بەکۆمەڵکوشتنی خەڵکی کوردستان بە دەست تورکیا بە توندیی مەحکوم دەکەین

 

هەمووان ئاگادارن کە فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکیا لە بۆمبارانکردنێکی تۆڵەستاندنەوە و بە مەبەستی چاوترساندنی خەڵکی کوردستان زیاتر لە ٣٠ فرۆشیاریی سەر سنووریان بە کۆمەڵکوشت.


شایانی باسە، دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی یەک ساڵەی بەهاری عەرەبییدا رووەو دونیا هاوار دەکات کە ناتوانێت وەکو دەراوسێیەک و وڵاتێکی ئیسلامیی لە سەر کوشتنوبڕینی خەڵکی لیبیا و میسر و سووریا بێدەنگ بمێنێتەوە و لەو دوواییانەدا ئەردۆغان بەشارولئەسەدی بەوە تاوانبار کرد کە خەڵکی خۆی دەکوژێت و گوتی ”هەر حکومەتێک خەڵکی خۆی بکوژێت ناتوانێت سەروەری خەڵکەکە بێت“.
بەڵام دووڕوویی تورکیا کە هاوار بۆ ئاشتیی بکات و کوردانیش بە کۆمەڵ بکوژێت بەو شێوەیە ڕەواجی هەیە کە بە داخەوە ناتۆ وەکو رێکخراوێکی سپایی یارمەتی لۆجیستیکیی و سەربازیی بەتایبەتی لە شێوەی ئیتلاعاتیدا بە تورکیا دەدات، و تورکیا ڕێگای پێ دەدرێت ئاوا بەو شێوەیە لە ڕێگای بەکۆمەلکوشتنەوە چاوی خەڵکی کوردستان بتیرسێنێت و چارەنووسی چاوەڕووانکراویان لە ئەگەری سەرهەڵداندا نیشان بدات.

ئێمە داوا لە ڕێکخراوی ناتۆ دەکەین چاو بە ئەندامبوونی تورکیا لەو ڕێکخراوەیەدا بخشینێتەوە و تێبگەن کە خەڵکی کوردستان لە خەباتێکی ئازادیخوازییدایە و کە تورکیا نەک هەر نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان ناکات، بەڵکو لە بەکۆمەڵکوشتنی کورددا دەستی باڵای هەبووە و هەیە.

هێرشی نامەردانە و ترسنۆکانەی تورکیا لە کاتێکدایە کە بە سەدان و هەزاران لە ئەندامانی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیی کە یاساییە و لە ئەندامانی ک ج ک دەگیرێن و بە گۆترە مەحکەمە دەکرێن. پێرێ بوو کە مەحکەمەی تورکیا مایکریفۆنی لە سەر کوردە گیراوەکانی مەحکەمە کوژاندەوە کاتێک کە بە زمانی کوردیی ویستیان دیفاع لە خۆیان بکەن. حاکمەکان، کە هەمیشە سەر بە سپان، ڕایانگەیاند کە ئەو گیراوانە بە زمانێکی غەیرە تورکیی لێ تێنەگەیراو دەدوێن. سوووکایەتی کردن بە کورد گەیشتووەتە دوا پلەی خۆی.
سەرەڕای ئەوەی سەرکردایەتی کورد بە شێوەی جیاواز و لە دەرفەتی جیاوازدا جەخت لە سەر ڕێگاچارەی ئاشتی دەکەن، مەخابن تورکیا زیاتر و زیاتر پۆزی سپایی خۆی نیشان دەدات.
ئێمە پشتگیریی تەواوی خۆمان بۆ کەسوکارانی ئەو قوربانیانە و خەباتی ئاشتیخوازانە و سیاسیانەی کورد لە باکووری کوردستان دەردەبڕین و دڵنیاین کە لە کۆتاییدا نەتەوەی کورد بە ئازادیی خۆی دەگات.

 

پشتبەخۆئەستوور و باوەڕبەخۆ بێت خەڵکی کوردستان!
سەرکەوتوو بێت بزووتنەوەی رزگاریخوازانەمان!

کۆمه‌ڵه‌ ــ پارتی سوسیالدیموکراتی کوردستان
٢٩/١٢/٢٠١١