
سەرۆکوەزیرانی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، کۆمەڵکوژیی ئێستا دەشارێتەوە
سەرۆکوەزیرانی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بهرامبهر بە كۆمهڵكوژییهكهی دێرسیم داوای لێبوردنی كرد و گوتی ” ئهگهر پێویست بكات لهسهر ناوی دهوڵهت داوای لێبوردن بكرێت، ئهوا من داوای لێبوردن دهكهم“.
ئەڵبەت داواکردنی لێبوردن لە خەڵک هەمیشە هەنگاوێکی ئەرێنیە و دەبێت بە دروستییەوە لێی بڕووانرێت، بەڵام داوای لێبوردنی ئەردۆغان لە لایەکەوە ئەو کۆمەڵکوژیە بە دژ بە کورد ناسەلمێنێت، بەڵکو ئاماژە بە تورک و عەلەوی و زازا و کورد دەکات. ئەمە دابەشکردنی کوردە بە ئەنقەست، چون زۆرینەی دانیشتووانی ئەو دەڤەرەی کوردستان بە دین عەلەوین و بە هەرێم زازاین و بە نەژاد کوردن. خاکیان بەشێکە لە کوردستان.
ئەگەر لێرەولەوێ تورکێکیش قوربانی ئەو کۆمەڵکوژییە بێت کە تا ئێستا دەرنەکەوتووە کێیە، ئەوە ناسەلمینێت کە تورکیش کۆمەڵکوژ کراون. ڕاستیی حاشاهەڵنەگر ئەوەیە کە تورکەکان لە شەڕێکی پلانبۆکراودا نەتەوەی کوردیان قەڵاچوو کردوە.
ئەرۆغان کاتێک داوای لێبوردن دەکات کە خۆی شەڕێکی کۆنەپەرستانە و دڕندانەی دژ بە خەڵکی کوردستان دەست پێکردووە کە ڕۆژانە دەیان فڕۆکەی جەنگیی و سەدان تۆپ و خومپارەهاوێژ بەشداریی تیادا دەکەن و بەڵگە هەن کە چەکی کیماویی و فسفۆڕ و ناپاڵمیش بەکارهێنراون و دەهێنرێن. هاوکات بە هەزاران ئەندام و کادێری پارتی کۆمەڵگای دیموکراتی دەگیرێن و بڵاوکراوە و چاپەمەنیەکان قەدەخە دەکرێن. حکومەتی ئەردۆغان هەروەها زۆر چالاکە کە کورد لە سووریاش پاسیڤ بکرێن و ناویان نەچێتە ناو ڕۆژەڤی سیاسیی سووریاوە و بە خوێنی خۆی پێ لە سەر یەکایەتی خاکی سووریا دادەگرێت. تورکیا، هەروەها بەشداربوونی خۆی لە شەڕ دژی حکومەتی بەشارولئەئەسەد وەکو کارتێکی فشار بۆ بێمافبوونی کوردی سووریا بەکار دەبات.
ئەردۆغان هەروەها سەرسەختانە پشتی حکومەتی ئێران دەگرێت و لە شەڕی کوردستاندا زۆر بە وردیی و لە سەر ئاستی بەرز هاوکاریی سەربازیی و مانۆڕ و پێوەندیی ئیتلاعاتیان هەیە. حکومەتی ئەردۆغان سەرەڕای قازانجی ملیارد دۆلار لە باشووری کوردستان، هێشتا هەڕەشەی دەستتێوەردان و ڕێگاگرتن و کۆسپدانان لە باشووری کوردستان دەکات.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم باسەدا دیارە ئەردۆغان دەیەوێت کوشتاری دڕندانە و کۆمەڵکوژیی هەر ئێستای تورکیا دژ بە خەڵکی کوردستان بشارێتەوە. داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بۆ یەکێک لە ٢٨ کۆمەڵکوژیی گەورە لە کوردستان، ئەویش بە شێوەیەکی ساختەکارانە، هیچ دەرمانێکی دروستی ئێستای دۆخی کوردستان ناکات.
حکومەتی ئەردۆغان بە هەموو ئەقلێکی سیاسییەوە گەرەکیەتی ئیمپراتۆری عوسمانی دابمەزرێنێتەوە. لەو هاوکێشەیەدا دیارە کە نەتەوەی عەرەب و گەلانی دەوڵەتگەلی عەرەبیی، پاش چەندین شەڕی سەربەخۆیی و ئێستایش هەوڵی بە دەوڵەتبوونی فەلەستین، ناچنە ژێر چەتری عوسمانییەوە.
ئەرمەنیی و ئاسووریی لە نەتەوە زەرەرلێکەوتووەکانن کە تورکەکان کۆکوژیان کردون و ژمارەیان زۆر کەم ماوەتەوە و دروشمێکی وا بە هەند ناگرن. باکووری ئەفەریقا لە پراکتیکدا بوون بە دەوڵەتگەلی عەرەبیی و ئیسلامیی و دەیانەوێت لە سەربەخۆیی و سەروەریی ئێستایاندا بمێننەوە. ئەوەی دەمێنێتەوە نەتەوەی کوردە. بۆ یەکەم جارە کورد لە باشووری کوردستان سوود لە بەشێک لەپارەی خۆی وەردەگرێت و حکومەتی خۆی بەڕێوەی دەبات. لە خراپترین حاڵەتییدا ناکرێت لەگەڵ ئیدیالیترین دروشمی داگیرکەردا بەراوورد بکرێت. داگیرکەر داگیرکەرە، تێکدەر و وێرانکەر و کۆمەڵکوژە و لە ژێر هەزاران دروشمی ئاسمان و خودا و عوسمانییدا نابێت بتوانێت کەڵەک لە نەتەوەی کورد بدات.
پلانی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی لە سەر کوردە و بۆ دووبارە بە کۆیلەکردنەوەی کوردە، ئەڵبەت ئەمجارەیان دڵخوازانە.
لەو ڕووانگەیەوە داوا لە هەموو کوردستانیەک دەکەین فشار بۆ تورکیا بهێنین کە هەر ئێستا داوای لێبوردن لە جینایەتەکانی ئێستای بکات و دەست لە کوشتنی کوردستانیان هەڵبگرێت. هەر ئێستا رێگا بە خەڵکی کوردستان بدرێت لە ڕیفەراندۆمێکدا بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆی بدات.
تورکیا، تا ئەو کاتەی بەم شێوەیەی بەرخورد بکات، داگیرکەرێکی دڕندە و هەمیشە برسی و بێکولتور و بێشارستانییە کە بە قەولی ئەجەوید ”ڕێگا نادەن لە ئەفریقاش دەوڵەتی کورد دروست ببێت“.
کوردستانیان نابێت هیچ جۆرە خەیاڵپڵاوێکیان بەرامبەر بە حەیرانی حکومەتی تورکیا لە مەڕ میهر و سۆز و تێگەیشتن و برایەتی هەبێت. ئەوە خەباتی سەختی چەندین ساڵەی هەموو بەشێکی کوردستانە کە تورکیای گەیاندووەتە ئەو شوێنەی ئێستا تیایدا وەستاوە. دڵیابن، دەتوانیین زۆر زیاتر بەودیودای ببەین.
کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان
٢٣/١١/٢٠١١

|