شەڕەدەمی تورکیا و ئیسرائیل


ڕێبوار رەشید

١٠/٩/٢٠١١


لەو کاتەوە کە ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ دا دامەزراوە، دەوڵەتی تورکیا دۆستی نێزکی دەوڵەتی ئیسرائیلە. دەوڵەتی تورکیا دووهەم دەوڵەتی ئیسلامییە کە هەبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلی لە  ٢٨/٣/١٩٤٩، سەلماند، واتە دوو مانگێک پێش ئەوەی ئیسرائیل یەک ساڵەی دامەزراندنی خۆی پیرۆز بکات.


یەکەم دەوڵەتی ئیسلامیی کە ئیسرائیلی سەلماند ئێرانی حەمەڕەزاشا بوو.


لەو دەمەوە ئیسرائیل و تورکیا باشترین پێوەندیی دراوسێیەتیان هەبووە. ئیسرائیل یەکێکە لە چەکفرۆشە گەورەکان بە تورکیا و یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە مەشقی سەربازیی و تەکنیکی بە سوپای تورک کردووە، و هەروەها زانیاریی سەربازیی و ئاساییشیی پێ داوە. ئیسرائیل هەروەها لە ساڵانی ٧٠ و ٨٠ و ٩٠ کاندا کاتێک تورکیا لە ڕووی ئابوورییەوە نەدار بوو، یارمەتی لۆجیستیکیی و جۆرەکانی تەقەمەنیی بە تورکیا داوە. تورکیا، بە سیفەتی گەورەترین هێزی ئەژماریی سەربازیی ناتۆ (نەک لە ڕووی تەکنیک و چەکەوە) پارسەنگی سەقامگیریی ئیسرائیلی لە کاتێکدا ڕاگرتووە کە بە ڕاستیی ئیسرائیل پێویستیی بە یارمەتیی جیددی بووە، و هەروەها ڕێگای بە سەرمایەگوزاریی ئیسرائیلیی لە تورکیا داوە و ئایینی جووی بە ڕەسمیی ناساندووە و لە تورکیا پاراستوونی. هەروەها ڕێگای بە ئیسرائیل داوە ئاسمانی تورکیا، بەتایبەتی ئاسمانی کوردستان، بۆ مەشقی فڕۆکەی سەربازیی بەکاربهێنێت. لۆبی ئیسرائیلیی لە ئەمەریکا هەمیشە پشتگیریی توندی خۆیان بۆ یارمەتیدان بە تورکیا دەربڕیوە. ژمارەی گەشتکارانی ئیسرائیلیی بۆ تورکیا ساڵانە دەگاتە سەدان هەزار کەس. ئەمە هەر پرۆژەیەکی گەشتکاریی نییە، بەڵکو هەروەها پرۆژەیەکە بۆ ڕێگاخۆشکردن کە ئیسرائیلیەکان لەو ناوچە گرژەدا لە ئارامییدا پشوویەک بدەن.


لە ساڵی ١٩٥٢ ـیشەوە تورکیا ئەندامی ناتۆـیە و کەڵکێکی خەیاڵیی لەو ئەندامێتیە وەرگرتووە، و یەکێکە لەو لایەنانەی کە بەتایبەتیی قازانجیی لە شەڕی سارد بۆ دژایەتیکردنی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان کردووە. ئەندامبوونی تورکیا لە پاکتی ناتۆ دا و دۆستایەتیی گیانیبەگیانیی لەگەڵ ئیسرائیلدا، بوو بە هۆی ئەوەی تورکیا، سەرەڕای قەیرانی ناسنامەی نەتەوەیی تورکییبوون و قەیرانی بێکولتوریی و بێڕیشەیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێگەیەکی سەقامگیریی سیاسیی و ئابووریی و دیپلۆماتیی بە تورکەکان بەخشییووە. ڕاستەوخۆ، لایەنانی جیهانی خۆرئاوا و ئیسرائیل، ویستبێتیان یان نا، لە دۆستایەتیان لەگەڵ تورکیا، کەوتنە سەنگەری دژ بوون بە کورد و بە کوردستانیبوون. لەو پێوەندیەدا یەکایەتی خاکی ئەو دەوڵەتانە و پیرۆزیی سنوور و یەکزمانیان (ئێران یەکەمین دۆستی ئیسرائیل بوو تا ١٩٧٩، بەڵام دوورەدەست بوو و ئەو پێگە ستراتیژیکەی نەبوو کە تورکیا هەیەتی) هێندەی دیکە سەلمێندرا. راستیەکی حاشاهەڵنگەرە کە لەگەڵ ئەوەیشدا ئێراق و سووریا دوو دوژمنی سەرەکیی ئیسرائیل بوون، بەڵام هەرگیز یەکایەتی خاک و زمانیان لە لایەن ئیسرائیلەوە نەدەکەوتە ژێرپرسیار. هاوکێشەکە ڕوونە: ئیسرائیل کە بە هەموو شێوەیەک دەیویست دڵی دوو دۆستی گیانییبەگیانیی خۆی ڕابگرێت، دەبا ڕووبەڕووی یەکایەتی خاک و زمانی ئێراق و سووریاش هەمان دیسپلین و وەفاداریی هەبێت، دەنا لەگەڵ تورکیا و ئێران دەکەوتە کێشەی پرینسیپەوە.


پرسیاری سەرەکیی ئەم وتارە ئەمەیە: ئایا چۆن ئەو پێوەندییە ستراتیژیکە لە نێوان ئەو سێ دەوڵەتەدا، و بەتایبەتی لە نێوان تورکیا و ئیسرائیل، بەرەو خراپبوون چووە؟


هاتنەسەرکاری حکومەتی ئیسلامیی ئێران هاوکێشەی سیاسیی خۆرهەڵاتی ناوەندی گۆڕیی. یەکێک لەو لایەنانە بوژاندنەوەی کێشەی ئایینی و مەزهەبیی بوو دژ بە ئیسرائیل. مەزهەبی شیعە لە ئیسلامدا بەتایبەتی دژ بە جوولەکە و بە دروستبوونی دەوڵەتێکی جووە. ئەم کێشەیە ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلام و کێشەی ئیسلام لەگەڵ تایەفە جووە عەرەبەکانی ئەو کاتەی نیوەدوورگەی عەرەبیی. ئەمە کێشەیەکە هەتا ئەو کاتەی ڕیفۆرمی گەورە لە ناو ئایینی ئیسلامدا، بەتایبەتیش لە ناو مەزهەبی شیعەدا، ڕوو نەدات، هەر دەمێنێت. فەلەستین بیانووەیەکی باشە، دەنا شەڕی ئێران دژ بە ئیسرائیل پێوەندیەکی تایبەتیی بە فەلەستینەوە نییە.


ئەو توێژەرەوە سیاسیانەی عادەتەن هیچ حیسابێک بۆ هەبوونی کورد و فاکتەری خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان لە باسەکانیاندا ناکەن، دەڵێن کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری حکومەتی ئا پێ کە ـەوە، حکومەتی تورکیا ویستوویەتی پێوەندی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل بە قازانجی فەلەستینیەکان کەم بکاتەوە. واتە لێکدانەوەیەکی ئایدیۆلۆژیی بە ڕووداوەکان دەدەن، هەر بەو شێوەیەی کە ئێستا حکومەتی ئیسلامیی ئێران هەیەتی. هەروەها کە دەوڵەتی تورکیا و ئیسرائیل لەگەڵ یەک لە سەر چۆنیەتی دابەشکردنی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا لە رەقابەتدان.
ئەو بۆچوونانە لە درێژخایاندا هێزی باوەڕپێهێنانیان کەم دەبێتەوە، چونکە بەڵگە زۆرن کە نابێت ئەو هۆکارانە تا ئەو رادەیە ببنە مایەی پشێویی لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا.


دەوڵەتی تورکیا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی هەمیشە تا ئەو پەڕی سوودی لە پێوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ناتۆ و ئیسرائیل و دەوڵەتانی ناوچەکە، بەتایبەتی ئێراق و سووریا و ئێران، سەبارەت بە ڕاگرتنی نەزمی یەکیەتی خاک و یەکیەتی زمان بینیووە (برووانە پاکتی سێنتۆ/ بەغداد CENTO )، کە دیارە بە مانای لێدان لە خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان و ڕێگاگرتن لە هەر جۆرە مافێکی کولتوریی و زمانیی و نەتەوەیی بێت بۆ کورد.
شەڕی کەنداو ئەم هاوکێشەیەی تەواو گۆڕی. ئێراق لە گەورەترین و ڕێکخراوەترین حیزبی ناسیونالیزمی پانعەرەبیست ڕزگاریی بوو. بەڵام گەورەترین و ڕیشەدارترین لە عەرەبەکانی ئێراق کە لە مێژوودا چەوساوەنەتەوە و  لەبەرئەوە تەواو تینووی دەسەڵاتن، هاتە سەر حوکم کە شیعەکانن. ئەمە هەلێکی مێژوویی بۆ ئێران رەخساند کە بتوانێت بە کەیفی خۆی دەست لە ئێراق وەربدات و نفوزی خۆی لە هەموو ئاستێکدا بچێنێت. دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەیشتنی بەشێکی کوردی باشوور بە ئازادیی نەتەوەیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی، ئەم هاوکێشەیەی ئاڵۆزتر کرد. ئیسرائیل ناچار بوو، بەتایبەتی کە دەوڵەتێکی دیکەی شیعەیش پەیدابوو، کە بیرێک لە سیاسەتێکی درێژخایان بکاتەوە و بە شێوەیەکی دیکە لە بزووتنەوەی ئازایخوازانەی خەڵکی کوردستان برووانێت کە دیارە لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی تورکیا نییە.


تورکەکان نایانەوێت هیچ کەسێک ناوی وشەی کورد و کوردستان ببات و بکەوێتە باسێکی لەو جۆرەوە.
تورکەکان سەرەڕای قازانجی گەورەی ئابوورییان لە سەرمایەگوزاریی و کار لە باشووری کوردستان، هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕەسمیی ناناسن و لە دۆکۆمێنتە ڕەسمیەکانیاندا تەنها وەکو ”بەڕێوەبەرایەتیی باکووری ئێراق“ ناوی دەبەن. تورکەکان دەزانن کە ئازادبوونی بەشێک لە خاکی کوردستان و لە خەڵکی کوردستان، ئەگەر هەموو جۆرە هاوپشتیی و هاوکارییەکیەکی کوردستانیشیی لە نێوان کورددا لێ دابماڵن، هێشتا هەر جێگای شانازیی و ئیلهام و کەڵکلێوەرگرتنە بۆ کوردی بەشەکانی دیکە. ئەمە ڕاستییەکە کە هیچ سیاسەتمەدار و حکومەتێکی تورکیا نازانێت چۆن لەگەڵیدا بەرخورد بکات.


لە راستیدا هەموو ئەوانەی لە شەڕی سارددا هاوسەنگەریی ئەو دەوڵەتانە بوون کە کوردستانیان داگیر کردوە، یان بە شێوەیەک کۆمەکیان بەو  نەزمە کردووە، بە ئەمەریکایشەوە، ئێستا نازانن، چۆن بەرخورد لەگەڵ فاکتەری گەورە و گرانی کورددا بکەن.
پێشکەوتنی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان لە باکووری کوردستان کە لە ٤٠ ساڵی رابردووەوە، تورکەکانی تووشی ”ئەم ساڵم خۆزگە بە پار“ کردووە، و نا ئومێدی کردوون، ئەوەیە کە نە پارتی کرێکارانی کوردستان و نە هێزی گەریلا و نە ڕێکخستنی ناوخۆ، سەرەڕای هەموو دەستدرێژییەکی دڕندانە و ناشارستانیانەی دیپلۆماتیی و سیاسیی و ئابووریی، بە یارمەتی هەموو دۆستەکانی ناتۆ و درواسێیەکان، نەک هەر نەشکێندران،بەڵکو  زیاتر پەرە دەستێنن و گەشە دەکەن. ئەم فاکتەرە گەورەیە زەنگێکی دیکەیە بۆ ئیسرائیل کە بەشێکی دیکەی کوردستان هەیە و دەبێت بە شێوەیەکی نوێ بەرخوردی لەگەڵدا بکرێت. ئیسرائیل و تەواوی دونیا دەزانن کە کوردی خۆرهەڵاتی کوردستانیش لە رووی نەتەوەییەوە هۆشیارتر بوون و هەروەها ئەوەیش دەزانن کە سەرچاوەی ئاوی شیرین و نەوت لە تورکیا، راستیەکەی لە باکووری کوردستانە و موڵکی خەڵکی کوردستانە و لە ئاییندەدا هەر خەڵکی کوردستانە دەسەڵاتی بەسەردا دەبێت.


بە پێی لێدوان و زانیاریەکانی میتی تورکیا کە بەتایبەتی پەروەردەی دەستی سیا و موساد ـە، ئیسرائیلیەکان لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ ـکانەوە پێوەندییان لەگەڵ لایەنی جیاواز لە باشوور و باکووری کوردستان  ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، هەیە. ئەم هەڵچوون و دەمارگیرییەی ئیستای تورکیا بریتییە لە تووڕەبوونی نێزیکەی ٢٠ ساڵی تورکەکان لەم جۆرە پێوەندییە. پێداگرتنی تورکیا و ناڕەزایەتی دەربڕینیی دژ بەو پێوەندیانە لە سەدان هەلی جیاوازدا ڕوو بە ناوە و روو بە دەرەوە، بە لەبەرچاوگرتنی توانای ئیستیخباراتی تورکیا لە ناوچەکە، بێ دەلیل نییە.


ئێستا تورکیایەک کە پێوەندیی خوێنین و گیانیبەگیانیی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبووە، چۆن و بە چ شێوەیەک دەیەوێت خۆی بکات بە ڕابەری دروستکردنی دەوڵەتێکی فەلەستینیی؟ بڕیارێکی وا گەورەی سیاسیی لە چ کانییەکەوە سەرچاوە دەگرێت؟
تورکەکان دەزانن کە دەوڵەتی ئەمەریکا بە رەسمیی ڕایگەیاندووە کە مافی ڤیتو دژ بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستین بەکار دەهێێت و دەشزانن لەوە ناجێت فەلەستینیەکان بتوانن بە هەسانیی دەنگی ١٢٨ دەوڵەت ببەنەوە کە بۆ دروستکردنی دەوڵەت لە یەکیەتی نەتەوەکاندا پێویستە. تورکەکان هەروەها دەزانن کە ئەگەرچی خاوەنی کۆمەڵێک کەشتیی و پاپۆڕی جەنگیین بەڵام، لە کاتی شەڕی راگەیەندراودا نەبێت، هەر ناتوانن مەرزی ئاویی رووبەڕووی ئیسرائیل بشکێنن و ئەوەیش دەزانن کە ڕادار و تۆڕی ئیلێکترونیکی ئەمەریکا و ئیسرائیل ئەو کەشتیی و پاپۆڕانەیان بۆ هەڵدەسووڕێنێت. تورکەکان ئەوەیش دەزانن کە بەشێکی زۆری ئەو هێزەیان هی ناتۆیە و بە پارەی ناتۆ و لۆجێستیکی ناتۆ لە گەڕدان و کە هیچ نیشانەیەک دیار نییە ناتۆ  ڕێگایان پێ بدات بکەونە هێنانی فشاری سەربازیی بۆ سەر ئیسرائیل. تورکەکان ئەوەیش دەزانن کە ئیسرائیل ڕێگا بە خۆی نادات بهێڵێت وڵاتێک هێزی سەربازیی لە سنووری ئاوییەوە نێزیک بکاتەوە، چونکە کارێکی وا سڵی لایەنانی دیکەیش دەشکێنێت و ئەگەری مەترسی بۆ سەر کیانی سیاسیی ئیسرائل ساز دەکات. تەنانەت میسر، کە لە بازنەی مەترسییدا نییە، ناڕەزایی توندی دەربڕییوە کە نیگەران و ناخۆشحاڵە تورکەکان هێزی دەریایی لە مەرزی ئەو نێزیک بکەنەوە.


دیارە دەوڵەتانی عەرەبیی و ئیسلامیی، لەوانە لانی کەم ئێران، ئەوانیش، سەرەڕای ئەوەی کە پێیان خۆشە تورکی دۆستی دوێنێی ئیسرائیل بە شێوەیەک لە ژیانی مڵەیی (توفەیلی) دوور بکەوێتەوە، بەڵام هەر  ناڕەحەتن لەوەی کە تورکیا ڕێگای پێ بدرێت و بتوانێت ئەو ڕۆڵە، کە لایان”شەرەف“ ـە، وەربگرێت و خۆی بکات بە چاکسواری ئیسلام و ئازادکردنی گوایا ”عەرەبی ستەملێکراو“.
ئەی کەوایە، سەرەڕای هەموو ئەو فاکتەرانە، کە لە ئێرەیی دۆستانەوە دەست پێ دەکات تا ئەو پەڕی کێشەی نێودەوڵەتیی جیددی، تورکیا ئەم هەموو نەڕەنەڕ و بازوو نیشاندانەی لە چییە؟


پاش ئەوەی تورکەکان بۆیان دەرکەوت کە ناتوانن پێش بە کاری دیپلۆماتیی ئیسرائیل بگرن کە لەگەڵ کێ دابنیشن و چۆن پێوەندیەکانیان ساز بدەن، و لەگەڵ ئەوەیشدا کە پەیتاپەیتا داوایان لە ئیسرائیل کردووە لەو بازنەیە بێنە دەر و بە قسەیان ناکات، تورکەکان ناچارن کارتی ئیسلامیی/ ئازادیی عەرەبیی بەکار ببەن. ئەو کارتەیان دەیان جار بە قازانجەوە بۆ ئەندامبوون لە یەکیەتی ئوروپا بەکار هێناوە.


هەر لە هاتنە سەرکاری حکومەتی حیزبی رەفاهەوە (٢٠٠٣) خەتێکی گەورەی ئەم حیزبە داوا دەکات کە تورکیا ڕۆڵی سەرکردایەتی ئیمپراتۆری عوسمانیی بگرێتەوە دەست. بە پێی دوکترای ئەمان تورکە عوسمانیەکان ئەو کاتە توانیوویانە برایەتی نەتەوەکان و ئازادیی و شانازیی ئیسلام بپارێزن، و هاوکات تورک براگەورە و خاوەن دەسەڵات بێت. هەموو ئەمە دیارە لە چوارچێوەی تورکیا و یەکایەتی خاک و یەکزمانیی ئەو دەوڵەتانەدا. ئەم هاوکێشەیە چەندە دروستە و  چەندە لە پراکتیکدا ڕیئالیستیە لە کاتێکدا کە دی فاکتۆ حکومەتێکی کوردستان هەیە و بە سەدان هەزار و تەنانەت بە ملیۆن لە خەڵکی کوردستان شێلگیرانە باوەڕیان بە سەربەخۆیی و بە دروستبوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی هەیە و ڕۆژانە خەباتی بۆ دەکەن، پرسیارێکە زیاتر دەبێت تورکەکان سەری خۆیانی پێوە بئێشێنن.


وەگەڕخستنی ”کەشتی ئاشتیی غەزا“ بە ناوی ”ماڤی مەڕمەرە/ مەڕمەرەی شین Mavi Marmara “ لە ٣١/٥/٢٠١٠، بەرەو غەزا دەبێت لەم چوارچێوەیەدا ببینرێت. وەگەڕخستنی ئەو کەشتییە هەر ئەوەندە نەبوو چەند تورکێکی ئازادیخواز و دڵسوتاو بۆ فەلەستینیەکان ئەو کارە بکەن. دەنا، ئەگەر بە پێوەریی مافخوازیی و هاوپشتیی بێت، دەبا لە مێژبوو هەمان ئەو تورکانە، کە گویا لە مێژووی ئازایخوازیی ناوچەکە حاڵیین، دڵیان بۆ کوردستان بسووتایە کە نەتەوەی رەسەنی ناوچەکە و غەدرلێکراوی ناو مێژووە. پێشینەی ڕووداوەکان و جەختی دەوڵەتی تورکیا بە هەموو ئەو ڕەهەندەوە کە لە حیساب نایەت، دەیسەلمێنێت، کە دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی ئا پێ کە، ڕێکخەری ”کەشتی ئاشتی“ بووە بۆ ئەوەی بتوانن فشاری گەورەی سیاسیی و دیپلۆماتیی بۆ سەر ئیسرائیل بهێنن، بەو هیوایەی بۆ دواجار کۆتایی بەو ئازارەیان بهێنن کە سەبارەت بە پێوەندی ئیسرائیل و کوردستان هەیانە.


خۆئەگەر هۆیەکی ئایدیۆلۆژیی ئسیلامیی لە پشت هاوپشتیی حکومەتی تورکیاوە بۆ یارمەتیدانی فەلەستینیەکان هەیە، بۆچی حکومەتی تورکیا هەمان هاوپشتیی بەرامبەر بە کورد نیشان نادات کە دەزانێت یەکێکە لە نەتەوە ڕەسەنەکانی ناوچەکە و کە زۆربایەتی موسڵمانە و کە پڕ بە دەم بانگی ئاشتی دەکات و هەرگیز نەشیگوتووە ئامانجی ئەوەیە تورکەکان لە دەریا هاوێ و هتاد.؟
دیارە ئەوە بە تەنها بە مۆدێلی دووڕوویی سیاسیی روون ناکرێتەوە کە بگوترێت لەبەرئەوەیە کە تورکیا دوبلمورالە، چونکە لە دووڕوویی سیاسییدا دەوڵەتێکی وەکو تورکیا ناچێت گرەوی وا لە سەر هاوپشتبوون لەگەڵ فەلەستیندا بکات کە ڕیسکی تێکچوونی سەدان شێوە لە پێوەندی مێژوویی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵدەگرێت. ئەگەر ئیسرائیل ”دیواری بەین“ لە نێوان خۆیان و زیفەی خۆرئاوادا هەڵ دەچنێت، خۆ تورکەکان لە ساڵی ١٩٧٤ ـەوە لەو دیوارە خراپتر و خوێنینتریان لە نێوان قوبرسی یۆنانی و قوبرسی تورکیدا هەڵچنییووە و بێشەرمانەیش ناویان ناوە ”هێڵی سەوز“. ئەگەر لە پرسی کوردستاندا حکومەتی تورکیا لە خەباتی جەکداریی پ.ک.ک تووڕەیە، خۆ یۆننایەکانی قوبرس هیچ جۆرە خەباتێکی چەکدارییان نییە تا تورکەکان لێیان تووڕە بن، بۆچی هاوپشتیی حکومەتی ئا پێ کە بەوانیش ناگات؟


کەواتە لە ڕاستییدا پرسێکی دیکەیە کە تورکیای هەراسان کردوە. پرسێک کە تورکەکانی وا بریندار کردوە و وایان دەترسێنێت کە ئیتر نەتوانن خۆیان رابگرن و ڕووبەدەرەوە تووڕە ببن. ترسێک کە ئەگەری دۆڕاندنی دۆستێکی لە مێژینەیانی پێوەیە، بەڵام کە لەبەر ئاسایشیی نەتەوەیی دەبێت تەحەمولی بکەن. ئیسرائیل وەکو دەوڵەتێکی بەئەزموون لە ناوچەکەدا باش دەزانێت تورکیا چی دەوێت (کە حەمتەن لە کۆبوونەوە دیپلۆماتیی و سیاسیەکاندا تورکیا و ئیسرائیل ڕاشکاو و بە ئاشکرا قسەیان لە سەر کردوە).


پێش بەڕێکردنی ”کەشتی ئاشتیی غەزا“ تورکیا چەندین جار لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتیەکان و لە ڕێکخراوی ئەتۆمیی IAEA  دا، داوای کردووە کە قسە لە سەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئیسرائیل بکردرێت. لە ناوخۆدا حکومەتی ئەردۆگان هەوڵی زۆر دەدات میت لەو کەسانە پاک بکاتەوە کە لە ژێرەوە پێوەندیان بە موساد ـەوە هەیە. بەڕێکردنی ”کەشتی ئاشتیی غەزا“ ڕیسکێکی زۆر گەورە بوو تورکەکان کردیان و وایان زانی دەتوانن چۆک بە ئیسرائیلیەکان دابدەن و بەو شێوەیە فەلەستین بکەن بە کارتی سازش. پەیامەکە بۆ ئیسرائیل ئەمەیە: ئێمە واز لە فەلەستین دێنین و ئێوەیش دەست لە کوردستان هەڵبگرن.، یاخود پێچەوانەکەی!


ئەم کارانە بەڵگەن بۆ ئەوەی کە تا تورکیا کێشەی مەترسی تێکچوونی پلانی ستراتیژیکی لەگەڵ ئیسرائیل نەبووە. لە ٦٣ ساڵی رابردووی پڕ هاوکاریی لەگەڵ ئیسرائیل ئەو کارانەی ئیسرائیل دژ بە فەلەستینیەکان کردوبێتی هەرگیز بایەخێکی بۆ تورکیا نەبووە. حکومەتی ئا پێ کە ناتوانێت لە تورکیایەکدا کە سوپا تا ئێستایش بایەخێکی زۆری هەیە و کە بە سەدان داو بە ئیسرائیل و ناتۆ و خۆرئاواوە بەستراوە و کە بە سەدان ڕێکخراوەی مەدەنی تێدایە، پێوەندییەکی وا ستراتیژ، لە پێناو فەلەستینیەکان کە هەموو جیهانی ئیسلام و عەرەب پشتگیریان دەکات، لە سەر ئاستی دەوڵەت و نەتەوە، بخاتە مەترسییەوە.


پێوەندیەک لە نێوان ئیسرائیل و کوردستان هەبێت یان نا، ئەوە لە مێژوودا ساخ دەبێتەوە و مافێکی ڕەوای ئەو دوو نەتەوەیە و بەشێکی سرووشتیی پێوەندییە سیاسیی و دیپلۆماتیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیەکانی نێوان دوو لایەنەن. ئەو پێوەندیەش/ یان پێوەندیانە چەند دروستن و کێ قازانجی زیاتر یان کەمتریان لێ دەکات و بە کوێ دەگات، هەروەها پرسیاری دیکەن. ئەوی سەبارەت بە هەڕەشە و گوڕەشەی تورکیا، وا کە بە دەیان پاپۆڕی جەنگیی بخاتە ناو دەریای سپی ناوەراست و بیانخاتە گەڕی مانۆڕ و هاتن و چوونەوە  گرینگە، ئەویە کە دڵسۆزانی ئازادیخواز لە خەڵکی کوردستان، هیچ کاتێک و لە ژێر هیچ هەلومەرجێکدا، مل بە هیچ جۆرە داخوازیەکی تورک نەدەن کە سەرئەنجام، بێ لە کۆیلەیی و نەبوون، هیچ مانایەکی دیکەی بۆ کورد نییە.


خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادیی و سەرفرازیی، بۆ مافخوازیی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستان، زۆر پێش ئەوە هەبووە کە دەوڵەتی ئیسرائیل لە منداڵدانی مێژوودا بمەیێت. ئەو خەباتە کاتێک هەبووە کە هێشتا کورد لەو پەڕی لاوازییدا بووە و کە دوژمنانی کورد و داگیرکەران لەو پەڕی لوتکەی هێز و دەسەڵاتی سیاسیی و ئابوورییدا بوون، و کە ئێستا پاش گەشەی ئەم خەباتە ڕەوایە و هۆشیاربوونەوەی ملیۆنانی خەڵکی کوردستان، مەحاڵە بشکێندرێت.
هەمیشە لە قازانجی مرۆڤ و مرۆڤایەتییە پێوەندیی و نەزمێک تێکبشکێت کە خوێن لە سەر خەڵکی دیکە دەکەوێت. لەو ڕووەوە تێکچوونی پێوەندیی نێوان تورکیا و ئیسرائیل، بێ ئەوەی کورد چاوەڕووانیی تایبەتی لێ بکات، بە خۆشییەوە بێ قازانج نابێت. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئەو ئیمتیازانە نەمێنێت کە ئەو دوو وڵاتە لە نەزمێکی ناجۆردا بەیەکیان داوە.


هەموو لایەک، لە نەتەوەکانی ناوچەکەوە بۆ دەراوسێ دوورەکان و زلهێزەکانی دونیا و ئەکتەرگەلی جیاواز لە دونیادا، دەبێت بزانن کە ئاڵای خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان نانەوێت و ئاقڵییەکی گەورە دەکەن کە پێ بنێنە قۆناخێکی نوێ لە جۆری پێوەندیی و لە رێزگرتن لە مافی گەلان بۆ هەبوون و بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی. کورد، سەرەڕای وەحشیگەریەکی بێوێنە دژ بە هەبوونی، لە ناوچەکەدا ماوەتەوە و هەر دەشمێنێتەوە. ئەوە راستییەکە، هەر کەسێک حیسابی بۆ نەکات، قازانج ناکات.


کوردستانیان دەبێت بە خۆشییەوە باوەش بۆ هەموو خراپبوونێکی پێوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە بکەنەوە و تا دەتوانن ڕوونی بکەنەوە کە ئەو پێوەندیەی نێوانیان جۆرێک لە پێوەندی بووە کە لە سەر کورد گیان و سامان کەوتووە، و لەگەڵ ئەوەیشدا خۆشبەختانە هەرگیز کورد خۆی نەخستووەتە داوی دژایەتیکردنی ئایینی جوو و ئیسرائیلەوە. هاوکات ئەوڕۆ و سبەی ئەگەر پێوەندیی ئەو دوو وڵاتە لە جارانیش پتەوتر بێتەوە، تازە خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان لە خەم و لە ترسی گورگانخۆریی ڕەخساوە.


خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەیشدا کە دەتوانرێت وەپاش بخرێت، بە حەتمیەتی میژوو وەسەردەکەوێت.


ئەوە راستییەکە دوودڵیی هەڵناگرێت.