ڕاگەیەندراوی ڕەسمی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی ڕاگەیاندنێک سەبارەت بە ڕێبەر و بیرمەند، تێکۆشەری لەمێژیینە و ماندوویینەناس بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ڕایدەگەیەنین کە کاتژمێر 23.50ی پێنجشەممە بیستویەکی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٨٩ ڕێکەوتی 10 مانگی دووی ساڵی 2011 لە نەخۆشخانەی ئاکادێمیسکا لە شاری ئووپسالای وڵاتی سوید دڵی گەورەی مامۆستای زانا، ڕێبەر و بیرمەند، تێکۆشەری لەمێژیینە و ماندوویینەناس مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی لە تەمەنی هەشتاونۆ ساڵیدا لە لێدان کەوت. لەم ڕۆژەدا دڵێک وەستا کە پڕ بوو لە هیواو ئومێد بە دواڕۆژێکی گەش بۆ گەلی کورد بەتایبەتی و بۆ هەموو مرۆڤایەتی بە گشتی. ئەو دڵەی کە لێوانلێوبوو لە خۆشەویستی بۆ کوردستان و خۆشەویستی مرۆڤ. مامۆستا هەر لە سەرەتای لاوییەوە کە بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژێ کاف لەساڵی ١٣٢٢ (١٩٤٣) هەتا دواتر لە پێکهاتنی کۆماری کوردستان و پاشان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە و ڕەوای گەلی کورد لە ساڵەکانی دواتردا چالاکانە بەشداری کرد. لە نزیکەوە دۆست و هاوڕێی زۆربەی هەرە زۆری تێکۆشەران و ڕێبەران و خەباتکارانی بزووتنەوەی کوردستان بووە و پرس و ڕاوێژی لەگەڵدا کراوە. بەشداری هەڵسووڕاوانە و زۆر بەرچاوی مامۆستا لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا لە دژی رژیمی شا و بەتایبەت رۆڵی بەرجەستەی مامۆستا شێخ عێزەدین وەکوو ڕێبەرێک و کەسایەتییەکی سیاسی – ئایینی لە کوردستان کە زۆر لێبڕاوانە لایەنگری ئازادی، یەکسانی نێوان ژن وپیاو، دیموکراسی و جودایی دین لە دەوڵەت بوو، چ لە کوردستان و چ لە ئێران و لە هەموو جیهان دەنگدانەوەیکی زۆری هەبووە. مامۆستا شێخ عێزەدین لەسەر ئەو باوەڕەبوو کە هەموو کائینات و هەموو پێشکەوتن و دەسکەوتەکانی بەشەری ئەم سەردەمە دیارگەی ئیرادەی پەروەردگارێکە ئەم دونیایەی بۆ ریفاە و ژیانی خۆش و ئارامی و ئاسایشی هەموو ئینسانەکان خولقاندووە. ئینسان گەیشتووەتە ئەو ئاستە لە تێگەیشتن و پێگەیشتن کە دەتوانێت چارەنووسی خۆی بەدەستەوە بگرێت. مەیدانی هەڵسووڕانی کەسایەتییە ئایینییەکان بریتییە لەو شتانەی دەگەڕێتەوە سەر ئایین و مەعنەوییاتی خەڵک. دین بریتییە لە پەیوەندی ئینسان لە گەڵ خودای خۆی و دەوڵەت دەبێت لە دین جودابێت. بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەیننیەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران و هەموو لایەنگرانی ئازادی، مافی مرۆڤ و یەکسانی دەکەین لە هەموو جیهان. کۆمیتەی بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی
|