاساییە!

کۆمەڵە - پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان
٢٣/١٠/٢٠١١