چۆن تورکیا کوردەکانی دەرسیمی بنەبڕ کرد؟
How Turkey massacered the Kurds of Dersim (?)

مستەفا ئاکیۆل Mustafa Akyol


سێشەممە، ١٧ نۆڤمبەری ٢٠٠٩


ئەو کێشە مەزنەی ڕووبەڕووی تورکیا دەبێتەوە ئەوەیە کە وڵات لەسەر بە ئایدیال هێشتنەوەی سەردەمی ئۆتۆریتە بەردەوامە و خۆ لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کردارە خراپەکانی خۆی نادات.


هیوادارم هەموو شتێک بۆ هەموو لایەک لە مانگی شەشەوە خۆش گوزەرابێت. سەبارەت بە تورکیا وا پی دەچێت گەلێک ڕووداو و باس خرابێتنە سەر پشت، بەڵام لەوە دەچێت سەحنەکە هەر وەکوو خۆی بێت و نەگۆڕابێت. جارێکی دیکەش، یەکێک لە تابووەکانی کۆمارە –  نە زۆر دیموکراتیکەکەمان– بە گەرمی کەوتووەتە بەر باس. (ئەم جارە “پرسی کوردە”).
جارێکی دیکەش، پارتی “ئیسلامیی” حاکم، سەرەڕای خشونەتی پیاوانەی سەرکردەکانیشی، دەیسەلمێنێت کە لە ئۆپۆزیسیۆنە سیکولارەکانی خۆی زیاتر لیبرال و ڕیفۆرمیستە. جارێکی دیکەش، هەندێک ڕەخنەگر لە تورکیا، یان لە واشینگتۆن، پروپاگەندە دەکەن کە گوایا، بە کۆتاییهێنان بە ڕۆژانی خۆشبەختیی نیمچە- دیکتاتوریی کەمالیستیی، ئەوا ئەم حکومەتە “ئیسلامیە” دەمانباتە ناو “تاریکیی”. لە ڕاستیدا، تێگەیشتن لە سرووشتی سەردەمی ئەتاتورک کلیلی سەرەکیە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە تورکیا بەرەو ڕووی “تاریکیی” هەنگاو دەنێت، یاخود لێی دوور دەکەوێتەوە. ئۆنور ئوێمەن Onur Öymen
، پیاوی دووهەمی ئۆپۆزیسیۆنی سیکولاریست، پارتی کۆماریی خەڵک یان ج.هـ.پ، هەلێکی باشی پێبەخشیین کە کەمێک لەسەر ئەو پرسە سەرنج دابگرین.


دەرسیم؟ کامە دەرسیم؟
قسەی جێ بێنەوبەرەی ئوێمەن لە هەفتەی پێشوودا بوو، کاتێک کە بە توندیی دژ بە پێشهەنگاوی گەورەترکردنی مافەکانی کورد و چەککردنی پارتی کرێکارانی کوردستان ـ ـی تاوانبار، یان پ.ک.ک بوو.
بە ڕەخنە لە دروشمی “با چیتر دایکان نەگرین” ئوێمەن گوتی کە تورکیا زۆر شەڕی دژ بە دوژمنی خەتەرناک، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە، کردووە، و هەرگیز لەبەر خاتری نیگەرانی لە دڵی بە سۆز دەستی نەپاراستووە. ئوێمەن پرسی کە “ئایا لە سەرهەڵدانی دەرسیم دایکان نە دەگریان؟”. کەس ئەو دەم نەهاتە پێش و بڵێت “با چیتر دایکان نەگرین” و “دەبا ئەم خەباتەمان ڕابووەستێنین”.


پاش ئەو قسانە ناڕەزایی دژ بە ئوێمەن، تەنانەت لە لایەن هەندێک کەسانی دروستی پارتەکەی خۆیشیەوە، بە ناو وڵاتدا بڵاوبووەوە. ئەوان هەموو وەڵامیان دایەوە: “دەرسیم، هەرگیز ناکرێت پاساو بۆ دەرسیم بهێنرێتەوە”.
بەڵام ئایا ئەم دەرسیمە چییە؟
گەلێک تورک هیچ لەم ڕووداوە، هەروەکوو لە گەلێک ڕووداوی دیکەیش، ئاگادار نیین، لەبەرئەوەی ئەم کوتە بەسەرهاتە ناحەزە نەخراوەتە ناو “مێژووی ڕەسمییەوە”، کە تەنها مێژوویەکە [تورکەکان] لێی بەخەبەرن. تەنانەت هەندێک لایەنی خۆرئاواییش، وەکوو بێرنارد لویس Bernard Lewis
و ستانفۆرد شاو Stanford J. Shaw ، لە کتێبەکەنیاندا لەسەر مێژووی مۆدێرنی تورکیا یەک دانە وشەیشیان لەبارەوە نەنووسیووە. لەگەڵ ئەوەدا کە سەرکوتی زەبرئامێزانەی سەرهەڵدانی دەرسیم ساڵی ١٩٣٧ – ١٩٣٨ زۆر لەوە زیاتر تراژیدیە کە جێگای فەرامۆشیی بێت، جا ئەوەی کە ببێتە مایەی خۆشحاڵیی.
ئەمە کورتەی باسەکەیە. دەرسیم شارێکە لە خۆرهەڵاتی ئەناتۆڵیا، ناوچەیەکی عەشایەریی کوردە عەلەویەکان بوو، کە لە ڕووانگای کۆماری تورکیاوە لە ڕووی ئایینی و ئەتنیکیشەوە ناسونەتیی بوو. لە ناوەڕاستی ١٩٣٠ کاندا ڕژێمی کەمالیست دەیویست ئەم ناوچە یاخیبووانە لە ڕێگای داسەپاندنی “یاسا و نەزم” و بێگومان دانانی باجەوە لەسەریان، بهێنێتە ژێر بار. هەندێک عەشیرەت ملیان دا و هەندێک بەرەنگار بوونەوە.
ڕۆژێک لە مانگی سێی ساڵی ١٩٣٧ دا، پردێکی داری ستراتیژیک سووتێنرا و خەتی تەلەفۆن بڕدرا. حکومەت ئەمەی بە سەرەتای سەرهەڵدانێک دا نا. زۆری نەخایاند سپا هێرشیکی دڕندانەی بە مەبەستی کوشتنی یاخیبووەکان، بەڵام هەروەها کوشتنی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سڤیلیش.کردە سەر هەرێمەکە.
بەسەرهاتی بەکۆمەڵکوژیەکە بە پلەی یەکەم لە دەمی ئەوانەوە دەگێڕدرایەوە کە ڕزگاریان بووبوو، کەسی وەکوو نوری دەرسیمی، کە ١٣ ساڵ پاش ڕووداوەکە لە سووریا کتێبێکی نووسی. ئەو باسی دەکات کە کاتێک سپا دەست دەکات بە ڕوەدوونانی عەشیرەتە یاخیبووەکان، پیاوەکان جەنگان، و ژنان و منداڵانیش لە قووڵایی ئەشکەوتەکاندا خۆیان شاردەوە.
دەرسیمی نووسیویە کە “هەزاران لەم ژن و منداڵانە مردن چونکە سپا دەرووازەی ئەشکەوتەکانی بە بەرد هەڵدەچنییەوە‘. و “لە بەردەم دەرووازەی ئەشکەوتی دیکەدا سپا ئاوری دەکردەوە تا ئەوانەی لە ناوەوە بوون بخنکێن. ئەوانەی هەوڵیان دەدا لە ئەشکەوتەکە هەڵ بێن، بە کوشتار (سەرنیزە) دەکوژران”.


دەتوانین پێ دابگرین و بڵێین نوری دەرسیمی کە کوردێکی ناسیونالیست بوو، ئەمەی هەڵبەستووە، بەڵام گێڕانەوەی دیکە ئەو ڕووداوە دەسەلمێنن. مارتین ڤان برونەسەن Martin Von Bernessen
ئانتروپۆلیژێکی هۆڵەندی و پسپۆڕێکی مێژووی کورد، دەڵێت “لە هەندێک حاڵەتدا [سپا] باس لە گرتنی ژن و منداڵ دەکات، بەڵام لە شوێنی دیکە سەبارەت بە کوشتنی کوێرانەی مرۆڤ و ئاژەڵ دەخوێنینەوە”.
“بە شانازیەکی پسپۆڕیانەوە، ڕاپۆرتەکان باس ڕیز دەکەن کە چەند ‘جەردە’ و ئەندامانی خێزانیان ‘قڕ’ کراون و کە چەند کێڵگە و گوند سووتێندراون. ئەو کۆمەڵە خەڵکانەی لە ئەشکەوتەکاندا خۆیان حەشار داوە، هەموو بنبڕ کراون”.
سەرتاپا، مارتین ڤان برونەسەن، پێی وایە “نێزیکەی دە لە سەددی تەواوی دانیشتووانی تونجەلی کوژراون”.
ڕەنگە ئەتۆ بپرسیت کە تونجەلی کەوتووەتە کوێوە.
ئەرێ، تونجەلی ناوی نوێی هەرێمی دەرسیم بوو کە پاش قەڵاچووکردنەکە بەسەریدا سەپێندرا. هەروەکوو هەزاران شار و گوندی دیکەی کورد، ناوێکی دروستکراوی تورکیی بەسەردا بڕدرا.


‘پێوەندیە مێژووییەکە’
ئەمە بەسەرهاتی دڵگرانەی دەرسیمە. کەسێک دەتوانێت بڵێت کە پێویستە ئەوە لە چوارچێوەی پێوەندیە مێژوویەکەیدا ببینرێت. ئەو دەم ئەو کاتە بوو کە حکومەتگەلی دیکەیش بەرانبەر بە دانیشتووانی سڤیل فرە دڕندە بوون. هەتا تەنانەت وینستۆن چەرچلیش، سەرۆکێکی کۆلۆنیال، بە توندی “لەگەڵ ئەوەدابوو کە ژەهری کیمیایی دژ بە عەشیرەتگەلی ناشارستانیی بەکاربهێنرێت” لە ئێراق.
ئەو پێوەندیگەراییە حەتمەن مەنتیقێکی تێدایە. ئەوەی کە نییەتی ئەو ڕاستییەیە کە تورکیا لەسەر بە ئایدیال هێشتنەوەی سەردەمی ئۆتۆریتە بەردەوامە و خۆ لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کردارە خراپەکانی خۆی نادات. ئەم ڕاستیە لە پاساوەکانی ئوێمەن خۆیدا دیارە کە دەڵێت: “هەر ئەوەندەیە کە من پشتگیریی لە میتۆدەکانی ئەتاتورک دەکەم” و ئەوجا دەپرسێت “ئەدی قابیلە پشتی تێ بکەین؟”.
بەڵێ، ئێمە دەتوانین پشتی تێ بکەین و تەنانەت لە خودی ئەتاتورک خۆیشی ڕەخنە بگرین. ئەو حکومەتەی ڕێگا بەم

ڕەخنەگرتنە دەدات پێی دەگوترێت دیموکراسی لیبرالیی. و تا دێت ڕۆژ بە ڕۆژ لێی نێزیکتر دەبینەوە.
لێ گەڕێن با پراگماتیک بین!
وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: ڕێبوار ڕەشید
١٧/١١/٢٠٠٩

چەند تێبینیەک بۆ خوێنەر:
١. یازدە ڕۆژ لەمەوبەر، لە ٦ ژونیەدا، عەبدوڵا گوڵ سەرۆککۆماری تورکیا چوو بۆ سەرانی دەرسیم کە بە تورکی ناویان لێ ناوە “تونجەلی”. کوردەکانی ئەو شارە بە لافیتەی زۆر گەورە نووسیبوویان “بەخێربێن بۆ دەرسیم”. شایانی باسە ١٩ ساڵ بوو هیچ سەرۆککۆمارێکی تورک سەردانی ئەو شارەی نەکردبوو.
٢. نوری دەرسیمی ڕووناکبیرێکی نیشتیمانپەروەری کوردە و خاوەنی شاکاری مەزنە، بە داخەوە لێرەدا کات نییە باس بکرێت.
٣. بەکارهێنانی گازی کیمایی لە زەمانی چەرچلدا دژ بە ڕاپەڕین لە کوردستان بووە، نەک “ئێراق”،
٤. ڕوودانی بەکۆمەڵکوشتنی دەرسیم لە مێژوودا نوێیە و زۆر لەوانەی بە چاوی خۆیان دیتوویانە گێڕاویانەتەوە.
٥. ئوێمەن زۆر لەوە زیاتر دەڵێت کە نووسەری ئەم وتارە ئاماژەی بۆ دەکات کە من لێرەدا کاتم نییە وەریبگێڕم، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە ئوێمەن جۆرەکانی بەکۆمەڵکوژیی دژ بە کوردستان بە شەڕی پیرۆزی تورک پێناسە دەکات.