پەیامی شێخ عێزهددینی حوسهینی به بۆنهی له سێدارهدانی هاولاتیان كورد سەرەتا سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی ئەو تێکۆشەرانەی کە ئەورۆ ئێعدام کراون و سەرەخۆشی و رێزی خۆم پێشکەش دەکەم بە گەلی کورد بەگشتی و دایكو باب و بنەماڵە و هاورێیانی هەموو ئەو شەهیدە خۆشەویستانە بەتایبەتی. مامۆستا و موعەلیمی دڵسۆز و فیداکار کاکە فەرزادی کەمانگەر تاوانی ئەوەبوو کە دەیهەویست منداڵانی کوردستان فێری خوێندن و ئینساندۆستی و نیشتمانپەروەری بکات. تاوانی هاورێکانیشی واتە عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی و شیرین عەلەمهوولی، بریتی بوو لە خەبات لەسەر رێبازی ئازادی و دیموکراسی لە کوردستان. ئێعدام بەگشتی و ئێعدامی ئەم چوار تێکۆشەرە کوردەو مهدی اسلامیان بەتایبەت ، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە هیچ چەشنە مەشرووعییەتێکیان نییە. ئەوانەی کە تاوانبارن و دەبێت بدرێنە دادگا، نەک تێکۆشەران بەڵکوو سەرانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن کە ماوەی سیویەک ساڵە خەریکی کوشتوبڕ و سەرکوتکردنی گەلی کورد و تێکۆشەرانی ئێرانن. ئەم ئێعدامانە جارێکی دیکە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە جمهووری ئیسلامی ئێران لە هیچ شوێنێک جێگای متمانە نییە و ناکرێت باوەڕ بە هیچ وادە و بەڵێنییەکی بکرێت. هەموومان ئەبێت وریابین و رێگا نەدەین بە بیانووی جۆراوجۆر دووبەرەکایەتی بخرێتە ناو ریزەکانی خەباتگێرانی کوردستانەوە. ئێمە هەموومان، هەروەکوو فەرزاد کەمانگەر و هاورێکانی خوازیاری مافی رەوای میللی خۆمانین ولایەنگری ئەوەین کە ئازادی و دیموکراسی و سەربەستی زاڵبێت لە کوردستان. خەبات بۆ ئەم ئامانجانەیش سەرەڕای قوربانیدان و زیندان و ئێعدام هەر بەردەوامە. بەرز و بەڕێز بێت یادی ئەم رۆڵە خۆشەویستانە و هەموو ئەو تێکۆشەرانەی گیانی پاکی خۆیان لەپێناوی دیموکراسی، ئازادی و سەربەرزی میللەتی کورد دا بەخت کردووە. شێخ عێزهدینی حوسهینی نۆزدەی گوڵانی ساڵی ١٣٨٩ 9ی مانگی 5ی 2010
|