یادی ٦٤ ساڵەی لە سێدارەدانی پێشه‌وا و هاوڕێیانی


 
١٠ی خاکه‌لێوه‌ ٢٦٤٧ کۆتایی کۆماری کوردستان و مێژووی پڕ سەروەریی ئەو خەباتگێڕانەی کوردستان بوو کە لە خەباتی ئازادیخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەشدار بوون.
نەمر قازی محەمەد، ناسراو بە ”پێشەوا“ یەکێک لە دامەزرێنەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و سەرۆکی کۆماری کوردستان لە ماوەی ١١ مانگدا، لەو ڕۆژەدا لەگەڵ هاورێیانی له‌ چوارچرا لە شاری مەهاباد هەر لە هەمان شوێن کە ١١ مانگ لەوەبەر لە ڕێککەوتی ٢ی رێبه‌نداندا کۆماری کوردستانی لێ راگه‌یه‌ندرا بوو، له‌ سێداره‌ دران.
  بەو شێوەیە، خاکی کوردستان باوەشی بۆ دڵسۆزانی خۆی ئاوەڵە کرد و پێشەوا و هاوڕێیانی بە کاروانی دوورودرێژی شەهیدانی بێ ئەژماری کوردستان گەیشتنەوە. کوردستان دووبارە کەوتەوە ژێر ستەمی نەتەوەیی داگیرکەران و جێی داخە ئەوە ٦٤ ساڵە ئەو داگیرکردنە بە نەپچڕاوەیی درێژەی هەیە.


هۆیەکانی سەرنەکەوتنی کۆمار دەتوانن زۆر بن و هاوکات هەم خۆیی بن و هەم دەرەکیی. بەڵام هیچیان پاساو بۆ درێژەدان بە ستەمی نەتەوەیی و داگیرکەریی لە کوردستان نین. لە زۆر شوێنی جیهان هاوکات بە دەیان نەتەوە ڕزگاریان بوو کە دۆخی ناوخۆیان لە کوردستان باشتر نەبووە و لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوورییەوە گەر لە کوردستان خراپتر نەبووبن، باشتر نەبوون. ئێمە پێمان وایە کە داگیرکەریی لە کوردستان هێندە ڕیشەدار و بە ئەزموونە و داگیرکارانی کوردستان هێندە دڕندە و دەستوپل خوێناویین کە بێ هەبوونی پلورالیزمی سیایی، بێ یەکترقبوڵکردن و بێ هاوکاریی و هاورایی و هاوبەرەیی لە ناو ڕیزەکانی خەڵکی کوردستاندا مەحاڵە، کورد، جا وەکو تاکەکەس و وەکو گرووپ و ڕێکخراوە و حیزب، بتوانن کۆتایی بە دەسەڵاتیی داگیرکەریی لە کوردستان بهێنێت.


لەو رووەوە پارتیمان سیاسەتێکی ڕوون و دیار و فۆرمولەکراو ی خستووەتە بەردەست. ئێمە دەزانین کە کورد ناتوانێت کەڵەک لە دوژمنان و داگیرکەران بە هەڵگرتنی دروشمی غەیرە یان دوور لە داوای سەربەخۆیی بدات و هەڵیان بخەڵەتێنێت. هەروەها دوژمنان و داگیرکەران داخوازیەکانی گەلی کورد بە کەمتر لە سەربەخۆیی، میهر و بەزەیی و سۆزیان بەرامبەر بە کورد، نابزوێت.
ئێمە لەو رووەوە پڕیارمان داوە خۆ نەخەینە کاری تاکتیکیی ناسەردەمییەوە، هەروەها بڕیارمان داوە خۆ نەخەینە ناو گەمەیەک کە دۆست و دوژمن و یار و نەیار لێی حاڵین و هەریەکەی شوێن و جێگای خۆی لەو هاوکێشە و پرۆسەیەدا بە وردیی و ڕوونی دەبینێت و  هەموولایەک تا ڕادەیەکی باڵا لە ڕەهەندەکان و هۆیەکان و ئامانج و سەرئەنجامەکان حاڵیین.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەو تێگەیشتنەدا ئێمە لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی و سەرجەم شەهیدانی دیکەی کوردستان، بە قوربانیانی سڤیلەوە، هەروەکو خودی داگیرکردنی کوردستان و درێژەدانی، بە کارێکی خودئاگا و پلانبۆکراو داگیرکەرانی دادەنێین. دڵنیایین کە تەنها بە بەهێزکردن و یەکخستنی سەنگەریی سەربەخۆییخوازیی دەتوانین مەدالیای سەربەخۆیی و ڕزگاریی بە گەردنی ئەوانە لە خەڵکی کوردستان بکەین کە هەر ئێستا زیندوون و کە نەوەی دواڕۆژی کوردستان دەبن.
ئەڵبەت بۆ هاسانکردنی خەباتێکی هاوبەش کە هەموو لایەک بەشداریی تێدا بکات پرینسیپی ڕیفەراندۆممان خستووەتە پرۆگرامی پارتیمانەوە. واتە، لە ڕیفەراندۆمێکدا خەڵکی کوردستان بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن، نەک ئەحزابگەلی سیاسیی بەو پێیەی خۆیان لە دونیا حاڵین جۆرێک لە چارەسەر بسەپێنن.


ئێمە هەروەها دەزانین کە ژمارەی شەهیدانی کوردستان بە درێژایی مێژوو وەکو گەڵای وەریوی پایز بەئەژمار و لە حیساب نەهاتوون. قوربانیەکان فرەن و لە سەر هەر بستەخاکێکی کوردستان بە جۆرێک خوینی ڕژێندراوی کوردستانیان هەیە. تاکە گوناهێکی مەزنی ئەوانە زیاتر لەوەی کە خاکێکی دەوڵەمەن و داگیرکراویان هەیە و بە شیوەیەک بۆی تێکۆشاون هیچی دیکە نییە.
زۆر جار پرسیارمان لە خۆمان کردووە کە ئایا کامە ڕۆژ لە ٣٦٤ ڕۆژەی ساڵ بکەین بە ڕۆژی شەهیدان و سەروەرانی خەباتی ئازادیخوازیمان؟ ئێمە پێمان وایە کە خۆهەڵواسین و خۆبەستنەوە بە ناوچەگەریی و حیزبگەریی و مەحفەلگەریی و شێوەکانی دیکە لە دەمارگرژیی، تووشی سەرئێشەی سیاسیی گەورە و هاوکات نا پیویستمان دەکات. قسەی تێدا نییە کە تا ئێستا بە زیان بۆمان گەڕاوەتەوە.
ئێمە، وەکو کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان، بە دروستی دەزانین کە ڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا و هاورێیانی، بە سیفەتی سەرۆککۆماری کوردستان و خەباتگێڕێکی گیانفیدا، بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستانی قبوڵ بکەین و هەوڵ بدەین ئەو ڕۆژە لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببەینە دەر و لە سەرانسەری کوردستاندا بیکەین بە ڕۆژی شەهیدان.


کۆمەڵە
- پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان ئەم کارە بە یەکێک لەو ئەرکانەی دادەنێت کە پێویستە بکێشرێت بۆ ئەوەی، خاڵی هاوبەش لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی خەباتی ئازادیخوازانەی کوردستاندا تا بکرێت زیاتر بن و بەو شێوەیە بناخەی پێکەوە کارکردن و هاوکاریی دابرێژین.


پیرۆز و نەمر بێت یادی شەهیدانی خەباتی ئازادیخوازیی،
سڵاو له‌ پێشه‌وا و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی کورد و کوردستان
بژی خه‌بات له‌ پێناو دامه‌زراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و دیموکرات و دادوەر لە کوردستان



کـۆمـه‌ڵـه‌ ــ پارتی سوسیالدیموکراتی کوردستان
١٠ خاکه‌لێوه‌ی ٢٧١١
٣٠ مارسی ٢٠١١