کوردستان جارێکی دیکە لە سێدارە درا
لە سێدارەدانی ٥ هاوڕێی زیندانی تێکۆشەر، ٥ گیانفیدای نەمر، لە بەرەبەیانی ٩/٥/٢٠١٠ لە زیندانی ئەوین، دووبارە جەماورەی بەرینی لە کوردستان هێناوەتە جۆش و خرۆشێکی رادیکال و سەربەخۆیخوازانە. جەماورەێکی برینداری گیان لەسەر دەست، جەماوەرێک کە سەرەڕای هەموو خەفەقان و ترس و وەحشەتێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەکو کێوێکی هەزار ساڵەی روو لە ئاسمان و ڕوو لە ئاسۆ، بەرانبەر بەو ڕژێمە وێستاون.
ئێمە دەپرسین کە ئایا ئەو ئازایەتی و گیانی خۆبەختکردنە لە کوێیوە دێت؟ ئایا تەنها کاردانەوەیەکە سەبارەت بە لە سێدارەدانی ئەو تێکۆشەرانە کە لە بەرەبەیانی یەکشەممەی ٩ ی مای لە سێدارە دران، یاخود پێوەست بە میژوویەکە کە حەتمەن دەبێت لەسەری قسە بکەین؟
مێژووی پاش هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد و کۆتایی بە کۆماری کوردستان بریتیە لە مێژووی دەست بەردان لە بیرۆکەی سەربەخۆیی و ڕزگاریی نەتەوەیی. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەست بەرداربوون لە بیری سەربەخۆیی کامە دەستکەوت و قازانجی بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان گەیاندووە؟
لە کۆماری کوردستان بەم لاوە، ئایا بە هەڵگرتنی دروشمە جۆراوجۆرەکانی غەیری سەربەخۆیی چ قانزاجێکمان کردووە؟
ئەمە پرسیارێکە ناکرێت خۆمانی لێ بدزینەوە لەبەرئەوەی ڕۆژانە خوێنێکی زیاتر لەسەرمان دەکەوێت، لەبەرئەوەی بووە بە هۆی ماڵوێرانی و سەرگەردانی و ئاوارەیی هەزاران و سەدان هەزار کەس.
سەبارەت بە دوژمن و داگیرکەر، ئایا کەمتر شەڕی پێ فرۆشتووین، ئایا ژمارەی زیندانەکانی کەمتر کردووەتەوە، ئایا ژمارەی گیراوانی سیاسیی کەمتر کردووەتەوە، ئایا ڕاوەدوونان و ترساندن و تۆقاندنی کەمتر کردووەتەوە، ئایا ژمارەی بێکاریی و هۆیەکانی بێکاریی کەمتر کردووەتەوە، ئایا ژمارەی سەرباز و پۆلیس و پاسدار و ئیتلاعات و جاشی کەمتر کردووەتەوە، ئایا سیاسەتی خودئاگای دواخستنی ئابووری لە کوردستان کەمتر کردووەتەوە، ئایا گرتن و زیندانی کردن و کوشتنی کەمتر کردووەتەوە؟ ئایا سووکایەتی بیستوچوار سەعاتەی بە تاکە تاکی گەلەکەمان، تەنانەت لە شێوەی تەرم نەدانەوەشدا، کەمتر کردووەتەوە؟
ئایا باسی لە یەکێک لەو مافانە کردووە کە سەدان و هەزاران گیانی کوردی لەسەر کەوتووە؟ ئایا هیچ جۆرە فەرموویەکی کردووە کە کوردان بێن و لەسەر مێزی گفتوگۆکردن هاوئاست قسە بکەن؟
ئێمە دەپرسین کە ئایا لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی کامە قازانجی گەیاندووە؟ ئایا دونیای ئازادیخواز، دونیای ئوروپا باشتر لە دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵات حاڵیی بوون، ئایا باشتر لە داوای دیموکراسیی و هاووڵاتیی و نەتەوەیی کورد تێگەیشتوون؟ ئایا تێگەیشتوون کە ئاستی ئازادیخوازیی و ڕزگاریخوازیی کورد، کە ژمارەی قوربانیان و خراپی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان چەند خراپ بووە و چۆن تا دێت خراپتر دەبێت؟ ئایا تێگەیشتوون کە ڕۆشنبیرانی کوردستان لە چ خەفەقانێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدان؟
ئێمە دەپرسین کە ئایا لەسەر ئاستی بەرژەوەندی سیاسیی لە دونیادا چی بە چی کردووە؟ ئایا حیزبێک یان دەوڵەتێک هەیە کە ڕاشکاوانە هاتبێتە پێش و دیفاع لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان بکات؟ ئایا لایەنانێکی سیاسیی پەیدا بوون لە دیفاع لە مافی کورد بۆ بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی؟
ئایا بە شێوەیەک دۆست و لایەنگر و هاوپشت و هاوخەباتی لە ناو جیهانی ئیسلام و نائیسلام و کریستیان و جوو و شێوە ئاینزاکانی دیکەدا پەیدا کردووە؟
ئایا بە چ شێوەیەک توانیویەتی بزووتنەوەی فێمێنیست و کرێکاریی و کۆمەڵایەتیی و شێوەکانی دیکە لە کورد نێزیکتر بکاتەوە؟
لە هەموو ئەمانە گرینگتر پرسیارێکە کە حەتمەن ئێمە دەبێت بیکەین. ئایا خەباتی ناسەربەخۆیی و ئێرانچیبوون بە چ شێوەیەک خزمەتی بە دروستکردنی کەسایەتیەکی سەربەرز و سەربڵند لە ناو کورددا کردووە؟ بە چ شێوویەک خزمەتی بە دروستکردنی کەسایەتیەکی ئازادیخواز و شانازی کوردستان کردووە؟ بە چ شێوەیەک بەخۆباوەڕیی، پشت بەخۆئەستووریی و یەکڕیزیی لە ناو خەڵکی کوردستان دروست کردووە؟
هاوڕێیان، دۆستان و میوانان،
ئێمە سەربەخۆییخوازین و شانازیی بە سەربەخۆییخوازیی و مافی کورد بۆ جیابوونەوە دەکەین.
خەرمانێک لە قوربانیی وگیانفیدایی، هەر لە پێشکەشکردنی ژیانەوە تاوەکو ماڵوێرانیی و ڕاگوێزان و وەدەرنان و زیندانیکردن و ئاوارەبوون، بە هەموو مانایەکی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە، بە هەموو ئازارێکی سۆر و برینێکی ناسۆرەوە، لەو دۆخەی ئێستایدا نەیتوانیووە داوای کورد، لەو پەڕی ساکارییشیدا، بە شێوەیەک بباتە پێش.
ئیتر ناکرێت ئەمە قابیلی قبوڵ بێت.
هاورێیان، دۆستان، میوانان،
بانگەوازی ئێمە بانگەوازی سەربەخۆییە. سەربەخۆییخوازیی لەبەرئەوە نا، کە وەڵامێک بە بیری سەربەخۆیی نەخوازی نەدراوەتەوە، بەلکو لەبەرئەوەی کورد وەکو نەتەوەیەک مافی خۆیەتی داوای سەربەخۆیی نەتەوەیی بکات، مافی خۆیەتی داوای مافە نەتەوەییەکانی بکات، مافی خۆیەتی داوای ڕیفەراندۆمێک بکات کە تیایدا خەڵکی کوردستان بە دڵخوازی خۆیان بڕیار لەسەر دیارکردنی چارەنووسیان بدەن.
بچووککردنەوەی کورد کە گوایا ناتوانێت خۆی بەخێو بکات، کە ناتوانێت خۆی بەڕێوە ببات، قسەگەلێکن دەولەتی داگیرکەر و سیستەمی داگیرکەر خودئاگا سازی کردووە. دەوڵەتی داگیرکەر پلانی ئامادەکراوی بۆ ئەو بچووککردنەوەیەی کورد هەیە. ئەو بچووککردنەوەیە لەسەر ئاستی خوێندن،، تەندروستیی، ئینفراستروکتور، بێکاریی و هەموو شێوەکانی دیکەی کۆسپ و تەگەرە، پیادە دەکات.
کوردستان پڕە لە سامانی سەرزەمینی و ژێرزەمینی، نە کەمتر لە سی دەرسەدی ئاوی ئێران لە کوردستان هەڵدەقوڵێت، کوردستان وڵاتێکە، وەکو هەر وڵاتێکی ئەو دونیایە، بە زیادەوە توانای خۆبەڕێوەبردنی هەیە.
دەوڵەتی داگیرکەر چاوی بە هیچ جۆرە پێشکەوتنێکی تاکەکەس و گروپێکی کورد هەڵنایەت، ئەگەرچی ئەو هەڵسوڕاوانە بە هەموو شێوەیەکیش بە پێی یاسا و دەستووری ئێران کارەکانیان بکەن. دەوڵەت دەزانێت کە هەموو جۆرە پێشکەوتنێک، ئەگەرچی بچووکیش بێت لە کۆتاییدا بە شێوەیەک خزمەت بە مافە دیموکراسیی و نەتەوەییەکانی خەلکی کوردستان دەگەیەنێت. داگیرکەر، چاوی بە تاکی کوردی سەرحاڵ و تێگەیشتوو هەڵنایەت.
ئێمە خۆشحاڵین کە دەبینین جۆرێک لە جموجوڵی دیموکراسیخوازیی خەریکە لە ئێران و لە ناو ئێرانیەکاندا پەیدا دەبێت، ئێمە هەمیشە هاوپشت و هاوخەباتی ئەو کارانە دەبین، بەڵام نە هەر لە سەر ئەم ئاستە کە هەیە، بەڵکو تەنانەت لەو پەڕی گەشەشیدا سیستەمێکی دیموکراسیی وەڵامدەرەوەی دروستی کێشەی نەتەوەیی کورد نابێت.
ئەوە گرینگە کە هەموو لایەنێکی سیاسیی ئێرانیی مافی نەتەوەی کورد بۆ سەربەخۆیی و بۆ ڕیفەراندۆم بسەلمێنێت.
ئەمە داوایەکی ئێمەیە کە سازشی لەسەر ناکەین.
سازشی لەسەر ناکەین چونکە ناتوانین ئاییندەی نەتەوەی خۆمان بخەینە ناو دەریایەک لە ناڕوونیی سیاسیی و لە گومان و لە بێباوەڕیی. ئێمە دەبێت بزانین لایەنانی ئێرانی کێن و لە چ ئاستێکدا مافی نەتەوەیی کورد بۆ سەربەخۆیی و بۆ ڕیفەراندۆم دەسەلمێنن. ئێمە دەمانەوێت ئەو لایەنانە بە نووسین، بە دەم، بە قسە و بە وتار و بە کردەوە بیسەلمێنن.
لەو بارەوە ئێمە دۆست و هاوڕێی هەموو ئەوانە دەبین کە بە دروست دەیانبینین، و لەگەڵ ئەوانە نابین کە دەیانەوێت ویلایەتی فەقێ لە ژێر ناوی نوێدا درێژە پێ بدەن. ئامانجی ئێمە گۆڕینی ناوی ئەم دەسەڵاتە نییە کە ئێستا لەسەر حوکمە، بەڵکو گۆڕینی سەرتاپای سیستەمی سیاسیی ئێرانە، ئێرانێک کە سەربەخۆیی کوردی تیادا بەرقەرار بێت، کە مرۆڤ تیایدا سەربەرز و شاناز بێت.
بژی بیری ئازادیخوازیی و سەربەخۆخوازیی خەڵکی کوردستان
سپای ئێران لە کوردستان بۆ دەرەوە
کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
١٢/٥/٢٠١

|