با ئاماده‌کاریی خوێندکارانی کورد لە شازده‌ی سه‌رماوه‌ز و هەموو شازدەکانی دیکەدا لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستانیان و کوردستاندا بێت!


خوێندکاران لە هەموو کات و ساتێکدا هیوا و ئومێدی هەموو نەتەوەیەکن. لە نەتەوەگەلی سەربەخۆ و ئازاددا خوێندکاران موتوڕی پێشکەوتن و گۆڕانکاریی و ڕچەشکاندن و مێشک و بیری نوێن. لە نەتەوەگەلی بندەستدا خوێندکاران هەمیشە تۆوی ئەندێشە و بیری نوێن، گەرمایی و وزەی خەبات و ورەی کاتی پێویستن. ئەوان مەشخەڵی ڕێ نیشاندەر و بەردەبازیی گیانفیدایی و کۆڵنەدانن.
شاعیرانی پێشکەوتووخواز و سەربەخۆییخوازیی وەکوو بێکەس و قانع و حاجی قادری کۆیی و سەدانی دیکە هەمیشە هاوار و بانگی خوێندن و خوێندکاریان داوە و منداڵان و نەوجەوانانی کوردیان بۆ هۆشیاربوونەوە و خۆخڕکردنەوە و خۆڕێکخستن هان داوە و داوایان لێکردوون ئاڵای ئازادیی و سەرفەرازیی کوردستان بەرز ڕابگرن و بەرەو دوندی سەرکەوتنی ببەن.


هەر لەبەرئەوەیە داگیرکار هەمیشە و بە پلەی یەکەم هەوڵ دەدات نەتەوەی بندەست بە نەخوێندەواریی ڕابگرێت و کولتوریی نەخوێندەواریی و بێئاگایی و ناهۆشیاریی بەردەوام پێ بدات تا لەو رێگایەوە زەمینە بۆ خەفەقان و ترس و وەحشەت و نیشتیمان نەناسین و خاک نەناسین خۆش بکات و نەتەوە لە ئاستی خێڵ و عەشیرەت و گرووپدا بمێنێتەوە.


لەبەرئەوە ساڵرۆژی ١٦ سه‌رماوه‌ز بۆ ئێمەی سەربەخۆییخواز، هەروەکوو بۆ ئازادیخوازان و سەربەخۆیخوازانی کوردستانیان، ڕۆژی خودئاگایی و خۆناسین و هۆشیاریی نەتەوەییە، ڕۆژی تێگەیشتن و هاواری مرۆڤی سەربڵند و شانازە بۆ ژیانێک کە لیاقەتێتی، بۆ ژیانێکی ئازاد و خاوێن، دوور لە شکاندن و ویژدان بریندارکردن و لێدان و گرتن و برسیەتیی و بێکاریی و بێوڵاتیی و بێدەوڵەتیی.
خوێندکارانی ڤێتنام و لاوس و کەمبۆدیا و شیللی و نیکاراگوا و ئێلسەلڤادۆر و هیندوستان و وڵاتانی عەرەبیی لە کاتی ئازادیی نەتەوەییدا لە ڕیزی پێشەوەی بیری نوێ و خەباتی نیشتیمانیدا بوون. خوێندکارانی فەڕەنسا و ئەمەریکا و ئینگلستان لەوانەن کە هەمیشە هەوادار و لایەنگر و خەباتگێڕی دیفاعکردن بوون دژ بە چەوساندنەوە و بندەستیی و سیاسەتیی کۆلۆنیالیزم و ئیستئعمار.
ئێستا ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمان کوردستانی چل ساڵ و سی ساڵ لەمەوبەر نییە. لاوان و نەوجەوانی کوردستانیی هەر ئێستا بە هەزاران و سەدان هەزار و ملوێنن کە ئاڵای بەرزی کوردستانیبوون و ئازادیخوازیی بەرز رادەگرن و تەسلیم بە هیچ جۆرە بیر و بۆچوونێکی سوننەتی ناکوردستانیی و نائازادیخوازیی ناکەن.
ئەوان تێدەگەن و دەزانن کە مافی شارۆمەندیی و خۆبەستنەوە بە دوگمی دیموکراسیی نەتەوەی سەردەست و بە چارەسەریی لەوەبەر لە ژووری داخراودا ڕازی نیین و نابن.


خوێندکارانی کورد لە دیدێکی کوردستانیبوونەوە لە بێدەستەڵاتیی زەینەب جەلالیان لە زیندانی داگیرکەر و لە سێلی چاوەڕیی مەرگدا تێدەگەن. ئەوان دەزانن چۆن دەسەڵاتی داگیرکار بۆی دەلوێت و دەتوانێت ئیحسان فەتاحیان بە بەرچاویی گەلی خۆی و جیهانەوە لە سێدارە بدات.
ئێمە خۆشحاڵین کە خوێندکارانی کورد، نەوجەوانان و لاوانی کچ و کوڕی کوردستانیی، هەنگاو بە هەنگاو بیری عەشایەری و خێڵەکایەتی و دوگمی برایەتیی درۆزنەیان بەجێهێشتووە و ڕووەو بە نەتەوەکردن و بەهێزکردنی بیری کوردستانیی، هەنگاوی مەزن دەنێن. خوێندکارانی کوردستان هەروەها تێدەگەن کە خەباتی هێمنانە و ئارام، و هەڵسووڕان بە پێی پێویست و گونجاو، لایەنێکی خەباتی مەدەنییە، و هاوکات تێگەیشتنە کە بێ دەستکەوت قوربانیی نەدات و بێهوودە وزەی خۆی سەرف نەکات. هیچ کارێک هێندەی قوربانیدانی بێدەستکەوت چەتوون و ڕووخێنەر و خراپ نییە.


هێمنی و خەباتیی ئارام و ئامانجدیار بۆ دروستکردنی کولتوری خۆڕاگریی و بەرەنگاربوونەوە بەردی بناخەی گرینگن، بەڵام هەروەها بۆ سەقامگیریی ڕامیاری و دوژمن ناسین و خۆناسینی باشتر.
ئێمە پشتگیریی بێ هەلومەرجی خۆمان لە خوێندکارانی کوردستانیان دەردەبڕین و خۆمان بە پشتیوان و هاوڕێ و هاوسەنگەریان دەزانین.
هاوکات ڕوو دەکەینە خوێندکارانی ئێران، بەتایبەتی فارس، و لێیان دەپرسین کوا دەنگی ئاشتیخوازانە و ئازادیخوازانەتان و پشتگیریتان لە کوردستان؟ وەبیریان دەهێنینەوە کە خوێندکارانی ئەمەریکا هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی دیموکراسیخوازیی و ئاشتیخوازییدا بوون دژ بە شەڕەکانی حکومەتی ئەمەریکا لە وڵاتانی دیکە، خوێندکارانی فەڕەنسا لە جەزائیر و وڵاتانی دیکەی ژێردەستی فەڕەنسا، خوێندکارانی ئینگلیز لە پێناوی سەربەخۆیی کۆلۆنیەکانی ئینگلستاندا.


ئەوە مافی ئێمەی کوردستانییە داوای پاڵپشتیی و هاوپشتیی ڕوون و ئاشکرا و کۆنکرێت لە خوێندکارانی فارس بکەین. ئەوان ئیتر دەبێت لە سیاسەتی داگیرکەرانە و وەحشیانەی حکومەت لە کوردستان حاڵی بن و وەڵامی پێویست و سەردەمیی بەو داگیرکردن و وەحشیگەرییە بدەنەوە.
هەروەها داوا لە مامۆستایان و دکتۆران و پرۆفیسۆران و کارمەند و کارگەران و کاسپکاران و تەواوی دانیشتووانی فارس دەکەین لە ئاست ئەو دەستدرێژیی و کوشتن و بڕینەدا بێدەنگ نەبن کە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان درێژەی پێ دەدات.
ئێمە داوا لە هەموو لایەک، بەتایبەتی خوێندکارانی ئێران، دەکەین کە هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ خوێندکارانی کوردستان و پرسی ئازادیخوازیی کوردستان، دەرببڕن. پێکەوەژیان بە زۆر و زۆرەملێ و توندوتیژیی سەرناگرێت، پێکەوەژیان لە دۆخی بەرابەریی و دڵخوازیانە و یەکترقبوڵکردن و هاومافیی و هاوشانییدا دەبێت.
نە هەر خوێندکارانی کوردستان، بەڵکو هیچ کوردستانیەکی بە ئابڕوو ئیتر ناتوانێت دەرهەق بە ستەمی میللی و وەحشیگەریی داگیرکەر بێدەنگ بمێنێتەوە.


سەرکەوتن بۆ ئازادیخوازانی کوردستان
داگیرکەر لە کوردستان بۆ دەرەوە
بژی خوێندکارانی کوردستان، هێز و سامانی هەرگیز لەبننەهاتووی کوردستان


کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان (ڕەوتی یەکگرتنەوە)
پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان (ڕۆژهەڵات)

٣/١٢/٢٠٠٩