٨ مارس، ڕۆژێک بۆ هاوپشتیی لەگەڵ ژنان
نیزیکەی ١٥٠ ساڵ لە خەباتی ژنان و سەد ساڵ دوای کۆنفەرانسی ژنانی سۆسیالیست لە کۆپنهاگن کە ساڵی ١٩١٠ بەسترا، پێشکەوتن و سەرکەوتنێکی شایانباس لە ژیان و لە شیوەی کاری ژناندا بۆ ژیانێکی باشتر دەبینرێت.
ژنان لە زۆر جێگای ئەم جیهانە مافی دەنگدانیان هەیە و لایەنێکی گرینگ و چالاک لە دەنگدەران پیک دەهێنن. لە بواری خوێندندا بەرچاوانە پێشکەوتوون و شوێنی خۆیان لە بواری سیستەمی خوێندن و تەندروستیی و چاوەدێریی و دام و دەستگا حکومەتیەکاندا گرتووە. ژنان هەروەها لە بواری سیاسەت و چالاکی سیاسیی و هەڵسووراوییدا شایانباسانە پێشکەوتوون و لە زۆر شوێنی جیهان بەشداریکردن و بەشداریکردنیان بووە بە پرسی گرینگ کە بڕیار لەسەر ئاییندەی زۆر لایەنی سیاسیی دەدەن.
لەگەڵ ئەو پێشکەوتنەشدا هێشتا دۆخی ژنان وا خراپە کە ناکرێت لە دونیای ئەمڕۆدا قابیلی قبوڵ بێت. لە بەشێکی جیهانی سەرمایەدارییدا کە سیستەمی بەرهەمهێنان پێشکەوتووە ژنان تا رادەیەکی باڵا و لە زۆر بواردا، بەتایبەتی لە ڕووی یاسایی و ماف و ئەرکەوە، لە هەندێک حاڵەتدا بە ئاستی پیاوان گەیشتوون. ئەگەرچی هێشتا لە مەسەلەی مووچە و سفاری خانەوادە و لێتوێژینەوەی تەندروستیی و هتاد نابەرابەری پیاوانن، بەڵام دەکرێت بە جۆرێک دڵ بەو پێشکەوتنانە خۆش بێت و بشکرێت بە بەردەبازێک بۆ پێشکەوتنی باشتر.
ئەڵبەت چارەنووسی ژنان لە زۆربەی زۆری وڵاتانی دیکەدا بە داخەوە لە ئاستێکدایە کە ناکرێت مرۆڤی پێشکەوتووخواز لێی بێدەنگ بێت. بێ لە کاری هەمیشەیی ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ و بەرپرسیارێتی هەڵگرتن بۆ تەواوی خانەوادە، لە زۆر حاڵەتی نەداریی و هەژارییدا دەبێت بە فرۆشتنی لەشیان خۆراکی مەمرەومەژی خۆیان و خانەوادەیان دابین بکەن. ئەمە لە حاڵەتێکدا بە لەشفرۆش و خۆفرۆش و سووک و بێکەسایەتیش ناوزەند دەکرێن و لە هەموو بوارێکی کۆمەڵایەتییدا دژایەتیان دەکرێت.
زۆرێک لە ژنانی ئەو وڵاتانە ناتوانن بچنە بەر خوێندن و بە هیچ خزمەتگوزارییەکی تەندروستیی و چاوەدێریی و شێوەی دیکە ناگەن و تا ئەو کاتەی جەوان و جوان بن، دەبردرێن و دەهێنرێن، و پاشان مامەڵەی ئاژەڵی پەککەوتوویان لەگەڵ دەکرێت.
لە ئێران دۆخی ژنان زیاتر لە هەر کاتێک ڕوو لە خراپییە. بەشوودانی تەمەنی نۆ ساڵیی و سیغەی سەعاتە و فرەژنیی و ژن بە ژن و شێوەکانی دیکەی سێکس بە قازانجی پیاو بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانەیان. چارەنووسیان لە دەستی مەلا و مزگەوتەکاندا دیاری دەکرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت. مەزهەب بە هەموو شێوەیەک دەست دەخاتە ژیان و وردەکاریی ژیانیانەوە، قوربانیەکانی ئەم ساڵانەی دوایی بە هەزارانن.
ئەو ژنانەی کە دەکەونە خەباتی سیاسیی و بە شێوەیەک هەڵدەسووڕێن دەکەونە بەر دەم خراپترین و دژوارترین لە شێوەکانی مامەڵە. دەولەت بە هیچ جۆرێک دەست لە شکاندن و ناوزڕاندن و ئازاردان و زیندانیکردن و کوشتنیان هەڵناگرێت.
ژنانی کوردستانی، بەتایبەتی لەبەرئەوەی چەوسانەوەی نەتەوەییان لەسەرە، مافەکانیان هەر زۆر کەمتر و باری شانیان فرە زیاتر و ئازاردانیان زۆر زیاترە. ژنانی کوردستان لە ئابووریی خراپی فەرزکراو و لە فەزایەکی بێخزمەتگوزاریی پلانبۆکراودا دەژین.
دەولەتانی داگیرکەر هەموو جۆرە شێوەیەکی سەرکوتکردن بە ئامانجی دواخستنی کاروانی پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردستان، لەوانە خەباتی ژنان، بەکاردەهێنن. دەوڵەتی ئێرانی داگیرکەر بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات ئەو فەزای وەحشەت و ترسە لە کوردستان بهیلێتەوە. ژنان و منداڵان لەو فەزایەدا یەکەمین و گەورەترین قوربانیین.
هەر لەبەر ئەو چەوساندنە نەتەوەیی و چینایەتیی و جنسییەیە کە ژنانی کوردستان سەربەرز و پشت بەخۆئەستوور بە بەردەوامیی لە خەباتی سەخت و بێووچاندا بوون و هەن. ژنان هەروەکو پیاوان پێشمەرگایەتیکردن و گەریلابوون و زیندانیبوون و جۆرەکانی دیکەی هەڵسووڕاوی سیاسییان کردووە و دەیکەن. لەبەرئەوە پیاوی کورد هەروا بە هاسانیی ناتوانێت نکۆڵی لە مافی بەرابەر و یەکسانیان بکات.
ژنانی کوردستان بە ئارەقی نێوچەوان و بە خوێنی خۆیان ئەو مێژووەیان تۆمار کردووە.
لە بیرەوەریی ٨ مارسدا ئێمە وێڕای پیرۆزبایی هەموو جۆرە سەرکەوتنەکان لە ژنانی جیهان و لەوانە لە ژنانی کوردستان دەکەین، هاوکات پشتگیریی و هاوپشتیی توند و پرینسیپیی خۆمان بۆ جۆرەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و بەرابەریخوازانەی ژنان دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.
هاوکات ڕوونی دەکەینەوە کە خەباتی ئەوان بەشێکە لە خەباتی پیاوانی ئاشتیخواز و بەرابەریخواز و هەموو پیاوێکی خوازیار بە ئاشتیی و ئازادیی و بەرابەریی خۆی لە خەباتی بێووچانی ئەواندا دەبینێتەوە.
پیرۆز بێت ڕۆژی ٨ مارس، ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان- رەوتی یەکگرتنەوە
پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان (رۆژهەڵات)
٦/٣/٢٠١٠

|