له نێوان شه‌ڕی پاڵێوراوانی سه‌رۆکكۆمارییدا
هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی مه‌حمودی ئه‌حمدینه‌ژاد مشتومڕێكی گه‌وره‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه. هه‌رایه‌كی شایان باس له نێوان له لایه‌كه‌وه لایه‌نگرانی مه‌هدی كه‌ڕووبی و میرحوسه‌ین موسه‌وی و له لایه‌كی دیكه‌وه له لایه‌ن لایه‌نگرانی مه‌حمودی ئه‌حمه‌دینه‌ژاد په‌یدا بووه. تا ئێره هه‌موو ئازادیخواز و دیموكراتخوازێكی هۆشیار تێ ده‌گات كه كێشه‌كه له نێوان باڵه جیاوازه‌کانی بازنه‌ی ده‌سته‌ڵاتی کۆماری ئیسلامییدایه كه به ته‌بیعه‌تی حاڵ هه‌ریه‌که و گه‌ره‌كیه‌تی ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی له ده‌ستدا خۆیدا بێت.؟”
ئه‌و كێشه‌یه چه‌ندیش جێگای خۆشحاڵیی بێت، له ڕاستیدا پێوه‌ندیه‌كی به ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی سیاسیی جیددیه‌وه بۆ ده‌سته‌ڵاتی ئێستای ئێران نی‌یه.
هه‌مووان ئاگادارن له ٤٢٣ كاندید ته‌نها چوار دانه پاڵێورا. هه‌موو ئه‌وانه یا ده‌رچووی حه‌وزه‌كانی قوم بون یا شاگرد و ده‌سپه‌روه‌رده‌ی خومه‌ینی و، وه‌فادار به قانوونی ئه‌ساسی ئێران و كۆماری ئسیلامیی ئێران. هه‌روه‌ها له ژیانی سیاسییاندا خاوه‌ن ده‌سته‌ڵاتی كلیلی بوون. هه‌ر هه‌موویان به‌شێوه‌یه‌ک ده‌ستیان به خوێنی گه‌لانی ئێران، به‌تایبه‌تی كوردستان، سووره.
ئه‌و چوار كه‌سه هه‌ر یه‌كه‌یان به شێوه‌یه‌ك نمایینده‌ی توێژێكی تایبه‌تی ده‌كه‌ن له ناو بازنه‌ی ده‌سته‌ڵات و هه‌روه‌ها له ناو چوارچێوه‌ی ئێرانیانی وه‌فادار به كۆماری ئیسلامیی‌دا. له‌به‌رئه‌وه هه‌ر یه‌كه‌یان به پێی هه‌ر یاسایه‌كی نووسراوه و نه‌نووسراوه مافی هه‌وڵدانیان بۆ وه‌رگرتنی ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی هه‌یه. كێشه‌كه به‌و شێوه‌یه له ناو ئه‌و بازنه‌یه‌دا ناوخۆییه و پێوه‌ندیه‌كی ئه‌وتۆی به زۆربه‌ی دانیشتوانی ئێرانیانه‌وه نی‌یه که ئه‌و حکوومه‌ته به‌هی خۆیان نازانن.
٢. بانگه‌واز کردنی مه‌حمودی ئه‌حمه‌دینه‌ژاد به سه‌رکه‌وتوو، کێشه‌ی سیاسیی ناو بازنه‌ی ده‌سته‌ڵاتدارانی کۆماریئه‌وی سه‌رنج ڕاكێشه هاتوهوریای ئه‌و لایه‌نانه‌یه كه به هۆیه‌ك خۆیان به ئۆپۆزیسیۆنی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌زانن. ئه‌و لایه‌نانه دوو به‌شن، لایه‌نێكی ده‌ره‌كیی غه‌یره ئێرانی كه ئه‌مه‌ریكا و ئورووپا هه‌ره گرینگیانن. لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌ش ئه‌و ئێرانیانه‌ی خۆیان به ئۆپۆزیسیۆنی كۆماریی ئیسلامیی ئێران ده‌زانن.
ئه‌مه‌ریكا و ئورووپا له‌مێژه كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان قبووله و گرفتی ئه‌وان هیچ پێوه‌ندیه‌كی به‌و هه‌موو كوشتار و وێرانكردنه‌وه نی‌یه كه خاوه‌نانی ئه‌و كۆماره له سی ساڵه‌ی ڕابردوویاندا كردوویانه. له ڕاستیدا دانیشتوانی ئێران، به هه‌موو شێوه‌كانیانه‌وه، مه‌ڕێكی قوربانین كه ئه‌مه‌ریكا و جیهانی ئورووپای خۆرئاوا بێ یه‌ك و دوو قوربانیی به‌رژه‌وه‌نده ئابووریه‌کانی خۆیانیان ده‌که‌ن.
هه‌ندێک له‌و ئێرانیانه‌ی خۆیان به ئۆپۆزیسیۆنی كۆماریی ئیسلامیی ئێران ده‌زانن به هه‌موو ئه‌قڵێکیانه‌وه که خۆیان لێی ڕازیین، چاوه‌ڕووانی شۆڕشی سپی و مه‌خمه‌ڵیان له‌و خۆپیشاندانانه هه‌یه. ناحاڵییبوون له سیاسه‌ت هه‌رگیز له‌وه زیاتر نابێت.
ئه‌وانه‌ی به وردیی له سیاسه‌تی ئێران ده‌ڕووانن ده‌زانن كه هه‌موو هه‌وڵ و كۆششێكی نوێنه‌رانی كۆماری ئسیلامیی ئێران، به سه‌فه‌ره‌كانیانه‌وه بۆ شاره‌كانی كوردستان، كه ته‌نها له كاتی وادا ده‌یبینین، پێش هه‌ر شتێك و به‌پله‌ی یه‌كه‌م بۆ ئه‌وه بوو كه تا ده‌کرێ زۆرتر ئێرانیه‌كان بکێشنه پێی سه‌نده‌قی ده‌ندانه‌وه. ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی كه رێژه‌ی زۆری ده‌نگده‌ران بکه‌نه پاساوی مه‌شروعیه‌ت دان به ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان.
ڕژێمێك كه له ڕاستیدا به كوده‌تایه‌كی خوێناوی له هه‌موو به‌ره‌ی چه‌پ و لیبرال و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی كوردستان پایه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی قایم کردوه، ڕژێمێك كه به ده‌یان هه‌زار له باشترین كه‌سانی هه‌ڵسووراومان و له خه‌ڵكی سڤیل و مه‌ده‌نی ناچه‌كداری ئێمه‌ی كوشتووه، به ده‌یان هه‌زار كه‌سی له زیندانه‌كان ئاخنیوه و ته‌نانه‌ت له ئه‌سپاردنه‌وه‌ی مه‌یته‌كانیشیاندا درێغیی كردووه، رژیمێک که له‌و سی ساڵه‌دا وه‌ك هه‌ر ڕژێمێكی دیكه‌ی ئێران سامانی كوردستانی به تاڵان بردووه، كوردستانی له دانیشتووان كردووه به زیندان و به ئه‌نقه‌ست له هه‌موو پێشكه‌وتنێكی وه‌دوور ڕاگرتووه و سه‌دان و بگره هه‌زاران تاوانی دیكه‌ی له‌و چه‌شنه كردووه، بێگومان به‌ئاسانی بۆ مانه‌وه‌ی خۆی هه‌موو کاتێک ئه‌نجام ده‌دات. بۆیه فێک و که‌لکی پاش هه‌ڵبژاردنیش شتێکی چاوه‌روانکراو بوو له‌م حکوومه‌ته. چوونکه كه‌ڵه‌ك و فێڵ و ساخته‌بازیی به‌شێكی گرینگه له ژیان، له تاكتیك و له ستراتیژیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته.
ئه‌و ڕژێمه سی ساڵه تۆتالیتاره، دیكتاتۆری مه‌زهه‌بییه و ڕه‌فتار فاشیسته. ئه‌و ڕژێمه له‌سه‌ر كوردستان درێژه به داگیركردنێك ده‌دات كه سه‌دان هه‌زار كوردی تیادا له ناوچووه‌و سه‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ده‌یبینین.
كۆماری ئیسلامیی ئێران نابێت هێنده زرینگ بێت كه ئازادیخوازان و دیموكراتیخوازان، به كوردستانیان و ئێرانییه‌وه، ناچار بكات له نێوان مه‌رگه‌مووش و ده‌رده‌مه‌رگدا هه‌ڵبژێرن پاشان بێت و شه‌رعیه‌تی هه‌بوون به‌خۆی بدات و كه‌یسه‌كه بكات به كه‌یسی "ئه‌م نا ئه‌و" و ئه‌وجا قوربانیی و تاوانكار بكه‌ونه وتاخێكه‌وه.
دیاره ژماره‌یه‌ک له به‌شداربووانی ئه‌و خۆپیشاندانانه ئۆپۆزیسیۆنی ڕاسته‌قینه‌ی دژ به ڕژێمن و هیچ یه‌کێک له‌و پاڵێوراوانه‌یان ناوێت و به هیوای ڕووخان یان به هه‌ر حاڵ گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی سنگیان ده‌ده‌نه به‌ر گولله. ئێمه هه‌میشه به رێزه‌وه له‌و که‌سانه و له نموونه‌کانیان ده‌ڕووانین، به‌ڵام رووناکبیران و کارگێرو هه‌ڵسوراوانی ئه‌وانه‌ی که ئه‌مڕۆ وه‌كوو لایه‌نگری موسه‌وی و كه‌ڕووبی له‌سه‌ر جاده‌كان دژایه‌تی ئه‌حمه‌دی نه‌ژادیه‌كان ده‌كه‌ن به روونی دژایه‌تی بۆچوونه‌کانی مه‌هدی که‌ڕووبیان کرد کاتێک ئه‌و هێندێک باسی “مافی قه‌ومه‌کانی ئیرانی” کرد و زوو ده‌رکه‌وت که شه‌ڕی ئه‌وان پێوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندیی ناوخۆیانه‌وه هه‌یه. به‌و شێوه‌یه نه دۆستی گه‌لانی ئێرانن، نه‌ده‌توانن دۆست بن و نه كه‌متر له ئه‌حمه‌دینه‌ژادیه‌كان ڕه‌ق ده‌بن كاتێك كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌كه‌وێته خه‌ته‌ره‌وه.
هه‌ڵوێستی ئێمه‌ی كوردستانیی هه‌روه‌ك هه‌موو كاتێكی دیكه ئه‌وه‌یه و ده‌بێت ئه‌وه بێت كه داوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتیك له‌سه‌ر خاكی ئازادكراوی كوردستان ده‌كه‌ین و بۆی تێ ده‌كۆشین. كوردستانییان له‌وه‌وه ده‌ستیان پێكردووه كه داوای چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی سوپای داگیركه‌ری ئه‌و ده‌وڵه‌ته له كوردستان ده‌كه‌ن. ئێمه داوا له دانیشتووانی کوردستان ده‌که‌ین به وریایی و هۆشیارییه‌وه هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن و خۆیان نه‌که‌ن به سووته‌مه‌نی شه‌ڕی ناوخۆی یه‌کێک له‌و پاڵێوراوانه که سه‌رئه‌نجام هه‌ر کۆماری ئیسلامیی ئێران تیایدا براوه‌یه. کوردستانیان ده‌توانن له خۆڕێکخستن، له به‌هێزکردنی ڕیزه‌کانی ناوخۆ، له زانیاری کۆکردنه‌وه و له ئامانج ڕوونیی و ستراتیژ ڕوونییدا شۆڕشگێڕ بن. زوو یان دره‌نگ پاش دامرکاندنه‌وه‌ی به‌شێک له‌و هه‌راوهوریای ده‌سته‌ڵاته که ئێستا سه‌روبنی دیار نی‌یه، باشتر تێده‌گه‌ین کام ڕێگا هه‌ڵبژێرین. گه‌لی ئێمه تا ئێستا فره قوربانیی داوه. ئێستا له‌م کاته‌دا وه‌ختی قوربانیی دان و کاری په‌له نی‌یه.
هاوكات ئێمه‌ی كوردستانیی بێگومان له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ئێرانیانه‌دا هاوخه‌بات و هاوسه‌نگه‌ر ده‌بین كه به‌كه‌متر له دیموكراسیی و ئاشتیخوازیی ڕازیی نیین و كه به ڕوونیی، به مافی بڕیاردانه‌وه بۆ دیاریكردنی چاره‌نووس، هاوپشتی خه‌باتی ئازادیخوازیی كوردستانن. کوردستانیان هه‌میشه له مێژوودا ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه و سه‌نگی مه‌حه‌کیان ناوێت.
ڕێبوار ڕه‌شید
١٥/٦/٢٠٠٩
|