بانگه‌وازێك بۆ مانگرتنی سه‌راسه‌ریی خه‌ڵكی كوردستان له حهوتڕۆژهی شه‌هیدكردنی ئیحسان فه‌تاحیاندا
خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌فی کوردستان!
دووكانداران و بازاڕیانی نیشتمانپه‌روه‌ر!
وه‌ک ده‌زانین له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه گه‌لی کورد له ئێران‌دا، له خه‌بات دژ به تواندنه‌وه و پێشێل‌کرانی مافه‌کانیدا بووه و هه‌ر له‌م پێناوه‌یشدا له لایه‌ن چینه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌ره‌وڕووی ده‌یان کاره‌ساتی ئینسانی و مرۆڤی بۆته‌وه. سه‌ره‌ڕای سه‌رکوتی بێبه‌زه‌ییانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کورد بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافی ژیانێکی ئازاد و ڕزگار بوون له هه‌رچه‌شنه سته‌مێکی نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی، سیاسی و ئابووری، له خه‌باتی شێلگیر و به‌رده‌وامدا بوون. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی‌یش هه‌ر له سه‌ره‌تاکانی دامه‌زرانیه‌وه، به ئاگاداربوون له‌وه‌ی که کوردستان مه‌کۆی ئازادیخوازانی ئێرانه و له ترسی ئه‌وه‌ی کوردستان ببێته سه‌نگه‌رێک بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ویسته دژه‌مرۆڤانه‌کانی ڕژێم، هێرشی کرده سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کورد و خاکی وڵاته‌که‌مانی به خوێنی ڕۆڵه نه‌ترسه‌کانی کورد سوور کرد. له هه‌ر لاوه لاوی ئازا و ئازادیخواز بوون که نه‌یانده‌توانی نه‌نگی چه‌کمه و پۆستاڵ له سه‌ر له‌شی ئازادی و مافی مرۆڤ ببینن بۆیه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی نابه‌رابه‌ردا له خوێنی خۆیاندا ده‌گه‌وزان.
ڕۆڵه نه‌به‌زه‌کانی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بنه هۆی ڕشتنی خوێنی زیاتر و بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی مهیدانهکانیتری خه‌بات، مه‌یدانی خه‌باتیان گواسته‌وه بۆ به‌ستێنی خه‌باتی مه‌ده‌نی و فه‌رهه‌نگی و چالاکانه که‌وتنه له‌قاودانی سیاسه‌ته چه‌په‌ڵه‌کانی ڕژێم و ڕیسوا کردنی سته‌مێکی نه‌ته‌وه‌یی که له نه‌ته‌وه‌کانی ئێران ده‌کرێت. هه‌رچه‌ند ئه‌م چالاکییانه‌ی لاوانی کورد ڕه‌نگی توندوتیژیی پێوه نه‌بوو به‌ڵام به توندوتیژییه‌کی بێوێنه وه‌ڵام درایه‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی ئازادیخوازی له‌م بهستێنهیشدا کپ بکه‌ن، به ده‌یان لاوی کورد له بێدادگاکانی ڕژیمدا ڕووبه‌ڕووی بڕیاری له‌سێداره‌دان بوونه‌وه. به‌ڵام له ژێر گوشاری ڕای گشتی و چالاکیی چالاکانی مه‌ده‌نی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له ژێر گوشاری نێونه‌ته‌وه‌ییدا، ڕژێم جێبه‌جێکردنی ئه‌و بڕیارانه‌ی به شێوه‌یه‌کی کاتی وه‌ستاند.
به‌ڵام ئێستا که گه‌لانی ئێران بۆ چه‌سپاندنی خواسته دیموکراتیکه‌کانیان یه‌کده‌نگ بزووتنه‌وه‌یه‌کی مه‌ده‌نییان ده‌ست پێکردووه، ڕژێم ترسی ئه‌وه‌ی لێنیشتووه که پوتانسیه‌لی خه‌باتی مه‌ده‌نیی کوردستان ببێته هۆی به‌هێزبوونی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه. بۆیه پیلانی ئه‌وه‌یان گێڕاوه که تۆقاندن و کوشتار له کوردستان ده‌ست پێکه‌نه‌وه و له‌م ڕێگایه‌وه بێده‌نگی له کوردستاندا زاڵ بکه‌ن یان ئه‌وه‌ی هانی دژکرده‌وه‌یه‌کی توندوتیژ بده‌ن و به سه‌رکوتێکی بێبه‌زه‌ییانه بێده‌نگی به سه‌ر کوردستاندا بسه‌پێنن. ڕژێم بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی، له یه‌که‌م هه‌نگاودا به پێچه‌وانه‌ی داخوازییه‌کانی ڕای گشتی و سه‌ره‌ڕای داوای ڕێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان بۆ وه‌ستاندنی بڕیاری له سێداره‌دانی شه‌هید ئیحسان فه‌تاحیان، ئه‌و بڕیاره‌ی جێبه‌جێ کرد. ئه‌مه له کاتێکدا بوو که ئیعدامی شه‌هید ئیحسان ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ یاسا دژه مرۆڤانه‌کانی کۆماری ئیسلامییشدا نه‌ده‌گونجا. ڕژێم به له‌ژێرپێنانی یاساکانی خۆی ئیحسانی شه‌هید کرد تاکوو ده‌ستپێکێك بێت بۆ کوشتاری نوێ له کوردستاندا و ئێستایش له درێژه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌دا گیانی ده‌یان زیندانیی کورد له مه‌ترسیدایه؛ وه‌ک نموونه پاش شه‌هید كردنی ئیحسان، ئێستا شێركۆ مه‌عاریفی بۆ جێبه‌جێكردنی حوكمی ئیعدام گوێزراوه‌ته‌وه بۆ ژووری تاكه‌كه‌سی.
ئێمه ده‌زانین که کۆماری ئیسلامی ده‌یه‌وێت که گه‌لی کورد به‌ره‌و کرده‌وه‌ی توندوتیژی ببات یان ده‌نگی ئازادیخوازیی کپ بکات به‌ڵام هاوکات گه‌لی کوردیش له‌وه به هۆشیارتر ده‌زانین که بکه‌وێته داوێکی چه‌په‌ڵی له‌و چه‌شنه‌وه، به‌ڵکوو له پاڵ هه‌وڵی تۆمارکردنی داوای یاسایی له دادگا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا، به دوور له هه‌ر چه‌شنه توندوتیژییه‌ک ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی خۆی به ڕای گشتیی جیهان نیشان ده‌دات و ڕووبه‌ڕووی ئه‌و سیاسه‌ته نه‌گریسه ده‌بێته‌وه که ده‌یه‌وێت یان بێده‌نگی یان توندوتیژی به سه‌ر کوردستاندا بسه‌پێنێت.
بۆیه داوامان له کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌وه‌یه که ڕۆژی چوارشه‌ممه 27 ی خه‌زه‌ڵوه‌ر له حهوتڕۆژهی شه‌هیدکردنی نه‌مر ئیحسان فه‌تاحیاندا به هاوده‌نگی و یه‌کڕیزی دووکان و بازاڕ دابخه‌ن و ڕووبه‌ڕووی سیاسه‌تی خوێنڕشتن ببنه‌وه.
کۆمه‌ڵانی ئازادیخوازی کوردستان-22ی خه‌زه‌ڵوه‌ری 1388

|