ڕووخسارە لێکچووەکانی داگیرکار ، ٨٨ ساڵ لە داگیرکەریی



ڕێبوار ڕەشید


تورکەکان لە ناوەڕاستی سەدەی دە هاتنە ناوچەکە و لە شەڕی خوێناویدا ئیپمراتۆری سەلجوقی ـیان دامەزراند. کاتێک تورکەکان هاتن سێ سەد ساڵ زیاتر بوو ئیسلام ئەو ناوچانەی داگیر کردبوو. لە بەراوورد لەگەڵ نەتەوەی وەکوو کورد و ئەرمەنی و ئاسووری تورکەکان وەکوو میوان وان.


هەمیشە بیری لێ دەکەمەوە کە ئایا بابوباپیرانی تورک هەرگیز پێیان گوتوون هێرش مەبەن سەرکەوتن خەونە، یاخود مەڕۆن و داگیر مەکەن، سەرکەوتن خەونە، یان دامەزراندنی ئیمپراتۆریەک خەونە؟ هەرگیز بابوباپیرانی تورک، سەرکردە و رابەرانیان گوتوویانە واقیعی بن، ئەو ناوچانە دوورن ناتوانن بیگەنێ، واقیعی بن ئیمپراتۆر دروستکردن لە سەر خاکی خەڵک سەر ناگرێت، واقیعی بن ئیمپراتۆریەکیش دروست بکەن لە ناو خەڵکی رەسەنی ئەو ناوچانەدا بەڕێوە نابرێت.


کاتێک لە تووڕەبوونی عەبدوڵا گوڵ و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە کوشتنی چەند سەربازێکیان کە لە ناو جەرگەی کوردستاندا کوژراون، دەڕووانم، لەو جڵەوەئازادە تێ دەگەم کە تورکەکان لە مێژوودا بە خۆیان داوە. مستەفا کەمال لە شەوێکدا پیتی عەرەبی گۆڕی بۆ لاتین، مزگەوت و شێخ و مەلا و سەیدی لە ناو تورکدا قەدەخە کرد، و لە ناو کوردیشدا لەگەڵ یەکدا بە شەڕی دان. ناسنامەی تورکی لە سەر کولتور و زمان و مێژووی کورد و ئەرمەن و ئاسوور دامەزراند و پێوەندیەکانی خۆی لەگەڵ دونیای خۆرئاوا دامەزراند و پەرە پێ دا. هەتا ساڵی ١٩٤٦ کە سیستەمی فرەحیزبیی بۆ یەکەم جار لە تورکیادا ڕێگای پێ درا، بە سەدان ڕیفۆرمی گەورە لە ناو تورکیادا کران و هاوکاتیش کوردستان، خودئاگا و بە پلان، لە هەموو جۆرە پێشکەوتنێک دوا خرا و لە پاشکەوتوویی و داگیکردن و ترس و وەحشەتدا هێڵرایەوە.


لە پاش ١٩٤٦ حکومەتی تورکیی بە هەموو شێوەکانی لیبرال و کۆنسەرڤاتیزم و سۆسیالدیموکرات و هاوپەیمانیی تێکەڵاو و سەربازیی و ئیسلامیی هاتوونەتە سەر حوکم. هەر هەموویان درێژەیان بە سیاسەتی ئاوەدانیی وڵاتی خۆیان و کاولکردنی کوردستان داوە. رەنگە لە ڕووی تاکتیکییەوە جۆرێک لە جیاوازیی لە نێوان ئەم و ئەودا هەبێت، بەڵام هیچ جیاوازییەکی پرینسیپیی نەبووە. تا ئێستا هیچ ڕێکخراوەیەکی تورکیی، بە سیاسیی و غەیرە حکومییەوە، نییە سەبارەت بە خەڵکی کوردستان رەگەزپەرست و کانیبال نەبێت.
حکومەتی پارتی داد و گەشە کە بە ئا کا AKP پێ ناسراوە حکومەتێکی ئیسلامییە. زۆرینەی تورکەکان حەنەفین. دەتوانرێت بگوترێت کە مەزهەبی حەنەفی نەرمترین شێوەی مەزهەبەکانی سوننەیە. پارتی داد و گەشە بەرامبەر بە یەکیەتی ئوروپا و جامیعەی عەرەبیی و وڵاتانی ئیسلامیی و وڵاتانی دەراوسێ وەکو شوکلاتەیەک وایە کە لە ناو زاریاندا دەتوێتەوە. ئەم حکومەتە بە هەموو ئەو مانایەوە کە مرۆڤ لە سیاسەتدا لێی حاڵیی نابێت، شەکری زاری ئیسرائیلیش بووە. بۆ تورکەکان و لەوانیش بۆ حیزبی داد و گەشە کە ئیتر بە نەرمترین شێوە حکومەتی تورک دادەنرێت، هیچ سەیر و دژگۆییەک نییە کە لە هەموو ئەو پێوەندییە دژ بە یەکانەدا کایە بکات. تورکەکان بە سواری ئەسپی ئیسلامەوە رابەرایەتی عەرەب دەکەن و فشار بۆ بە ئەندامبوون لە یەکیەتی ئوروپا دەبەن و دەبن بە ناوبژیکاریی فەلەستین و ئیسرائیل، و دروشمی ”هیچ کێشە“ لەگەڵ دەراوسێیەکان بڵند دەکەنەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە نکۆڵی لە هەبوونی یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی سەر خاکی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە کوردە دەکەن.


ئایا هەموو ئەم پێوەندییە دژ بە یەکە سەردەگرێت؟
وەڵامی ئەو پرسیارە لای کورد نییە. وەڵامی ئەو پرسیارە لە شێوەی تووڕەبوون و لە قسەکردن و لە کردەوەی سەرۆکی ئەو وڵاتە و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەدا دەست دەکەوێت.


لە سەرەتای هاتنە سەر کار ساڵی ٢٠٠٣ ئەم دوو پیاوە کە لە مێژووی خۆیان دەزانن و تێدەگەن، هەر وەکوو باوباپیرانیان گرەویان لە سەر کارتی ئیسلام کرد کە کوردی پێ فریو بدەن. بەو پێشینەیەوە کە سێ چوار دەیە لەوەبەر تورکەکان کاریان زۆر کردبوو کە حیزبوڵای کورد، وەکوو جاش، لە ناو کورددا دروست بکەن و پەرەی پێ بدەن. سەرئەنجام ئا کا پێ دەنگێکی زۆری لە کوردستان بردەوە، بەڵام زۆر زۆریش نا.
هۆشیاربوونەوەی کورد و خەبەربوونەوەی کورد لە خەوی غەفڵەت ئا کا پێ ـی ناچارکرد لە تەبلیغاتی سیاسییدا تاکتیکی بەرامبەر کوردستان بگۆڕێت. هاوکات کە ئا کا پێ دەستی بە بووژاندنەوەی بیری عوسمانیی کرد، ڕک و کینەیەکی زۆری لە دڵدا دژ بە کورد پەیدا کرد. لە تاکتیکی نوێی خۆیدا ئەو پلانە پیادە دەکرێت کە ئیمپراتۆری عوسمانیی زیندوو بکرێتەوە. خەونی ئەو پلانە ئەوەیە کە دەبێت لە ناو کورددا ئەو بووژانەوە و هۆشیاربوونەوەیە نەتەوەییەی کە پەیدا بووە تێک بشکێنرێت. کوردەکان بەردەبازی دووبارە بنیاتنانەوەی ئمپراتۆری عوسمانیین، بەڵام هەبوونی کوردی هۆشیار ئەو خەونە تێک دەشکێنێت. هەروەها هەموو ئەو سیاسەتە دژ بە یەکەیەش پووچەڵ دەکاتەوە کە گوایا لە سەر بناخەی ئاشتیی و خۆشەویستیی و برایەتیی و دەراوسێیەتیی بنیات نراوە. ئەم ڕاستییە پەردەی لە سەر ڕووخساری رووبەدەرەوە هێمنی ئەردۆغان و گوڵ ـی هەڵماڵیووە و ئەو گورگبوون و دڕندەییە ئاشکرا دەکات کە نوێنەرایەتی پێنج سەد ساڵ لە داگیرکەریی تورک لە کوردستان دەکات.
لە سەرەتادا ئەردۆغان باسی لە چارەسەرکردنی ”کێشەی کورد“ دەکرد و پاشان ئەو چارەسەرە بوو بە ”ئاوەڵەبوونی دیموکراسیی“ و ئێستایش چووە قۆناخی کۆتایی خۆیەوە کە بەکارهێنانی تەواو هێزی تورکیایە دژ بە کوردستان. لە هەوڵی سەرکەوتندا حکومەتی ئەردۆغان بووە بە پۆپولیستێک کە بەو زووانە دەبێت بە کێشەیەکی گەورەتری سیاسیی بۆی. لە ٨٥ ساڵدا حکومەتگەلی جیاوازی تورک ناسنامەیەکی ساختەیان بۆ تورک داتاشیووە و کۆمەڵگای تورکیان کردووە بە کۆمەڵگایەکی پاراسیت کە بیستوچوارسەعاتە درۆیان دەرخوارد داوە و دەدەن. هەر سیاسەتمەدارێکی تورک بیەوێت کۆتایی بەو چیرۆکە پر سووکایەتیە بهێنێت دەبێت بوێرێت ڕاستییەکان ئاشکرا بکات و لەوێوە دەست پێ بکات کە کورد نەک هەر هەیە، بەڵکو تورکەکان لە چاو کورددا میوانی یەکشەوەن.
سیاسەتی ئیسلامیستی پۆپۆلیستیی کە شەکری زاری ناتۆ بێت و تورک بکات بە ئوروپیی، کە ڕابەری ئیسلام بێت و بۆ فەلەستین ببێت بە سەلاحەدینی نوێ، کە هێزی سوننەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کۆبکاتەوە و بەرامبەر بە ئیمپراتۆری سەفەوی ڕای بگرێت، کە پۆزی سەربازیی بە سەر هەموو دەراوسێیەکانەوە لێ بدات و هاوکاتیش دروشمی ”سفر کێشە لەگەڵ دەراوسێکان“ بڵند بکاتەوە، و کە کورد ناچار بکات تەسلیم بە تورکبوون ببن، و هتاد ... سیاسەتمەدارگەلێکی دەوێت لە کۆی هەموو ئەو حکومەتانە زرنگتر بێت کە تا ئێستا لە سەر حوکم بوون.


ئەردۆغان لە ٢١ ئوکتوبەردا لە کۆنفەرانسی ساڵانەی کۆنفیدراسیۆنی کەرتی بازرگانییدا داوا لە سەرجەم ڕێکخراوەی سیاسیی و رێکخراوگەلی ناحکومەتی تورکیا دەکات پێکەوە لەگەڵ ئەو چارەسەرەدا [بخوێنە: شەڕەدا] بن کە حکومەتی ئا کا پێ دەستی پێکردووە. ئەردۆغان پێیان دەڵێت کە پێکەوەبوون تەنها شتێکە کە هەلی سەرکەوتن بۆ تورکیا دەڕەخسێنێت.
لە وڵاتی پێشکەوتووخواز و مۆدێرندا هیچ سەرۆکوەزیرێک ناتوانێت و بۆی نییە دەهۆڵی شەڕ بکاتە شانی و هانی هەموو شێوە و پێکهاتەکانی کۆمەڵگایکەی دژ بە نەتەوەیەکی دیکە کە بندەستێتی و کە خاوەنی هیچ جۆرە بەرگریەک نییە، بدات. بەڵام سەرۆکە تورکەکان تا ئەوڕۆیش دەتوانن کاری قێزەون و دڕندانەی لەو جۆرە بکەن، چون لە مێژووی مۆدێرندا سامانێکی سیاسییان کۆکردووەتەوە کە دەتوانن دژ بە کورد بەکاری بهێنن. ناتۆ لە جەنگی سارددا هێندە قەرزداری تورکیایە کە تا ئێستایش چاو لە کۆمەڵکوژیەکانی تورکەکان دژ بە خەڵکی کوردستان دەپۆشێت.
بەڵام ئەو پرۆسەیە روو لە کۆتاییە. کورد بووە بە خاوەنی هێزێکی لەبننەهاتووی کوردستانیی و سەربەخۆییخواز، نیشانیداوە کە دەتوانێت خۆی بپارێزێت و لە سەر ئاستێکی باش خۆی ڕێک خستووە و سیاسەت دەکات. ئەمە بەو مانایە دێت کە رۆژ بە ڕۆژ دەسەڵاتدارانی تورک ناچار بن بیر لە چارەسەر بکەنەوە. چارەسەریش یان دەبێت بناخەیی و جیددی بێت و لەوێوە دەست پێ بکات کە کورد هەیە و دەبێت لە خاکی خۆیدا خاوەنی مافی خۆی بێت. دەر لە چارەسەر ئەو ئەڵتەرناتیڤە هەیە کە حکومەتەکانی تورک لە بازنەیەکی پۆپولیستیی سووک و ڕیسوادا، بەو هیوا بێ بەرەوە کە کورد بتوێننەوە،گرەو لە سەر هەموو سامان و هەموو دڵۆپە خوێنێکی خۆیان ببکەن.


وا دەوڵەتی تورکیا، لە ٢٩/١٠/٢٠١١، پێ دەنێتە ناو ٨٨ ساڵ لە تەمەنی خۆی. بۆ کورد بە مانای ٨٨ ساڵ لە داگیرکەریی، لە دزی و تاڵانیی و ڕاووڕووت، لە ڕاونان و وەدووکەوتن و گرتن و زیندانیکردن و شکەنجە و کوشتن و بڕین دێت. ٨٨ ساڵ لە وێرانکردنی کوردستان، لە ڕاگوێزانی خەڵکەکەی و لە هەژارکردن و بێکارکردن و نەخۆشخستن و بێزانستکردنی خەڵکی کوردستان. ٨٨ ساڵ لە دڕندەیی و ناشارستانیی. ٨٨ ساڵ لە فەرزکردنی دواکەوتوویی و پاشکەوتن. لە ساڵیادی کۆماری داگیرکەریی تورکدا نە هەر بە تەنها سەربەخۆییخوازان و کوردستانیان، بەڵکو هەموو کەسێکی بە ویژدان لە کۆمەڵگای کوردستان دەبێت دژ بەم داگیرکەرییە بێدەنگ نەمێنێتەوە و لە خەباتدا دژ بە کۆتاییهێنان بەم داگیرکراویی و چەوساندنەوەیە هەڵوێست وەربگرێت.


ئێمە، سەربەخۆییخوازانیی کوردستانیی، ناچارین لە سەر خەباتی ئازادیخوازانەی خۆمان بەردەوام بین. تورکیا، هەروەکو ئێران و سووریا و هەر داگیرکارێکی دیکە، دەبێت فریا بکەون خۆیان لەو گێژاوە ڕزگار بکەن.


٢٨/١٠/٢٠١١