”قەوم“ ـی کورد یان ”نەتەوەی“ کورد؟
فه‌رهاد سه‌رهه‌نگی
بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆمه‌ڵه - پارتی سۆسیالدێمۆکڕاتی کوردستان
کاتێک له ئه‌ده‌بیاتی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌وه باس له نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست ده‌کرێت، به‌شێوه‌یه‌ک لێده‌ڕوانرێت که بچووک بکرێته‌وه و زۆریش هه‌وڵ دەدرێت کە نەتەوەی ژێردەست خۆی به بچووکتریش بزانێت. له هیچ ئاخافتن یا خود نووسینێکی فارس دا کورد وه‌ک نه‌ته‌وه باس نه‌کراوه و هه‌میشه به ”قه‌وم“ ناوی ده‌به‌ن.
به‌ڵام به‌ر له هه‌ر شت پێویسته بزانین ئه‌و وشانه چین و نێوه‌رۆکیان چییه. "قه‌وم" وشه‌یه‌ک یان خۆ پێناسه‌یه‌که که نایه‌ته ناو چوارچێوه‌ی سیاسییه‌وه، "قه‌وم" ده‌کرێت وه‌ک خێڵێکی مه‌زن یان چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌کی مه‌زن پێناسه بکرێت. قه‌وم وشه‌یه‌کی عاره‌بییه که وه‌ک زۆربه‌ی ئه‌و وشه عاره‌بییانه‌ی هاتوونه‌ته ناو فارسییه‌وه مانای خۆی له ده‌ست داوه. له عاره‌بی دا قه‌وم به مانای نه‌ته‌وه دێت، که چی له زمانی فارسی دا قه‌وم ئه‌و مانایه‌ی نییه و به خێڵێکی مه‌زن ده‌گوترێت.
"نه‌ته‌وه"، ناسیون یان میلله‌ت به کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێک ده‌گوترێت که خاوه‌نی یه‌ک مێژوو و کو‌لتوور و زمانی هاوبه‌شن و له سه‌ر یه‌ک خاکی هاوبه‌ش ده‌ژین. ئه‌و خاکه هاوبه‌شه مه‌رج نییه که وڵاتێکی ڕزگار و سه‌ربه‌خۆ بێت، یان ته‌نانه‌ت مه‌رج نییه که ئۆتۆنۆمی یان خودموختاریشی هه‌بێت. ته‌واوی ئه‌و پێناسانه‌ی که بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک هه‌یه، له‌کوردیش دا خۆی ده‌بینێته‌وه، جا که‌وابێت نه‌خۆشییه‌کی ترسناکی سیاسییه که مه‌زنترین نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست له جیهان دا به "قه‌وم" نێو ببرێت. هیچ که‌س ئاماڕی ڕاسته‌قینه‌ی حه‌شیمه‌تی کورد نازانێت و ئه‌وه‌ش ئامانجی سیاسی له دواوه‌یه، به‌ڵام سەرچاوەی جیاواز ژوماره‌ی کوردان به پتر له چل میلیۆن که‌س دادەنێت، که دوای ئه‌وه‌ی سه‌فه‌وییه‌کان و عوسمانییه‌کان له سه‌ده‌ی شازده‌هه‌می زایینی دا کردیانینه دوو به‌ش، له دوای شه‌ڕی جیهانیی یەکەم و پاشان جەنگی جیهانیی دووهەم ئینگلیس و فه‌ڕانسه‌ش دوو وڵاتی نوێیان به نێوی عێڕاق و سوورییه درووست کرد و هه‌ر وڵاته‌ش به‌شێکی خاکی کوردانی به سه‌ردا به‌ش کرا و به فه‌رمی کوردستان بوو به چوار به‌ش. له هه‌ر یه‌ک له‌و به‌شانه‌دا به‌درێژایی ده‌یان ساڵ خه‌باتی بێ ووچان بۆ وه‌دیهێنانی مافه ڕه‌وا و زه‌وت کراوه‌کانی کوردان له ئارا دا بووه، به‌ڵام وه‌ڵامی داگیرکاران هه‌ر هه‌میشه گرتن و زیندانی کردن و دوورخستنه‌وه و ئه‌شکه‌نجه و ئیعدامی خه‌باتکارانی کورد بووه و گه‌لێک جار مرۆڤی سیڤیلیش به تاک یان به کۆمه‌ڵ وه‌به‌ر هاتوون.
خه‌ڵکی کورد لە سه‌ر خاکی خۆی، مافی نییه به زمانی خۆی خوێندنگای هه‌بێت و، هیچ مافێکی سیاسیی و کولتوریی پێ ڕه‌وا نابینرێت و تەنانەت ناڕاستەوخۆ نکۆڵی لە هەبوونیشی دەکردرێت. له باکووری کوردستان بە ئاشکرا هه‌ر حاشا له بوونی ده‌کرێت و به تورکی کێوی ناوده‌برێت!
له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌ی له‌گه‌ڵ باکوور فه‌رقی هه‌یه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست، بچووکترین جموجۆڵ به توندترین شێوه وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه. هه‌موو ڕۆژێک سامانی کوردان له سه‌ر ئه‌رز و بن ئه‌رز تاڵان ده‌کرێت و بۆ ناوچه ناکوردییه‌کانی ناوه‌ند به‌ڕێ ده‌کرێت.
تاقمی ده‌سه‌ڵاتدار له کۆمه‌ڵکوژی له ده‌یان گوندی موکریان و ئیعدامی به کۆمه‌ڵی کوردان قه‌ت سڵی نه‌کردوه. به "تاوانی" جیاییخوازیی هه‌زاران که‌سیان زیندانیی کردوه یان کوشتوویانن. به‌ڵام ئایا بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی چه‌ندین ده میلیۆنیی وه‌ک کورد، جیاییخوازیی تاوانه یان ماف؟
کورد له سه‌ر خاکی باب و باپیرانی خۆی، له‌سه‌ر هه‌ر ئه‌و خاکه‌ی که به هه‌زاران ساڵ لێی ژیاوه و له سه‌رده‌مێکدا خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی زۆر مه‌زنی "ماد" بووه، ئێستا نه زمانی ئازاده، نه مێژووی و نه ته‌نانه‌ت بوونی وه‌ک نه‌ته‌وه!
ئه‌وه له‌کاتێکدایه که نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست له ئێران‌دا، له به‌راوه‌رد له گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی که له ئێران‌دا ده‌ژین، خۆیان که‌مینه‌ن. جاکه‌وابێت، شتێکی سه‌یر نییه که بۆ مه‌زن نیشاندانی خۆیان، ئه‌وانی دیکه بچووک نیشان بده‌ن. به‌ڵام ئه‌وان کورد و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه هه‌ر به ژوماره‌ی حه‌شیمه‌ت بچووک نیشان ناده‌ن، به‌ڵکوو له باری مێژوویی و کولتووریشه‌وه هه‌ر بچووکیان ده‌که‌نه‌وه. هه‌میشه هه‌ر وا نیشان دراوه که هه‌ر فارسه که ڕابوردوویه‌کی دوور و درێژ و جێگای شانازیی هه‌یه. هه‌ر فارسه که خاوه‌نی شارستانییه‌ت و هونه‌ره. ناوچه نا فارسه‌کانیش به‌ئانقه‌ست دوور له هه‌موو ئیمکانێکی ژیانی پێشکه‌وتوو هێشتراونه‌ته‌وه و، زۆر به زانیارییه‌وه هه‌رچی کارگه‌ی پیشه‌سازییه هه‌موو هه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستانن. له هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا هه‌ر تاکه یه‌ک میتریش ڕێگای ئاسن نییه. هه‌ر هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی له کوردستاندا زۆره و به‌تایبه‌تیی ڕۆژ له گه‌ڵ ڕۆژ زیاتریشی ده‌که‌ن، گیرۆده‌یی لاوانی کورد به ماده موخه‌ددیره‌کانه. لاوانی کورد سامانی داهاتووی نه‌ته‌وه‌ی کوردن، به‌ڵام زۆر بێ به‌زه‌ییانه به‌هه‌زاران لاویان له کوردستاندا، به هۆی ئه‌و موخه‌ددیراتانه‌وه هه‌ر له نه‌ونه‌مامیی دا ئیشک کردووه، و له هه‌موو داهاتوویه‌کی باش بێ به‌شیان کردون.
له باکووری کوردستاندا که نزیکی سه‌ده‌یه‌که کورد هه‌ر ته‌نانه‌ت ڕێگای قسه کردن به زمانی خۆشی نییه، به هه‌زاران که‌س له سه‌ر ئاخافتن به زمانی کوردی گیراون و ته‌نانه‌ت کوژراون، ئێستا بارودۆخ به‌ره‌و خۆشی ده‌ڕوا و کورد له ئاکامی خه‌باتێکی بێ ووچانی ده‌یان ساڵه و به‌ده‌یان هه‌زار گیان به‌خت کردوو، ڕێگای خۆی له هه‌موو که‌لێن و قوژبنێکی سیاسی و کولتووری دا دیتۆته‌وه.
له باشوور دا که ده‌یان ساڵه خه‌بات به‌رده‌وامه و به سه‌دان هه‌زار گیان به‌خت کردوو هه‌یه، ئێستا کورد خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و پارله‌مانی خۆیه‌تی و ئه‌گه‌رچی بۆته چه‌قڵی چاوی ناحه‌زان و نه‌یاران، به‌ڵام وه‌کو کورد له‌سه‌ر پێی خۆیان ڕاوه‌ستاون و ڕۆژ له گه‌ڵ ڕۆژ بارودۆخ له‌وێ باشتر ده‌بێت.
له باشووری بچووک/ ڕۆژئاوای کوردستان که هه‌ر به هیچ شێوه‌یه‌ک دان به بوونی کوردان نه‌ک هه‌ر وه‌کوو کورد به‌ڵکو وه‌کوو مرۆڤیش دانانرێت و هه‌موو ناسنامه‌یه‌کیان لێستاندوونه‌ته‌وه، ئێستا خه‌بات به ئاشکرا ده‌ستی پێکردووه و به بێ شاردنه‌وه داوای مافی خۆیان ده‌که‌ن.
بارودۆخی ڕۆژهه‌ڵات به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌شه‌کانی دیکه ئه‌و جیاوازییه‌ی هه‌یه که له‌گه‌ڵ یه‌ک نه‌گرتوویی و ته‌نانه‌ت لێک دوور بوونی پارته سیاسییه کورده‌کانیش، کورد له‌و به‌شه دا، ژێر ده‌ستی ناحەزترین و ڕه‌شترین ده‌سه‌ڵاتی جیهانه. ڕژێمی ده‌سه‌ڵاتدار به سه‌ر ئێران‌دا، ڕۆژ له گه‌ڵ ڕۆژ له جیهاندا ته‌ریکتر ده‌که‌وێته‌وه و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازیش له‌لایه‌ن گه‌وره‌هێزه‌کانه‌وه هه‌یه. له‌باروودۆخێکی وه‌هادا یه‌کگرتن و هاوده‌نگی پێویستێکی مێژووییه. دۆخ هه‌ر ئاوا نامێنێته‌وه و کورد پێویسته خۆی بۆ دوا ڕۆژ ئاماده بکات و ئه‌گه‌ر ئاڵووگۆڕێک به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا هات، پێشتر به پلان و ئاماده‌ییه‌وه له‌گه‌ڵی ڕووبه‌ڕوو ببێته‌وه.
٢٧/١٠/٢٠١١

|