١/١٢ ڕۆژی بەرلێگرتن و بەرەنگاربوونەوە دژ بە نەخۆشینی ئایدز



نێزیکەی ٤٠ ساڵ لەمەوبەر دەرکەوت کە نەخۆشینێک بە ناوی ئایدز هەیە. هەر زوو ترسناکیی ئەو ڤایروسە لەسەر مرۆڤ دەرکەوت کە لە پێشدا پێی دەگوترا HTLV-III
پاشان LAV . وا دادەنرێت کە نیزیکەی ٣٣ ملیۆن مرۆڤ تووشی ئەم نەخۆشییە بوو بن. بە پێی سەرجاوەی جیاواز ئەم نەخۆشینە تا ئێستا نیزیکەی ٣٠ ملوێن مرۆڤی لە جیهاندا کوشتووە.


ئەم نەخۆشینە لەو نەخۆشینانەیە کە زۆر خێرا بڵاو دەبێتەوە. وا دادەنرێت کە ڕۆژانە ٧ هەزار کەس تووش ببن و نێزکەی ٦ هەزار کەسێک بمرن. لە وڵاتانی پێشکەوتوو تا ڕادەیەکی باش ئامار لە بەردەستدا هەن کە ئاماژە بە ژمارە، ناوچە، ژن و پیاو یان منداڵی تووش بوو و هەروەها زانیاریی دیکە دەکەن، بەڵام گرفتێکی گەورە لەوەدایە کە لە وڵاتانی ناپێشکەوتوو و هەژار ئاماری دروست یان هەر زۆر کەمە یان هەر نییە.


گرفتی سەرەکیش لەو وڵاتە هەژارانەدا ئەوەیە کە زۆرینەی ئەوانەی تووشی ئەو نەخۆشینە دەبن ئەو پیاوانە نیین کە لە ڕووی سێکسەوە هاوجنسبازن و چالاکن، بەڵکو بە هۆی خراپی باری ژنان و منداڵانەوە تووشی ژنان و منداڵان دەبێت و لە ڕاستییدا ئەمان قوربانیی یەکەمن، نەک پیاوان.
لە وڵاتانی هەژار ژنانی چینی خواروو و چینی کرێکار ناچارن لەشی خۆیان بۆ وەدەستکەوتنی بژێوی ڕۆژانە بفرۆشن. ئەو پیاوانەی بەو بازرگانیی و خووەوە خەریکن خەڵکانێکن کە هیچ ڕەووشتێکی ئینسانیان تێدا نەماوە. بیر لە هیچ خەم و ئازار و مەینەتیەک ناکەنەوە و تەنها شتێک لەبەرچاویانە کڕینی سێکسە. ئەو پیاوانە بە یەک و دووانەوە ناوەستن و لە گوند و شارێکەوە دەچن بۆ شوێنی دیکە و بە پێی ئارەزووی خۆیان هەڵدەسووڕێن. سەرئەنجامەی ئەم کارە فرە بەدە ئەوەیە کە ئەو ژنانە چەندیش لە ڕووی خۆخاوێن ڕاگرتنەوە وریا بن، هەر تووش دەبن، چونکە نەخۆشینەکە ڤایروسە و بڵاو دەبێتەوە.
هەرە باشترین ڕێگا بۆ بەرلێگرتن خۆدوورگرتن و بەکارهێنانی کۆندۆمە، کە بە داخەوە زۆرێک لەو ژنانە بە هۆی باری ئابوورییەوە ناتوانن خۆیان دوور بگرن و دەستیشیان بە کۆندۆم و شێوەکانی دیکەی خۆپاراستنی جیددی ڕا ناگات.


کۆرپەگەلێکی زۆر کە لەو دایکانە لەدایک دەبن هەر بە زگماکیی بەر لەوەی لە دایک ببن دووچاری ڤایروسەکە بوون. منداڵگەلێکی زۆر، هەر لە تەمەنەکانی ٧ و ٨ ساڵیی، بەتایبەتی کچان، دووچاری لەشفرۆشیی دەکرێن. ئەو منداڵانە بە بەردەوامیی دەستدرێژییان دەکرێتە سەر و هەر ئێستا ڕۆژانە لەسەرەدا دەوەستن تا پیاوێکی پارەدار، سەرەڕای بەساڵداچوویی و ناشیرینیی و ناقۆڵایی و نەخۆشینێک کە هەیبێت، دەم دەنێتە یەکەم خۆشاوی ژیانیان. هەندێک جار پاش ئەوەی کە گەواد و فرۆشیارەکانیان سەرانە و هەقمزەی خۆیان دەبەن، ئەو پارەیەی بۆیان دەمێنێتەوە ڕەنگە بەشی یەک ڕۆژی بژێویان نەکات. ئەو پارەیەی بۆیان دەمێنێتەوە لە ڕاستییدا پارەی کولەمەرگیی مەمرەومەژییە.


بەو پێیە لە وڵاتانی هەژار و نەدار و بەتایبەتی لە ناو چینی خوارەوە و کرێکاراندا ئایدز بەشێکی گرینگ و سەرئەنجامێکی گرینگی بازرگانیی لەشپێفرۆشتن و لەشفرۆشییە. هەروەها بەشێکە لە سووکایەتیپیکردن و داڕزاندن و لەناوبردنی کەسایەتیی ژنان.
لە هەموو وڵاتانی هەژار، لەوانە بەنگلادیش، ئەفگانستان، کەمبۆدیا، ڤێتنام، لاوس، نیزیکەی هەموو وڵاتانی ئەمەریکای لاتین، ئەم نەخۆشینە بەتایبەتی ژنانە و منداڵانەیە و بەتایبەتیش بۆ هەژاران و نەداران و بێکارانە. تەنانەت لە وڵاتانی وەکو ئەمەریکایش لە پلەی یەکەمدا نەخۆشینێکی ژنانە و پێستڕەشانە. نەخۆشینەکە هەروەها لە ناو ئەوانەدا بەتایبەتی زۆرە کە دووچاری شێوەکانی بەدمەستیی و بێخانەوادەیی و بێجێگاوڕێگا دەبن. کەواتە نەخۆشیینێکە کە بە تەواویی پێوەندیی بە سیاسەت و دادوەریی کۆمەڵایەتیەوە هەیە. لەو ڕووەوە سەیر نییە کە لە هەموو وڵاتانی پێشکەوتوودا نەخۆشینەکە بەرنامەی سیاسیی و پلانی سیاسیی بۆ دادەنرێت. هەموو ڕێکخراوێکی سیاسیی بەرپرسیارێتی بەرلێگرتنی هەڵ دەگرێت و بە توندیی لە سیستەمی خوێندن و دەرسی سێکس و چالاکیی سێکسدا بایەخ و گرینگیی پێ دەدرێت.


لە کوردستانیش دیاردەی تووشبوون بە نەخۆشینی ئایدز هەیە، بەڵام وەکو وڵاتێکی کۆلۆنیکراو و بێ ئامار ناتوانین بزانین ژمارەی ئەو کەسانە چەندن، هەروەکو لەسەر و لە بارەی سەدان و بگرە هەزاران شتی دیکەی گرینگ لە وڵاتی خۆمان نازانین.
لە وڵاتانی عەرەبی، کە ئیراقیش یەکێکە لەوان، باسی ئەم نەخۆشینە نێزیکەی تابۆی لەسەرە، بەتایبەتی لەبەرئەوەی کە بە پلەی یەک پێوەندی بە هاوجنسبازیی پیاوانەوە هەیە و ئایینی ئیسلام ڕێگا لە خودی باسی جنس و هاوجنسبازیی و بازرگانیی سێکسیی گرتووە و دەگرێت. لە ئێران دۆخەکە باشتر نییە. بێ لەوەی کە حکومەتێکی دیکتاتۆر لەسەر حوکمە هەروەها هاوکات فاشیستی مەزهەبییە و لەسەر کوردستانیش داگیرکەرە.
بە پێی ئاماری رەسمیی دەوڵەتی تورکیا خۆی، تووشبووان بە نەخۆشینی ئایدز، ناگەنە سەروو ٢ هەزار کەس. ئەوە لە کاتێکدا کە دانیشتوانی تورکیا نێزیکەی ٧٥ ملوێن کەسە و کە چەند شارێکی تورکیا بە ڕەسمیی و بە پێی ئاگاداریی دەوڵەت خۆی و هەموو جیهان، ناوەندی بەناوبانگیی لەشفرۆشیی و لەشپێفرۆشتنە. لەشفرۆشیی و لەشپێفرۆشتن و سینەمای رووت و ڕووتگەریی لە تورکیادا یەکێکە لە گەورەترین بازرگانیە سەهمدارەکان کە تەنانەت بە سەدان لە پیاوانی دەوڵەت و بە هەزاران لە ئاسایش و پۆلیس و جۆری مافیا لە پشتیەوەن.


لە تورکیا ئەم بازرگانییە نەک هەر لەسەر ئاستی ناوخۆییە، بەڵکو بۆ وڵاتانی دراوسێی و جیهانیشە، بەتایبەتی لەوانە بولگاریا، ڕۆمانیا، سلوڤانیا، سلوڤاکیا، رووسیا، ئازربیجان و دەوڵەتە تورکەکانی پێشووی ناو یەکیتی سۆڤیەت و زۆر لە وڵاتانی ئاسیای خواروو.
لە ئێران حکومەت کەمێک سەخی ترە. بە پێی ڕاپۆرتاژێکی ب ب س کە لە ٢٠/٣/٢٠٠٢ دا کراوە حکومەتی ئێران تووشبوونی ٣٤٠٠ کەسیان لە ژێر منجەمنج و دژایەتیدا سەلماندووە. لە ساڵی ٢٠٠٩ دا ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە ١٨ هەزار. ئەڵبەت باس ناکرێت ئەو ژمارانە بەتایبەتی لە چ ناوچەیەکن. قسەی تێدا نییە کە ڕەنگە دە قاتی ئەو ئامارە ڕەسمییە تووشبووی ئایدز هەبن. شاری گەورەی وەکو تاران و ئەسفەهان و تەورێز ڕەنگە لە پلەی یەکەمدا بن، بەڵام شارەکانی دیکە زۆر بەتایبەتیی لەو نەخۆشینە دوور نیین. تا ئێستا حکومەتی ئێران دەیان و بیستانی بە تاوانی سێکسی هاوجنسباز و شێوەکانی چالاکی سێکس پیوەندیدار بەو نەخۆشینەوە گرتووە و سزای داون. وا پێ دەچێت حکومەت خودئاگا ئەو دەستوەشاندنە لەو ئاستەدا بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی لە لایەک ژمارە ئەسڵیەکە دەرنەکەوێت و لە لایەکی کەوە کارێکی وا نەکات کە لە ژێر کۆنترٶلی خۆی بڕوواتە دەر، چونکە وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پی کرد، نەخۆشینەکە، پێوەندی قورس و توندی بە سیاسەتەوە هەیە.


کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان ئامادەیی خۆی دژ بە هەموو ئەو جۆرە بازرگانییە بە ژنان و منداڵانەوە دەردەبرێت کە قوربانیەکانی بە ملوێنن و خەڵکانێک لە ژنان و منداڵان دەبنە قوربانیی کە تاوانی هەرە گەورەیان ئەوەیە کە هەژار و نەدارن. هەروەها ڕوونی دەکەینەوە کە چارەسەری ئەو نەخۆشیینە دەبێت چارەسەرێکی سیاسیی بێت و لە ڕەهەندیی ژمارە، ناوچە، شێوەی چینایەتیی و ئابووریی و ژینگەیی ئەوانەی تووش بوون، سەرمایەگوزاریی لە چارەسەر و تیماردا، و شێوەی بەرپێگرتن لە سیستەمی خوێندن و هۆشیارکردنەوەی دیکەدا، بە تەواویی ڕەنگ بداتەوە.
کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان سەرەڕای پشتگیریی خۆی لە هەموو ئەو تاکەکەس و رێکخراوانە کوردستانیی و جیهانیانە، داوا لە هەموو تاکەکەسێکی کوردستانیی دەکات کە لەبەرلێگرتن و دژایەتیکردنی بڵاوبوونەوەیدا چالاک و هەڵسوڕاو بن.


کـۆمـه‌ڵـه‌ ــ پارتی سوسیالدیموکراتی کوردستان
١/١٢/٢٠١٠