سه‌باره‌ت به دیالۆگی ناوخۆیی
“هه‌ڵوێست و پێگه‌ی کورد له پرۆسه سیاسییه‌کانی ئێستای ئێران و گوتاری سیاسیی هاوبه‌ش و دیالۆگی نێوخۆیی”
پێشه‌کی:
خۆشحاڵین و ئاماده‌ین وه‌ڵامی داوه‌تنامه‌ی دۆستانی “کۆمیته‌ی ئاماده‌کار و به‌رێوه‌به‌ری کۆنفه‌رانس” سه‌باره‌ت به گرتنی کۆنفه‌رانسێک به ئه‌رێنی و به‌ڵێ وه‌ڵام بده‌ینه‌وه. ئه‌و دۆستانه خۆیان ماندوو کردوه کۆنفرانسێک به ناوی “هه‌ڵوێست و پێگه‌ی کورد له پرۆسه سیاسییه‌کانی ئێستای ئێران و گوتاری سیاسی هاوبه‌ش و دیالۆگی نێوخۆیی” ئاماده بکه‌ن. ئاماده‌کارانی کۆنفه‌رانس هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌نگاوێک ڕووه‌و به‌هێزکردنی دیالۆگ له نێوان لایه‌نه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بنێن و پێکه‌وه گوتارێکی سیاسیی هاوبه‌ش په‌یدا بکه‌ین. ئێمه ئه‌و هه‌نگاوه به کارێکی باش و پێویست داده‌نێین. له‌به‌رئه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وێڕای ده‌ستخۆشیی و هیوای سه‌رکه‌وتن، ئاماده‌یی خۆمان بۆ به‌شدارییکردن ده‌رده‌بڕین.
هه‌ر لێره‌وه هه‌روه‌ها ئاماده‌یی خۆمان بۆ به‌شداریکردنی چالاکانه له هه‌موو ئه‌و بوارانه‌دا ده‌رده‌بڕین که ته‌نانه‌ت به بچووکترین شێوه خه‌باتی ئازادیخوازیی له کوردستان به گشتیی و له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به تایبه‌تیی پێش ده‌خات، و که کۆنکرێت سوودێک به بزووتنه‌وه‌ی دیموکراسیی، له به‌رژه‌وه‌ندیی دانیشتووانی ئێران‌دا، ده‌گه‌یه‌نێت.
سێ خاڵی “کۆمیته‌ی ئاماده‌کار و به‌رێوه‌به‌ری کۆنفه‌رانس
یەکەم، گرینگی دارشتنی بنه‌ما و چوارچێوه‌کانی گوتاریکی سیاسی هاوبه‌ش بۆ گه‌لی کورد له هه‌ل و مه‌رجی ئێستای ئێران دا له پێناو پێناسه کردنی مافی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌م گه‌له و هه‌روه‌ها ده‌ست نیشان کردنی ئاسۆیه‌کی چاره‌سه‌ری.
دووهەم، ێناسه کردنی ره‌وشی سیاسی ئێستایی و داهاتووی ئێران له ڕۆانگه‌ی کورده‌وه و هه‌روه‌ها ده‌ست نیشان کردنی ئاسۆی گۆران له‌م وڵاته دا، به تایبه‌ت له رێگای راوه‌سته‌کردن له سه‌ر ئه‌م بار و دۆخه تایبه‌تییه‌ی که به دوای هه‌لبژاردنه‌کانی خولی ده‌یه‌مینی سه‌رۆککۆماری له‌م وڵاته دا هاتۆته ئاراوه. بۆچی پێویسته کورد له‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییانه‌ی ئیساتی ئێران دا به‌شداری بکات یان نه‌کات؟
سێهەم، پێناسه‌کردنی زه‌مینه‌کانی دیالۆگی نێوخۆیی و زه‌رووره‌ت و ئامانجه‌کانی. گه‌لۆ دیالۆگی نێوخۆیی کورد له چ ئاستێک دایه و بۆ ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت و زه‌مینه‌ی له‌بارتر له پێناو به‌هیزکردنی دیالۆگی نێوخۆیی چی بکرێت؟ [وه‌کوو خۆی نووسراوه‌ته‌وه].
تێڕووانینی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و سێ خاڵه‌ی “کۆمیته‌ی ئاماده‌کار و به‌رێوه‌به‌ری کۆنفه‌رانس”
ئێمه خاڵی یه‌ک و سێی ئه‌و بانگه‌وازه به شێوه‌یه‌ک وه‌ک ته‌واوکه‌ری یه‌ک ده‌بینین و هاوکات پێمان وایه له مێژه له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه قسه کراوه و ده‌کرێت.
به ڕای ئێمه گرینگه بنه‌ما و چوارچێوه‌گه‌لێک بۆ گوتارێکی هاوبه‌ش هه‌بن. ئه‌و گرینگیه هه‌میشه پێویست بووه و هاوکات جێی خاڵی بووه، نه‌ک هه‌ر ئێستا که پێوه‌ست به “هه‌لومه‌رجی ئێستای ئێران” بێت. به ڕای ئێمه زه‌مینه بۆ دیالۆگی ناوخۆیی هه‌ن. به‌ڵام ئامانجه‌کانی پشت دیالۆگی ناوخۆیی و گوتاری هاوبه‌ش ده‌توانن خاڵگه‌لی ته‌واو جیاواز بن به پێی ئه‌وه‌ی کێ چ ده‌ڵێت و کێ چی ده‌وێت.
سه‌باره‌ت به خاڵی دوو: پێناسه‌کردنی ره‌وشی سیاسی ئێستایی و داهاتووی ئێران له ڕووانگه‌ی کورده‌وه
به‌شێکی خاڵی دوو ده‌ڵێت “به تایبه‌ت له رێگای راوه‌سته‌کردن له سه‌ر ئه‌م بار و دۆخه تایبه‌تییه‌ی که به دوای هه‌لبژاردنه‌کانی خولی ده‌یه‌مینی سه‌رۆککۆماری له‌م وڵاته دا هاتۆته ئاراوه. بۆچی پێویسته کورد له‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییانه‌ی ئیساتی ئێران دا به‌شداری بکات یان نه‌کات؟”.
ئێمه، وه‌کوو پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان، ناوی “بزووتنه‌وه” به‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوانه‌ی ئێستای ئێران‌دا دانابڕین، چونکه نه له‌سه‌ر ئاستی ئێران به “بزووتنه‌وه” ـی داده‌نێین و نه له‌سه‌ر ئاستی شیعه‌مه‌زهه‌بیی و نه له‌سه‌ر ئاستی فارس بوونیش وه‌کوو نه‌ته‌وه‌ی حاکم.
ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یبینین ناڕه‌زاییه‌کی ڕێکخراوی به‌شێکی ده‌سته‌ڵاته له ناو بازنه‌ی حاکمی ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئه‌و ناڕه‌زاییه خاوه‌نی دروشمی “ناعه‌داله‌تی له‌هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماری ئێراندایه” و به هیچ شێوه‌یه‌ک خودی ده‌سته‌ڵات و ئه‌و کار و کرده‌وانه‌ی ئه‌و بازنه‌یه ناخاته‌ژێرپرسیار و دژایه‌تیه‌کی له‌ته‌کدا نییه.
ئه‌و ناڕه‌زاییه ڕه‌نگی سه‌وزی کردووه به هێمای ده‌رخستنی خۆی و ده‌کرێت پێ دابگرین که ناڕه‌زاییه‌کی پان-سه‌وزه، واته ده‌توانێت به پله‌ی یه‌ک هه‌موو ئه‌و که‌سانه له خۆ بگرێت که به شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی مه‌حمودی ئه‌حمه‌دینه‌ژاد دا نیین، یاخود به‌گشتیی دژایه‌تی باڵی محافه‌زه‌کاری ئه‌و ده‌سته‌ڵاته ده‌که‌ن، به‌ڵام هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ش که ڕه‌نگه/ده‌توانن دژ به خودی کۆماری ئیسلامیی ئێران بن.
له‌وه زیاتر ئێمه هیچ ورده‌کارییه‌کی دیکه‌مان له داوای سیاسیی نه‌بینیووه که پێوه‌ندی به ناشه‌رعیه‌تی ئه‌و ڕژێمه‌وه هه‌بێت، که پێوه‌ندی به ده‌ستدرێژیی زۆر جیددی سیاسیی و ئابووریی و کومه‌ڵایه‌تیی ئه‌و ڕژێمه‌وه هه‌بێت، که پێوه‌ندی به هه‌ڵسوکه‌وت و مامه‌ڵه‌ی ئه‌و ڕژێمه‌وه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌گه‌لی دیکه‌ی ئێران‌دا، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌بێت و هه‌روه‌ها که پێوه‌ندی به نفوز و مۆنۆپۆڵی شیعه‌گه‌رییه‌وه دژ به جۆره‌کانی دیکه‌ی ئایینزا و ئایینه‌کانی دیکه‌وه هه‌بێت.
ئه‌وه‌ی لێره‌وله‌وێ به “بزووتنه‌وه” ناو ده‌برێت، خۆپیشاندانی جۆرێک له ناڕه‌زاییه که له ئاستیی جییدیدا تا ئێستا له تاران و قوم تێنه‌په‌ڕییوه.
ناڕه‌زاییه‌کی پان-سه‌وز
ئێمه نکۆڵی لێ ناکه‌ین که له ناو ئه‌و ناڕه‌زاییه پان-سه‌وزه‌دا که‌سانی [هاووڵاتی] تێدایه که له ناو خودی بازنه‌ی ده‌سته‌ڵاتدا نین و ژماره‌یان ده‌شێت به هه‌زاران بن، به‌ڵام ئێمه نازانین بیری سیاسیان له بنه‌ڕه‌تدا چۆنه و ڕه‌هه‌ندی سیاسیان تا چه‌نده، ئه‌وانه کێن، چیان ده‌وێت (هه‌ندێکیان شایه‌د خودی حکومه‌تی ئیسلامیی به ناشه‌رعیی بزانن) و چۆن له کێشه جیاوازه‌کانی ئێران ده‌ڕووانن. به کورتیه‌که‌ی ئه‌وانه خاوه‌نی ڕووخساری دیار و ڕوونی سیاسیی نیین و خاوه‌ن پرۆگرامی سیاسیی کۆنکرێت نیین.
له باشترین حاڵه‌تدا ئه‌و “هاووڵاتیانه” که‌سانێکن خوازیاری جۆرێک له گۆڕانکاریین (به ڕووخان یان نه‌ڕووخانی حکومه‌تی ئیسلامییه‌وه) و که پێێان وایه ده‌توانن به شێوه‌یه‌ک ڕه‌نگ و ڕووخساری ئه‌و ناڕه‌زاییه بگۆڕن. ئه‌وه به پێیی کۆمه‌ڵگابینی و جیهانبینی ئێمه خواستێکی پۆزه‌تیڤه، به‌ڵام ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتنی وا نزمه که ئێمه نامانه‌وێت گره‌وی له‌سه‌ر بکه‌ین و دانیشتووانی کوردستانی تێوه وه‌رده‌ین.
له خراپترین حاڵه‌تدا ئه‌و ناڕه‌زاییانه چڵکهه‌ڵگری هه‌بوونی لایه‌نی سیاسیی گومانلێکراون که ده‌یانه‌وێت به هه‌ر نرخێک بێت، بۆ نموونه له‌سه‌ر خوێنی هه‌زاران بێ‌تاوان، دروشمی خۆیان ببه‌نه پێش. ئه‌و لایه‌نانه ده‌توانن موجاهیدنی خه‌لق، سه‌ڵته‌نه‌ت ته‌ڵه‌ب و چه‌پی سوننه‌تی سه‌رانسه‌ری و شێوه‌کانی دیکه‌ی ئێرانچیه‌تیگه‌ریی بن که ناتوانن ئه‌ڵته‌رناتیڤی سه‌لامه‌تتر و به‌سوودتر بن بۆ ئێران وه‌ک له‌وه‌ی که ئێستا له‌سه‌ر حوکمه.
ئه‌و لایه‌نانه ده‌توانن تێدا بن و حه‌تمه‌ن به شێوه‌یه‌ک تێیدان و ئه‌جێندای شاراوه‌یان هه‌یه. ئێمه نازانین نه‌خش و پلانی ئه‌وانه له چ ئاستێکدایه، به‌ڵام ده‌زانین که به‌رنامه‌ی سیاسیی ئه‌وان که دێته سه‌ر مافی نه‌ته‌وه‌گه‌لی دیکه‌ی ئێران، به تایبه‌ت کورد، بۆ ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی شتێک نییه که ئێمه له‌گه‌ڵیدا بین، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت له‌و فۆرم و شێوه‌یه‌ی ئێستایاندا به ته‌واوی دژایه‌تیشیان ده‌که‌ین.
به کورتیه‌که‌ی، ئێمه ده‌زانین که ئه‌و لایه‌نانه له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ئانارشیزمی سیاسییدان و له بنه‌ڕه‌تدا ئۆپۆرتۆنیستن، واته گوێ ناده‌نه ڕژانی خوێنی هاووڵاتیان و خواستی ملوێنی خه‌ڵک، چونکه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به هه‌ر نرخێک بێت پێش هه‌ر شتێک خودی ڕژێم بڕمێت و بگۆڕدرێت. ئه‌وه ئامانجی هه‌ره سه‌ره‌کیی ئه‌وانه.
پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان نه هه‌ر دژایه‌تیه‌کی له‌گه‌ڵ ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا نییه، به‌ڵکو داخوازیه‌کی وا به به‌شێک له مافی خه‌ڵکی ئێران ده‌زانێت و خۆمان له به‌شداریکردنێک وه‌دوورناگرین که بزانین خزمه‌تێک به به‌رژه‌وه‌ندیی بزووتنه‌وه‌ی دیموکراسیی و مافپه‌روه‌ریی له ئێران ده‌کات، به‌ڵام هاوکات پێمان وا نییه که ڕووخان و سه‌رنگوومیی ڕژێم له هه‌لومه‌رجی ئاوادا، و هه‌روه‌هاش کاتێک که کورد ناڕێکخراوه، که ماڵی کورد ناته‌بایه، که هاوقسه و هاوبه‌رنامه نیین و له زۆر شتی دیکه‌دا که‌م دێنین، حه‌تمه‌ن ده‌توانێت که‌ڵک به بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌مان بگه‌یه‌نێت.
له‌به‌رئه‌وه‌یه هه‌ر له سه‌ره‌تای خه‌باتماندا باس له چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی سپای ئه‌و ده‌وڵه‌ته له کوردستان ده‌که‌ین، نه‌ک ڕووخاندنی ڕژێمه‌که‌ی.
له ده‌ستپێکردنی ئه‌م ناڕه‌زاییانه‌وه له نه‌بوونی دروشم و پرۆگرامی سیاسیی ڕوون و ئاشکرا که له قازانجی گشتیی گه‌لانی ئێران‌دا بێت نیگه‌ران بووین. له‌به‌رئه‌وه بڕیارماندا داوا له خه‌ڵکی کوردستان بکه‌ین خۆیان له پرۆسه‌یه‌که‌وه نه‌گلێنن که نه سه‌ری دیاره نه بن، که ناتوانن به‌شی خۆیان کۆنترۆڵی به‌شداربوونه‌که له ده‌ستی خۆیاندا به که‌ڵکی خۆیان بهێڵنه‌وه.
له‌وه‌به‌ر له ڕاگه‌یاندنی خۆماندا ڕوونمان کردووه‌ته‌وه که خه‌باتی دیموکراسیخوازان و ئازادیخوازانی ئێران به هه‌ند ده‌گرین، به‌ڵام له‌و چوارچێوه‌یه‌دا کار ده‌که‌ین که کاتێک دێته سه‌ر کوردستان به ڕوونیی بزانین کێ له کوێدا وێستاوه. له‌به‌رئه‌وه ڕوو ده‌که‌ینه ئۆپۆزیسیۆن به خه‌تی پان-سه‌وز و شێوه‌کانی دیکه‌یه‌وه خۆ ڕوون بکه‌نه‌وه که سه‌باره‌ت به مافی نه‌ته‌وه‌یی کورد چۆن بیر ده‌که‌نه‌وه و کامه پێشنیاریان هه‌یه کۆنکرێت بیخه‌نه به‌رده‌ستی جه‌ماوه‌ری کوردستان و ئێران.
پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان هیچ کاتێک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نابێت و دژایه‌تیشی ده‌کات که به زۆر و له ژێر فشاری سیاسیی‌دا ئانارشیزمی سیاسیی به‌سه‌ر دانیشتووانی کوردستاندا بسه‌پێنرێت، چونکه ده‌زانین کاری وا له باشترین حاڵه‌تدا که‌ڵکی شه‌خسیی بۆ هه‌ندێک که‌س و لایه‌ن تێدایه و له خراپترینیشیدا ده‌توانێت زیانی گه‌وره‌ی ماڵیی و گیانیی، بێ هیچ ده‌ستکه‌وتێک، به خه‌ڵکی کوردستان بگه‌یه‌نێت.
له‌به‌رئه‌وه ئێمه له‌گه‌ڵ ڕێکخستن و به‌هێزکردنی خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی کوردستانداین له‌سه‌ر ئاستی کوردستانیبوون و به پێی پرینسیپی کوردستانیبوون و له ناو خودی کوردستاندا. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر کاتێک هه‌لومه‌رج له ئێران‌دا له‌بار بوو پێگه‌ی کورد دیار و قایم و سه‌قامگیر بێت و هاوکات خۆناس و باوه‌ڕبه‌خۆ و ئامانج دیار بێت.
گوتاری هاوبه‌ش: خه‌ون و خه‌یاڵ یان داوایه‌کی ڕاسته‌قینه؟
پێناسه‌ی ئێمه بۆ ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه که ئێران له چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی جیاواز پێک هاتووه. ناسنامه‌ی “ئێران” به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستای ناتوانێت په‌سنی ئه‌و دۆخه ڕاسته‌قینه‌یه‌ی ئێران بکات که تیایدایه. له ئێران‌دا نه‌ته‌وه‌ی فارس، به هۆی جیاواز، توانیوویه‌تی له مێژوودا سه‌رده‌ست بێت و نه‌ته‌وه‌ی دیکه‌ی وه‌کوو کورد، عه‌ره‌ب، ئازه‌ری، به‌لوج، تورکمه‌ن و هی دیکه بخاته ژێر ده‌ستی خۆی و له شێوه‌ی داگیرکردندا بیانهێڵێته‌وه.
له‌به‌رئه‌وه ئێمه ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای ئێران به دۆخێکی ناسرووشتیی له سه‌ربه‌رزیی و ئازادیی گه‌لان و سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌ییان ده‌بینین.
نه‌ته‌وه‌ی کوردی بنده‌ست و داگیرکراو له ئێران دووچاری جۆرێک له مامه‌ڵه هاتووه که له زۆر حاڵه‌تدا فره خراپتر له دۆخی کۆلۆنیکراوی کلاسیکه. بۆ نموونه وه‌کوو قه‌ده‌خه‌کردنی زمان، (نه هه‌ر به‌ته‌نیا سه‌پاندنی زمانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست به سه‌ریدا)، قه‌ده‌خه‌کردنی جلوبه‌رگ، کولتور و فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵایه‌تیی، سه‌رکوتی دانیشتووان و زه‌وتکردنی ئازادیی به‌یان و بڵاوکردنه‌وه و خۆڕێکخستن و هتاد. هه‌روه‌ها ڕێگرتن له هه‌موو کاروبارێکی مه‌ده‌نیی و سیاسیی که زۆرێک له‌و کارانه بووه به مایه‌ی لێپرسینه‌وه و گرتن و زیندانیکردن و ته‌نانه‌ت کوشتنیش. دانیشتووانی کوردستان له فه‌زایه‌کی ترسناک و دڵه‌ڕاوکێی به‌رده‌وامدا ژیانی ڕۆژانه‌یان ده‌به‌نه سه‌ر. ئه‌و فه‌زایه‌ی حکومه‌ته‌کانی ئێران له کوردستان سازیان کردووه هه‌میشه فه‌زایه‌کی میلیتاریزه و توندوتیژ و زه‌برئامێز بووه.
له مێژووی ئه‌و سه‌رده‌ستییه‌دا داگیرکردنه‌که به سپایه‌کی به‌هێز و مه‌شقکراو و وابه‌سته به ناوه‌نده‌وه هێڵراوه‌ته‌وه. سه‌رئه‌نجامه‌که‌ی نه‌زمێک بووه له ترساندن و تۆقاندن، له ڕاوه‌دوونان و خه‌فه‌کردن، له گرتن و زیندانیکردن و کوشتار. هه‌ندێک جار به هه‌زاران که‌سی بێ‌تاوان و دوور له بازنه‌ی سیاسیی بوون به قوربانیی.
حکومه‌تگه‌لی جیاوازی ئێران، هه‌ر بۆ نموونه ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی، به هه‌زاران که‌سیان کوشتووه و ماڵوێرانیی گه‌وره‌یان جێهێشتووه. له‌و هێرشانه‌دا ئه‌شکه‌نجه، ته‌جاوه‌ز، نه‌سپاردنه‌وه‌ی ته‌رم و ڕه‌شناوکردنی که‌سوکاری قوربانیان لایه‌نی به‌رچاو بوون. جگه له هێزی سپای گشتیی، هه‌روه‌ها ئیتلاعات، پاسدار، جاش و به‌کرێگیراو کۆمه‌کی ده‌وڵه‌ت بۆ به‌رده‌وامبوونی داگیرکردنه‌که ده‌که‌ن.
هاوار و بانگی کوردستانیان بۆ جۆرێک له گفتوگۆ و دیالۆگ، بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌که به ڕێگای سیاسیی و ئاشتیی، یه‌ک جاریش وه‌ڵامی ئه‌رێنیی نه‌دراوه‌ته‌وه.
له‌و پرۆسه به‌ئازاره‌دا کوردستان زۆرترین و گرانترین قوربانیی داوه. به‌شداریی کورد له پرۆسه‌ی ئازادیی ئێران و ئێرانیه‌کان به سه‌عات له هه‌موو ڕۆژانێکی خه‌باتدا دیاره،
هیچ که‌سێک ناتوانێت ئه‌و خه‌باته بخاته ژێرپرسیار یان له به‌رزیی و پیرۆزیی که‌م بکاته‌وه.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و خه‌باته‌شدا تا ئێستا خاوه‌نی گوتارێکی هاوبه‌ش نین که بتوانین له به‌ره‌یه‌کدا نوێنه‌رایه‌تی دانیشتووانی بنده‌ست له کوردستان بکه‌ین. ئێمه، وه‌کوو پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان، هه‌بوونی گوتارێکی هاوبه‌ش به گرینگ داده‌نێین به‌ڵام له‌وه‌ش گرینگتر ئه‌و پرسیاره‌یه که ئایا ئێمه گوتاری هاوبه‌شمان بۆ چییه؟ ئێمه پێمان وایه هه‌بوونی گوتاری هاوبه‌ش ده‌بێت بۆ خه‌مڵاندنی هاوپه‌یمانیی یان به‌ره‌یه‌ک بێت که فه‌نکسیۆنی دیار و به‌رچاوی هه‌بێت. پێشنیاری ئێمه بۆ وه‌ها گوتارێک/ به‌ره‌یه‌ک کۆنکرێته و پێمان وایه هه‌م له ڕووی تیئۆرییه‌وه ئیمکانی هه‌یه و هه‌م له پراکتیکیشدا ده‌توانرێت بخرێته کار.
بۆ ئه‌وه‌ی گوتاری هاوبه‌ش/ هاوپه‌یمانیه‌ک/ به‌ره‌یه‌ک هه‌بێت پێویست به‌وه‌یه که هه‌م خه‌تی ستراتیژیی ڕوون و ئاشکراو کۆنکرێت بێت و هه‌م ئه‌خلاقێکی سیاسیی ئایدیۆلۆژیی زه‌مانه‌تی پابه‌ندبوون به‌و کاره بکات. ئه‌وجا له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه متمانه‌ی دوولایه‌نه و به‌رابه‌ر له نێوان لایه‌نه‌کاندا دروست ببێت. هاوکات پێمانوایه ده‌بێت میکانیزمی کۆنکرێتیش بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌دووکه‌وتن و به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی کاره‌کان هه‌بێت.
ئێمه ئه‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه به کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کیی گوتارێکی هاوبه‌ش (هاوپه‌یمانیی/ به‌ره‌یه‌ک) ده‌بینین. خاڵی یه‌ک داوای سیاسیی ئێمه‌یه، به‌ڵام به مه‌رجی هه‌بوون بۆ گوتارێکی هاوبه‌ش دانانێین، چونکه نه‌بوونی به کۆسپ نازانین. خاڵی ٢ (دوو) بۆ ٥ (پێنچ) به گرینگ‌ترین پرینسیپ بۆ هه‌بوونی گوتاری هاوبه‌ش داده‌نێین، و هاوکات که خاڵی ٦ (شه‌ش) بۆ ٨ (هه‌شت) به خاڵی پێویست ده‌زانین بۆ هه‌بوونی ساختاری دیموکراسی بۆ گوتاری هاوبه‌ش. هه‌روه‌ها پێمان وایه که خاڵی ٩ (نۆ) بۆ ١٢ (دووازده) پێکهاته‌ی گرینگ و پێویستن بۆ هه‌بوونی حکومه‌تی مه‌ده‌نیی و دیموکراتیک، که کاری بۆ ده‌که‌ین و ده‌مانه‌وێت لایه‌نانی دیکه‌ش تێیدا به‌شدار بن:
١. مافی دانیشتووانی کوردستان بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی.
٢. مافی دانیشتووانی کوردستان بۆ ڕاپرسیی گشتیی سه‌باره‌ت به مافی بڕیاری چاره‌نووس له هه‌ڵبژاردنی ئازاد و دوور له فشار، و به چاودێریی چاودێرانی نیونه‌ته‌وه‌یی.
٣. دامه‌زراندنی حکومه‌تێکی دیموکراتیک له کوردستان به پێی پرینسیپی خاڵی دوو، و ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردنی ئازاد و کۆڵه‌که‌کانی دیموکراسیی. (پرنسیپی یه‌ک مرۆڤ یه‌ک ده‌نگ و ئازادی تاکه‌که‌س بۆ هه‌ڵبژاردن وجۆره‌کانی دیکه‌ی ئازادیی).
٤. پاراستنی پلورالیزمی سیاسیی، یه‌کتر قبوڵکردن و ڕێزگرتن له بیروباوه‌ڕی جودای سیاسیی، کۆمه‌ڵایه‌تیی، ئایینی و شێوه‌ی دی. دووریگرتن له سه‌پاندنی بیر و میتۆد به‌سه‌ر یه‌کتردا.
٥. به توندی شه‌رمه‌زارکردن و مه‌حکومکردنی هه‌موو توندوتیژیه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئێران دژ به دانیشتووانی کوردستان. کردنی کاری کۆنکرێت له‌سه‌ر ئاستی کوردستان و جیهان له پێناو گه‌یاندنی خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی کوردستان به مه‌به‌ستی خۆی.
٦. هه‌بوونی ئارمێک که ڕه‌نگی هه‌موو پێکهاته‌کان به بێ جیاوازیی بداته‌وه. (له‌و ئارمه‌دا نابێت سیمبولی وا هه‌بێت که خه‌سڵه‌ت و پرینسیپه‌دیموکراتیکه‌کانی بخاته ژێرپرسیار یان ببێته هۆی ئه‌وه‌ی ناڕۆشن به‌یانیان بکات).
٧. پێڕه‌وکردن له پرینسیپی دیموکراسیی بۆ کۆبوونه‌وه و نووسینی پرۆتۆکۆل و هه‌ڵگرتن و پاراستنیان.
٨. پێڕه‌وکردنی پرینسیپی هاومافیی و هاوئه‌رکیی و هاوبه‌رپرسیاریی. (ئه‌ڵبه‌ت سه‌باره‌ت به لۆجێستیک و دابه‌شبوونی پێداویستیی وه‌کوو جلوبه‌رگ و ده‌رمان و خۆراک و شتی دیکه ده‌بێت به پێی ژماره‌ی ئه‌ندام بێت).
٩. تا ده‌کرێت خۆ وه‌دوورگرتن له شێوازی زه‌برئامێز و توندوتیژیی له هه‌موو ئاستێک‌دا، هاوکات بره‌ودان به خه‌باتی ئاشتیانه و سیاسیی. پێویست به هه‌بوونی نوێنه‌رایه‌تی تایبه‌تی بۆ دۆخی پێڕه‌وکردنی خه‌باتی زه‌برئامێز.
١٠. پاراستنی مافی مرۆڤ به پێی باوه‌ڕنامه‌ی جاڕی جیهانیی بۆ مافی مرۆڤ، پاراستنی مافی که‌مئه‌ندامان و کارکردن بۆ به‌رابه‌ریی. خۆپاراستن له بیری ته‌سکی حیزبایه‌تیی.
١١. هه‌وڵدان بۆ به‌شداریکردنی هه‌رچی زیاتره له که‌سایه‌تیی و له ڕێکخراوه‌ی جیاواز تیایدا.
١٢. هه‌بوونی یه‌ک نوێنه‌رایه‌تی ڕه‌سمیی و جۆری دیکه‌ی کار دابه‌شکردن که به پێی پرینسیپی هه‌ڵبژاردن و ساختاری دیموکراتیک ئاماده کرابن.
ئێمه ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه که خاڵی دوو (٢) تا پێنج (٥) قبوڵ ده‌که‌ن بکه‌وینه ناو هاوکاریی و هاوپه‌یمانییه‌وه/ به‌ره‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا ده‌توانین هاوکاریی و هاوپه‌یمانیی وردتر و نێزیکترمان هه‌بێت که وه‌کوو ئێمه خاڵه‌کانی دیکه‌یان به‌لاوه گرینگه و که ده‌یانه‌وێت ناوه‌ڕۆکێکی دیموکراسیی و ئاشتیخوازانه و پێشکه‌وتووخوازانه به بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازیی کوردستان بده‌ن.
ئایا “کۆمیته‌ی ئاماده‌کار و به‌رێوه‌به‌ری کۆنفه‌رانس” خۆی له کوێدا وێستاوه؟
گوتاری هاوبه‌ش/ هاوپه‌یمانیی/ به‌ره له نێوان ئه‌وانه‌دا ساز ده‌بێت که ده‌توانن و ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر خاڵگه‌لی ئێستایی و ستراتیژیی کۆببنه‌وه. ئه‌وانه‌ی نایانه‌وێت کۆنکرێت به‌یانی بکه‌ن چی‌یان ده‌وێت و له‌سه‌ر پرسی کوردستان چۆن بیر ده‌که‌نه‌وه، و نایانه‌وێت ئامانج و ستراتیژیی خۆیان به ڕوونیی بخه‌نه به‌رده‌ست، یان ئاماده نیین هه‌بوونی لایه‌نانی دیکه بسه‌لمێنن و خۆیان به ته‌نها لایه‌نی هه‌بوو داده‌نێن یاخود له‌گه‌ڵ پرینسیپگه‌لی دیموکراسیدا بۆ کار و به‌رنامه نیین، بێگومان ناتوانن و نایانه‌وێت به‌شێک له گوتاری هاوبه‌ش یان به‌ره‌یه‌ک بن.
له‌و ڕووانگه‌یه‌وه جێی خۆیه‌تی پرسیار له “کۆمیته‌ی ئاماده‌کار و به‌رێوه‌به‌ری کۆنفه‌رانس” بکه‌ین که خۆی له کوێدا وێستاوه؟ ئایا خۆی ده‌توانێت له‌گه‌ڵ خاڵی ٢ تا ٥ له پێشنیاری ئێمه بۆ گوتاری هاوبه‌ش بێت؟ ئایا ده‌توانێت به ڕوونیی پرینسیپگه‌لی خۆی بۆ گوتاری هاوبه‌ش دیاری بکات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت بتوانن له‌سه‌ر ئه‌و بناخه‌یه درێژه به کاری ڕووه‌و گوتاری هاوبه‌ش بنێن؟ ئایا ئه‌و دۆستانه باوه‌ڕیان پێیه که کار له شوێنێکه‌وه ده‌بێت ده‌ست پێبکرێت و که ناکرێت هه‌میشه چاوه‌ڕووانی لایه‌ن یان لایه‌نانێک بکرێت که تاکڕه‌ویی هه‌ڵده‌بژێرن؟
پارتی سۆسیالدیموكراتی كوردستان (ڕۆژهه‌ڵات)
٠١/١١/٢٠٠٩

|